مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی کرد و وتەبێژ ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا دەکات

10:28 - 2023-10-10
کوردستان
683 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 10ی تشرینی یەکەمی 2023 بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە دەباشان بەڕێوەچوو.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێكی گرنگ بوو، یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بوو دوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی، گرنگییەكەی لەوەدابوو كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 10/10 سەردانی ژمارەیەك لەو هاوڕێ و هەڤاڵانەمان كرد كە لەبەر هەر هۆیەك بووبێت نەیانتوانیوە بەشداری پێنجەمین كۆنگرە بكەن، سەردانەكانیش بۆ لای هەڤاڵان راسپاردەیەكی گرنگی كۆنگرەیە و بەردەوامیش دەبین٫ تەواوی ئەو هەڤاڵانە بەسەردەكەینەوە كە پێمانوایە پێویستە لە بارودۆخ و ژیانیان ئاگاداربین. وتیشی: لە سەردانەكانماندا بۆ لای هەڤاڵان عومەر فەتاح، سامان گەرمیانی و شۆڕش ئیسماعیل،  بەرچاوڕوونیمان دایە هەڤاڵان لەبارەی ئیشوكارەكانی ئەم قۆناغەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، كە ئەو هەڤاڵانە؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكە لە ژیانیان چ لە شاخ چ لە شار و لە خەباتی نهێنیشیاندا.

سەبارەت بە قۆناغی داهاتووش، وتەبێژی یەكێتی، رایگەیاند: ئاشكرایە كە دوو هەڵبژاردنی گەورەمان لەپێشە، ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، بۆیە یەكێتیی ناو یەكێتی و كۆكردنەوەی هەموو تواناكان زۆر پێویستە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لەبارەی ناوەڕۆكی یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە دوای پێنجەمین كۆنگرەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتی: لە كۆبوونەوەكەدا باسی زۆر شتی گرنگ كرا، لە گرنگترینیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چۆنێتی ئامادەكارییەكانی یەكێتییە بۆ ئەو هەڵبژاردنە گرنگە.
وتیشی: لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا، ئەركی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەپێی پسپۆڕییان بۆ بوارە جیاجیاكان دیاریدەكرێت، جگەلەوەش هەیئەتێك هەڵبژێردراوە كە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە راپۆرتێك ئیشوكاری مەڵبەند و مەكتەب و دامودەزگاكانی یەكێتی دیاریدەكات و مەكتەبی سیاسیش لە راپۆرتەكە و چۆنێتی ئیشوكارەكانیان ئاگادار دەكرێتەوە، كە چ گۆڕانكارییەك پێویستە بۆ ئەم قۆناغ و بارودۆخە بەشێوەیەكی گشتی.


لەبارەی ئەركی داهاتووی یەكێتییەوە لە بەغدا، وتەبێژی یەكێتی، ئەوەی خستەڕوو كە «یەكێتی، هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە بەغدا، هەمیشە كاریكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش ئەو كێشانەی راستەوخۆ پەیوەندییان هەیە بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانەوە، پێویستیشە بەوشێوەیە لەگەڵ بەغدا مامەڵە بكرێت كە نابێت دوودڵ بین، نابێت وەها شتێك بە مەترسیی بزانین لەسەر هەرێم كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنشینانمان لە رێگەی كارت لە بانكەكانەوە دابەشبكرێت، بەپێچەوانەوە دەبێت سوود وەربگرین لە پەیوەندییە بانكییەكان و پەرەی پێبدەین و كارێك بكرێت هەر كەسە و كارتی خۆی هەبێت و مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرێت و ژیانی مسۆگەر بێت».



#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #کۆنگرەی پێنجەم #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان