16ی ئۆكتۆبه‌ر پیلانی پارتی بوو دژی كه‌ركوك و خاكی كوردستان

02:24 - 2023-10-16
کوردستان
673 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پلان بەرگری لە پیلانی 16ی ئۆکتۆبەر کرد کە بەهۆیەوە 51٪ی خاکی کوردستان لەدەستدرا، یەکێتی بەخوێنی 38 شەهید و 104 بریندار لە لیواکانی 102 و 3 و 7 و 1ی پیادە توانی بەرگری لە کەرکوک بکات، لە بەرامبەریشدا پارتی لە هەموو ئەو قۆڵە سەربازییانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدا بوون هەڵات و سەنگەرەکانی تەسلیم بە سوپا و حەشد کرد.

هێزەکانی پارتی بەبێ تەقە هەڵاتن
لیوا محەمەد قادر، لێپرسراوی میحوەری 4ی کەرکوک بە سایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" 16ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی ریفراندۆم و موئامەرەیەکی سەربازی بوو کە پارتی دژی یەکێتی کردی، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە خوێنی 38 شەهید و 104 بریندار ئەو پیلانەی هەڵوەشاندەوە و کەرکوکیشی لەکاولکاری و رشتنی خوێنی گەنجەکانی پاراست".
وتیشی، "تەنها یەکێتی لە 16ی ئۆکتۆبەردا بۆ پاراستنی کەرکوک بەرگریکرد، هێزەکانی پارتیش کە قۆڵی مەخمور تا دەگەیشتەوە شەنگالیان بەدەستەوە بوو، بەبێ تەقە هەڵاتن و ناوچەکەیان تەسلیمی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی کردەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە، کە پیلانێک دانرابوو بۆ کۆتایپێهێنان بە هێزەکانی یەکێتی".

یەکێتی و کەرکوک دوانەیەکی لێکدانەبڕاون
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەرکوک دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، هەربۆیە هەمیشە یەکێتی پارێزگاری لە شارەکە دەکات و لەو پێناوەشدا خوێنی رشتووە، ئەگەرچی تا ئیشتاش هەوڵەکان بۆ لێکجیاکردنەوەی یەکێتی و کەرکوک بەردەوامن، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنی بە خەڵکی شارەکە داوە کە هەرگیز جێیانناهێڵێت.   
لیوا ئەحمەد لەتیف، بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەی کوردستان بە سایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر درێژکراوەی ئەو زنجیرە پیلانە بوون، کە پارتی دژی یەکێتی دەیکرد تەنها لەپێناوی ئەوەی کە هەژموونی یەکێتی لە کەرکوک کەمبکاتەوە، چونکە دەیانزانی کە یەکێتی و کەرکوک دوانەیەکی لێکجیانەکراوەن و تائێستاش هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی یەکێتی و کەرکوک لێکجیابکەنەوە".
وتیشی، "فەرماندە و قەناس بەدەستەکانی پارتی لە راگەیاندنەکانەوە ئاگری جەنگەکەیان خۆشدەکرد و دەیانوت ئێمە بەرگری دەکەین، بەڵام کاتێک جەنگەکە رووی دا کەس نەیزانی چۆن هەڵاتن و قەناسەکانیان نەیتوانی هیچ ئامانجێک بپێکێت، ئەگەر لێهاتویی فەرماندەکانی یەکێتیش نەبوایە، بەتایبەت شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و وەستا رەسوڵ و فەرماندەکانی دیکە ،کەرکوک بەحاڵی عەفرین دەبرا و کاولکاری و خوێنڕشتنێکی زۆری تێدا دەکرا".

وتیشی: "پارتی دەیویست شەڕی هێشتنەوەی بیرە نەوتەکانی کەرکوک لە دەستی خۆیدا بکات، لە لایەکی دیکەشەوە مەرامی زیانگەیاندنی بەهێزەکانی یەکێتی، بەڵام هیچ کام لە مەرامەکانی سەرنەکەوت و شکستی هێنا، لە دوای ئەوەش لە رۆژانی دواتردا دەستیان بە هەڵاتن کرد".

پێشمەرگەكانی پارتی لیوا هاوبەشەكانی كەركوكیان جێهێشت
هەمان رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پێشمەرگەكانی سەر بەیەكەی 80 لە لیوا هاوبەشەكان سەنگەرەكانی خۆیان چۆڵكرد و ئامادەنەبوون بەرگری بكەن.
پێشتریش عەمید روكن رێبوار فەرماندەی لیوای 1ی پیادە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دا بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "بە فەرمانێكی تایبەت و حزبی پێشمەرگەكانی سەر بە یەكەكانی 80 لە لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە سەنگەرەكانی خۆیان بەجێهێشت و لە دوای رۆیشتنیان لەو ناوچانەی لێی جێگركرابوون، سەرجەم پێداویستییە سەربازییەكانیان لەگەڵ خۆیاندا برد".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەرگری 16ی ئۆکتۆبەر و پارێزگاری لە کەرکوکدا، 142 شەهید و برینداری بەخاکی کوردستان بەخشی و ئەو مەرامەشی پوچەڵکردەوە، کە بۆ تێکشکاندنی هێزەکەی یەکێتی نەخشەی بۆ کێشرابوو.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک تاکە حزبی کوردستان کەرکوکییەکانی جێنەهێشت و وەک چۆن لە رابردوودا شارەکەی لە تیرۆرستان پاراست، بەهەمان نەفەس جارێکی تر بۆ بەرگری لە شارەکە مایەوە و دژی ئەو زوڵم و زۆرە بەردەوام بوو کە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک دەکرا.
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان