باشترین هێرشبەر بۆ ئەركە قورسەكە لە یانەی مانچستەر سیتی

11:01 - 2022-05-21
وەرزش
547 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر
ماوەی چەند رۆژێكە باس باسی پەیوەندی كردنی ئیرلینگ هالاندی هێرشبەری بەتوانایە بە ریزەكانی یانەی مانچستەر سیتی و زۆرێك پێیان وایە بە بوونی ئەم یاریزانە مانچستەر سیتی هەموو نازناوەكان دەباتەوە و ئەركی ئەو یاریزانە ئاسان دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تیپەكەی زۆرترین رێژەی كۆنتڕۆڵی تۆپی هەیە و لە یارییەكانیشدا زۆرترین ژمارەی هەلی گۆڵ كردن دروست دەكەن و بەبێ بوونی هێرشبەری راشتەقینەش خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرن.
بەڵام لە راستیدا ئەركی هالاند هێندە ئاسان نییە، بەڵكو ئەركی هالاند ئەو ئەركە دەبێت كە چەندین ئەستێرەی مان سیتی هەوڵیانداوە لەو ئەركە بەدوور بن كە چاوەڕێی هالاند دەكات بە جۆرێك گابرێل جیسۆس كە لەهەمان شوێن یاری دەكات پێی باشە لە لایەكانی هێرشبەر یاری بكات نەوەك وەكو چەقی هێرشبەر.
هەریەك لە فیل فۆدین و رەحیم ستیرلینگی ئەستێرەكانی یانەكەش پێیان باشە لە لایەكانەوە یاری بكەن بەهۆی ئەمەش زۆر كات پیپ گواردیۆلای راهێنەر پشتی بە بیرناردۆ سیلڤا بەستوە وەكو هێرشبەر، ئەمەش هەرچەندە خۆی یاریزانی ناوەندە.
یانەی مانچستەر سیتی بەهۆی ئەو هێزە و شێوازەی هەیەتی زۆرینەی ئەو تیپانەی رووبەڕووی دەبنەوە پشت بە شێوازی بەرگری و داخستنی بۆشاییەكان دەبەستن، بۆیە ئەركی یاریزانی چەقی هێرشبەری ئەو یانەیە ئاسان نابێت و بۆشایی تەنها لە شوێنەكانی چواردەوری ناوچەی سزا هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندین ئەستێرەی هاوشێوەی كیڤن دی برۆین و گۆندۆگان ئاستی بەرز پێشكەش بكەن و ژمارەیەكی زۆر گۆڵ بكەن كە ئەو ئەستێرانە بەوە ناسراون سود لە بۆشاییەكان وەردەگرن و دەچنە ناوچەی سزاوە نەوەك خۆیان وەكو هێرشبەر لەو ناوچەیە یاری بكەن.
رۆڵی هێرشبەر لە یانەی مانچستەر سیتی هەڵخەڵەتێنەرە و زۆریش قورسە چونكە پێویستی بە ئارامی و چاوەڕوانی زۆر هەیە چونكە یانەكە بەوە ناسراوە چەندین پاس لەنێوان یاریزانانی ناوەند ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت تا دەگاتە هێڵی هێرشبەر، بۆیە ئەو هێرشبەرەی لە یانەكە یاری دەكات پێویستە ئارامی زۆری هەبێت و پارێزگاری لە سەرنجی بكات تا ئەو كاتەی تۆپی پێدەگات.
لەماوەی رابردوو هێرشبەرێكی بەتوانای هاوشێوەی سێرجیۆ ئەگوێرۆ كێشەی گەورەی لەو ئەرکە بۆ دروست بووەو راشكاوانە بێزاری خۆی لەبەرامبەر كەمی پاسی هاوڕێكانی بۆی دەربڕیوە بە جۆرێك بەر لە هاتنی پیپ گواردیۆلا بە رێژەیی لە هەر یارییەك زیاتر لە 50 جار تۆپ بەر قاچی دەكەوت بەڵام دوای هاتنی گواردیۆلا رێژەكە بۆ خوار 40 تۆپ بەركەوتن كەمی كرد.
ئەم تۆپ كەم بەر قاچ كەوتنە پێویستی بە یاریزانە كە لە رووی دەرونییەوە زۆر بەهێز بێت بە سەرنجەوە چاوەڕێی تۆپ بكات و كۆتایی بە هێرشەكان بهێنێت و ئەگوێرۆش دوای ماوەیەك توانی خۆی بگونجێنێت و بەهۆیەوە ژمارەی گۆڵەكانی زیادی كرد.
لەبەرامبەردا گابرێل جیسۆس لەو یارییانەی وەكو چەقی هێرشبەر یاری دەكرد سەركەوتو نەبوو بەهۆی ئەمەش ژمارەی گۆڵەكانی كەمیكردو ویستیشی یاریكردن بوو لە لایەكان.
مانچستەر سیتی و پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئەو یانەیە بۆندیان لەگەڵ باشترین هێرشبەر ئیمزا كردوە كە دەتوانێت لەگەڵ ئەو شێوازە خۆی بگونجێنێت چونكە هالاند لە دۆرتمۆند خۆی بەو شێوازە راهاتووەو رێژەی تۆپ بەر قاچ كەوتنی بۆ هەر یارییەك 36 جارە لە چامپیۆنس لیگ، ئەو ریژەیەش زۆر كەمترە لە رێژەی تەواوی هێرشبەرەكانی تری پاڵەوانێتییەكە، ئەمەش دوپاتی دەكاتەوە ئەو هێرشبەرە هیچ كێشەیەكی نیە لە چاوەڕێ كردنی سووڕانەوەی تۆپ لە نێو قاچی هاوڕێكانی.
بە دڵنیاییەوە گۆڕان لە رۆڵی هالاند لە مانچستەر سیتی دروست دەبێت چونكە ئەو هێرشبەرێكە بەشێكی زۆری گۆڵەكانی لە رێگەی هێرشی هەڵگەڕاوە لە ریزی دۆرتمۆند تۆماركردوە، بەڵام لە مان سیتی ئەمە زۆر جیایەو ئەو یانەیە كەمترین گۆڵی لەو رێگەیەوە كردوە.
بەڵام هالاند هێرشبەرێكە تەنها پشت بە بوونی بۆشایی نابەستێت بۆ دروستكردنی مەترسی و تەنها پشتیش بە توانای جەستەیی نابەستێت بۆ دەستكەوتنی هەلی گۆڵ، بەڵكو هێرشبەرێكە دەتوانێت لە كەمترین بۆشایی دا گۆڵ بكات، بۆ دوپات كردنەوەی ئەمەش ئەوەندە بەسە بڵێی ئەو هێرشبەرە لە هەشت یاری یەكەمی لە ریزی دۆرتمۆند 9 گۆڵی لە رێگەیەوە یەك بەركەوتنی تۆپەوە كردوە.
پەیوەندی كردنی هالاند بە مان سیتی مانای گۆڕانی شێوازی یاری مان سیتیە كە ئەم وەرزە پشتیان بە بوونی هێرشبەر نەبەستووە و لە وەرزی داهاتوەوە پشت بە هێرشبەرێكی بەتوانا دەبەستن كە دەتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو دۆخێك بگونجێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان