دیداری یەكێتی لە مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە

11:38 - 2022-05-21
دووتوێ
443 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئاوات كۆكەیی
لە درێژەی كۆنفرانسەكانی ئامادەكاریی دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنفرانسی ئامادەكاری دیداری یەكێتی لە مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە دەستیپێكرد و بڕیاردرا  لە رێگەی 10 لیژنەوە بڕیار و راسپاردەكانی دیدار گەڵاڵە بكرێن و دواتر لە دیداری گشتی یەكێتیدا باس بكرێن و بكرێنە بڕیار و راسپاردە بۆ جێبەجێكردن.
سەرەتا، ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەكانی 70 دەستپێكردنی دیدارەكەی راگەیاند و دوای راوەستانی ئامادەبووان بۆ گیانی شەهیدان، بڕگەكانی كۆنفرانسی ئامادەكاری دیدارەكە دەستیپێكرد.
مستەفا چاوڕەش لێپرسراوی هێزەكانی 70 وتەیەكی كورتی پێشكەش كرد و تیایدا تیشكی خستە سەر گرنگی دیدارەكە بۆ یەكێتی بەگشتی و بۆ هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی و وتیشی: هیوادارم چی قازانجە بۆ یەكێتی و بۆ هێزی پێشمەرگە و بۆ رێبازی شەهیدان و مام، بڕیاری لێبدرێت.
دواتر ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك وتاری لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و هیوای خواست كۆبوونەوەكە ببێتە هۆی هەڵسانەوەی یەكێتی و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
لە بەشێكی وتەكەیشدا وتی: رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە كاروباری سیاسیدا گەورە بووە، هێزی پێشمەرگە قۆتابخانە بووە و بۆ پارێزگاریی لە نیشتمان و لە یەكێتیشدا رۆڵی گرنگی گێڕاوە، یەكێتی چەند جارێك كەوتۆتە سەر لێواری شكستەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بارەكەی راستكردۆتەوە، مامۆستای ئەو قوتابخانەیەش سەرۆك مام جەلال بووە.
وتیشی: قوباد تاڵەبانی دەستپێشخەرییەكی باشی كرد بۆ سازكردنی ئەم دیدارە، تا هەمووان بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیاسەتی یەكێتیدا، رەنگە بڕیارەكانی دیداری یەكێتی وەك بڕیارەكانی كۆنگرە نەبێت، بەڵام گرنگە و گۆڕانكاری باش دروست دەكات، دواتریش بڕیار و راسپاردەكانی دیدار بەرزدەكەینەوە بۆ سەر سەركردایەتی.
باسی لەوەشكرد وەك هەمیشە یەكێتی دەستپێشخەر بووە، ئەم دیدارەش دەستپێشخەرییەكی گرنگ بوو، بەرهەمی دەبێت لە ئایندەدا و وتیشی: لەوەش گرنگتر جێبەجێكردنی هەموو بڕیار و راسپاردەكانە.
دوای ئەوەش وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە لە وتەیەكیدا باسی گرنگی دیداری یەكێتی و باسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەشی كرد كە مەڵبەندێكی فراوانە و وتیشی: مەڵبەندی پێشمەرگە بەڕاسپاردەی سەرۆك مام جەلال دامەزراوە، بۆیە دەبێ گەشە و گرنگی زیاتریشی پێبدرێت.
وەستا رەسوڵ تیشكیشی خستنە سەر كارەكانی دەستكردن بە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پلانیان بۆ قۆناغی دوای رێكخستنەوەكەش. لە  بەشێكی وتەكەیدا وتی: دیدار وێستگەیەكی نوێبوونەوەیە لەگەڵ قارەمانەكانی هێزی پێشمەرگەدا، لەگەڵ ئەوانەی هەوڵ دەدەن بۆ چەسپاندنی دیسپلینی سەربازی.
دوا بڕگەی دیدارەكەش دیاریكردنی 10 لیژنە بوو بۆ گەڵاڵەكردنی بڕیار و راسپاردەكانی دیداری یەكێی لە مەڵبەندی پێشمەرگە كە لە هەمان رۆژدا لیژنەكان دەستبەكار بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان