ئەمڕۆ رۆلان گارۆسە

06:39 - 2022-05-22
وەرزش
453 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەكێك لە گەورەترین و سەنجڕاكێشترین پاڵەوانێتییەكانی تێنسی سەرزەوی دەستپێدەكات ئەویش پاڵەوانێتی گراندسلامی رۆلان گارۆسە كە بە یەكێك لە چوار پاڵەوانێتییە مەزنەكە دادەنرێت.
ئەم پاڵەوانێتییە 2000 خاڵی لە ریزبەندی یاریزانان لەسەرە و لەسەر یاریگای گڵ لە شاری پاریس نزیك بورجی ئیفیل بەڕێوەدەچێت و بەهۆی زۆری ژمارەی خاڵەكانیشی چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە ریزبەندی یاریزانان دروست بكات.
بۆ پاڵەوانێتی ئەمساڵیش لیژنەی رێكخەر كۆی خەڵاتە داریییەكانی زیادكردوە بۆ ئەوەی بتوانن ركابەری سێ پاڵەوانێتییە گەورەكەی تر بكەن لە رووی خەڵاتی داراییەوە كە 6 ملیۆن دۆلاری تر زیادكراوە و كۆی خەڵاتە داراییەكانی ئەمساڵ 66 ملیۆن دۆلار دەبێت.
بەو پێیەش ئەو كوڕو كچە یاریزانەی دەبنە پاڵەوان لە پاڵ ئەو ژمارە زۆرەی خاڵەی لە ریزبەندی كە پێیان دەدرێت بڕی 3.5 ملیۆن دۆلاریس وەكو خەڵاتی دارایی دەبەنەوە و ئەو یاریزانەشی دەگاتە یاری كۆتایی 1.68 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و یاریزانانی قۆناغی پێش كۆتاییش خەڵاتەكەیان 914 هەزار دۆلار دەبێت.

تیروپشكێكی ئاگرین
بەر لە یارییەكانی پاڵەوانێتییەكەش تیروپشك بۆ یارییەكان بەڕێوەچوو كە رووبەڕوبوونەوەی ئاگرین و قورس بەخۆیەوە دەبینێت و چەندین ئەستێرەی دیار كەوتونەتە یەك لاوەو تەنها یەكێكیان دەگاتە یاری كۆتایی.
رافا نەداڵی خاوەن 21 نازناوی گراندسلام لە نێویاندا 13 نازناوی رۆلان گارۆس كە بەهۆیەوە بە پادشای سەر یاریگای گڵ دادەنرێت ئەركی زۆر قورس چاوەڕێی دەكات و بە ئەگەری زۆر لە قۆناغی چارەكی كۆتایی رووبەڕووی نۆڤاك جۆكۆڤیچ دەبێتەوە كە یەك رێڕەویان هەیە بۆ گەیشتن بە یاری كۆتایی.
جۆكۆڤیچ دوای سەرەتا خراپەكەی لەم وەرزە بەم دواییە بە بەهێزی گەڕایەوە كە توانی ماستەرزی رۆما بباتەوە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پارێزگاری كردن لە نازناوەكەی كە ساڵی رابردوو بردیەوە، بەتایبەت كە شكست لە خاڵی زۆری ریزبەندی بێ بەشی دەكات.
براوەی ئەو دوو یاریزانە لە قۆناغی پێش كۆتایی رووبەڕووی براوەی كارلۆس ئەلكاراز و ئەلیكساندەر زڤیریڤ دەبنەوە، بەمەش لەو چوار یاریزانە ئاست بەرزە تەنها یەكێكیان دەگاتە یاری كۆتایی.
ئەلكاراز ئەم وەرزە بە ئاستی ناوازە دەركەوتوە و وەكو نادال و جۆكۆڤیچ ئاماژەیان پێداوە تا ئێستا باشترینی ساڵە و لە پاڵەوانێتی مەدریدیش دوای بردنەوە لە نادال و جۆكۆڤیچ گەیشتە یاری كۆتایی و دوای ئەوە بە بردنەوە لە زڤیریڤ نازناوەكەی بەدەستهێنا، بۆیە هەمووان چاوەڕێی ئەوەی لێدەكەن ركابەرێكی بەهێزی بردنەوەی رۆلان گارۆس بێت.
لەلایەكەی تری ریزبەندی هەرچەندە دانێل میدڤیدیڤی دووەمی ریزبەندی دۆخی باش نییە دوای پێكانە دوو مانگیەكەی، بەڵام تیروپشك خزمەتی زۆری كرد كە دیارترین ركابەری بۆ گەیشتن بە یاری كۆتایی ئەندری رۆبلیڤ دەبێت.
لەسەر ئاستی كچانیش بەهۆی ئەو رووداوانەی چەند ساڵی رابردوو لە پاڵەوانێتییەكانی گراندسلام روویداوە پێویست ناكات قسە لەسەر تیروپشك بكرێت چونكە لەماوەی چەند ساڵی رابردو پاڵەوانێتییەكانی رۆلان گارۆس بوونەتە شوێنی دەركەوتنی ئەستێرەی نوێ و یاریزانی نەناسراو نازناوەكەیان بردۆتەوە و براوەی ساڵی رابردووی ئەم پاڵەوانێتییەش كریچیكۆڤای چیكییە.
ئیگا شڤیۆنتیكی ئەستێرەی پۆڵەندی و پێشەنگی ریزبەندی جیهان پاڵێوراوی یەكەمە بۆ بردنەوەی نازناوەكە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی ئەم وەرزە پێی دەركەوتوە كە بەر لە بەشداری لە رۆلان گارۆس خاوەنی 28 بردنەوەی لەسەریەكەو بەهۆیەوە پێنج نازناوی لەسەریەكی بردۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان