باشترین یاریزانەكانی سلێمانی ساڵی 1960 كێ‌ بوون؟

10:30 - 2023-10-23
وەرزش
253 جار خوێندراوەتەوە
#هەردوو شەهید مامۆستا یاسین و کەمال سەلیم

ساڵی 1960 وەرزشدۆستان ‌و هاوڵاتیانی شاری سلێمانی باشترین یاریزانەكانی تۆپی پێی سلێمانیان دەستنیشان كردووە ‌و وەك هەڵبژاردەی تۆپی پێی شارەکە دیارییان كردوون.
گۆڤاری رۆژی نوێ‌ كە گۆڤارێكی (ئەدەبی، سیاسی، كۆمەڵایەتی) بووە ‌و لەشاری سلێمانی دەرچووە و خاوەن ‌و لێپرسراوی پارێزەر جەمال شاڵی بووە، لە ژمارە (1)ی مانگی نیسانی ساڵی 1960دا،  بە ناونیشانی (باشترین یاریزان كێیە؟) پرسیار لەخوێنەران و خوێندەواران ‌و هاوڵاتیانی سلێمانی دەكات كە باشترین یاریزانی تۆپی پێ‌ لەسلێمانیدا دیاریی بکەن، وا ئێمەش لە خوارەوە بە هەمان رێنووسی گۆڤارەکە بابەتەکە جارێکی تر بۆ خوێنەرانی ستادیۆم بڵاو دەکەینەوە.
لەم دواییەدا گیانی وەرزش ‌و یاری لەشاری سلێمانیدا زۆر جوان بوژاوەتەوە، كە بەڕاستی شایەنی شانازییە، بەتایبەتی یاری تۆپی پێ‌ زۆر لەبرەودایە و گەلێك یاری كراوە لە بەینی سلێمانی ‌و شارەكانی تردا، وامان بەپێویستزانی كە ئەم پرسیارە لەخوێندەواران بكەین: باشترین یاریزانی (تۆپی پێ‌) لەسلێمانیدا كێن؟.
ناوی (یانزە) یاریزان بنوسە، یانزەی وا كە بشێن بۆ پێكهێنانی تیپی هەڵبژاردەی سلێمانی، وە ناوی یاریزانەكان لەگەڵ چەشنی یارییەكەیانا بنووسە، یەعنی (باشترین گۆڵچی) بارشترین (بەرگری- دیفاع) وە هەروەها.
وەڵامەكانتان بۆ ناونیشانی گۆڤارەكەمان بنێرن و لەسەر (زەرفەكە) بنووسن (باشترین یاریزان).
دوای چوار مانگ ‌و لەژمارە (5)ی گۆڤارەكەدا كە لەمانگی ئابی 1960 دا دەرچووە، ناوی یانزە یاریزانی بڵاوكردۆتەوە وەك باشترین یاریزانەكانی سلێمانی لەو ساڵەدا.
لەو ژمارەیەی گۆڤارەكە نوسراوە: لەژمارە (1) دا پرسیارمان لەخوێندەواران كردبوو دەربارەی باشترین یاریزانی تۆپی پێ‌ لەسلێمانیدا، لەئەنجامی ئەو وەڵامانەدا كە بۆمان هاتووە ئەم برایانە بە باشترین یاریزان دەرچوون:
*گۆڵچی: قادر كەریم (قالە ڕەش).
*بەرگری راست: فایەق تاهیر.
*بەرگری چەپ: رەزاق تاهیر.
*شوببی راست: محەمەد فەتاح.
*شوببی چەپ: عومەر عەزیز.
*شوببی ناوەڕاست: یاسین ساڵح.
*قوژبنی راست: كەمال سەلیم.
*قوژبنی چەپ: هەنوودە.
*هێرشبەری ناوەڕاست: تاڵیب عەلی.
*هێرشبەری چەپ: ئەكرەم عارف.
*هێرشبەری راست: فوئاد ئیبراهیم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان