ستارقادر
ئه‌و رۆژه‌ی با شوومه‌كه‌ی شار هه‌ڵی كرده‌وه و دای له كه‌زی هه‌رچی شۆخێكی ئه‌م شاره، گه‌ڵای تاكه دره‌ختێكی شار نه‌بوو نه‌زانێت كه ته‌مه‌نی درێژی ته‌نها ئه‌م شه‌وه و به‌س، چونكه ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی شاری له‌سه‌ر بونیاد نراوه له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه هه‌موو ساڵێك باوبۆران و زریانێك دایده‌گرێ و هه‌رچی شیوه‌ن و زاریی زینده‌گانی بوونه‌وه‌رانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك.
ئه‌و رۆژه تاكو بانگی ئێواره‌ش هامڕای جووڵه به‌پڕتاوه‌كانی ره‌شه‌با تاك و ته‌را جووڵه‌ی بنیاده‌م ده‌بینرا، له‌وه‌دوا هه‌ر لووره‌لوور و هاژه‌هاژی دارتوو بوو بۆ لێكترازان و وه‌رینی گه‌ڵاكانی ده‌بیسترا. هه‌ر ته‌ق و هوڕی چه‌رداخی دوكانه‌كان بوو ده‌چوو به ئاسماندا. هه‌ر جیڕه‌جیڕ و زرم‌وكوتی ده‌رگای ماڵه‌كان بوو ده‌هاته به‌رگوێ و نه‌ده‌كرانه‌وه. ئه‌و شه‌وه زوو زوو هه‌وره تریشقه و پرشنگه ئاگراوییه‌كانی محاویله‌ی كاره‌بای شار بوو شه‌قه‌ی لێ هه‌ڵده‌ستا. با كه گاڵته‌ی له گه‌ڵ نه‌ده‌كرا، كوڕم ده‌ویست غیره‌ت بكا و بچێته حه‌وشه‌و تا سه‌رئاو بچێت، هه‌ڵی ده‌گرت و ده‌یبرد تا توونی بابا. ئه‌و شه‌وه هه‌رچی زینده‌وه‌ر و بوونه‌وه‌رانی شار بوو، به بنیاده‌مه‌كانیشه‌وه تا به‌یانی خه‌و نه‌چووه چاوی هیچ كه‌س.
ئه‌و ئێواره‌یه هه‌ر زوو تووه‌كه‌ی به‌ر ماڵه‌كه‌مان با قژی رنییه‌وه و لقه رووته‌كانی ده‌دا به یه‌كدا. جارجارێك له په‌نجه‌ره‌كه‌مه‌وه سه‌یرێكی تۆفانه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌م ده‌كرد، ده‌نگێكی پڕ هاوارم ده‌بیست، ئه‌و ده‌نگه، ده‌نگی ره‌شه‌با نه‌بوو كه‌چی له نێو ره‌شه‌باوه ده‌هات و خۆی ده‌ماڵی به شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مدا ئه‌و له‌حزه‌یه بێ ویستی خۆم هێند به‌پڕتاو كشامه‌وه دواوه كه‌وتم به پشتا، دواتر كورسییه‌كه‌م هێناو له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا لێی دانیشتم، ده‌ستم خسته‌سه‌ر له‌پی چاوه‌ڕوانی و له ده‌ره‌وه‌م ده‌ڕوانی، من له ژووره‌وه ده‌مبینی با لقه‌كانی دارتووه‌كه‌ی بێزار ده‌كرد و ده‌یڕه‌نجاند، قیژه و هاژوهوژێك ده‌هاته گوێم ! ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بوو گوێم له ده‌نگ و ناڵه‌ناڵ و گریه‌ی ره‌شه‌بای شاربێت. تا تاریك و روونی سپێده هه‌ر له ده‌ره‌وه‌م ده‌ڕوانی تا به‌یانی. ئه‌و به‌یانییه چونكه شه‌وه‌كه‌ی كه‌س نه‌خه‌وتبوو شار ده‌تگوت خۆڵی مردووی كراوه به‌سه‌را، گوێم له ده‌رگای هیچ ماڵێك نه‌بوو بكرێته‌وه، ده‌نگی مه‌لاش له مزگه‌وته‌وه سه‌ڵای نه‌دا و گوێم له بانگی به‌یانیش نه‌بوو له شاردا. ئه‌و به‌یانییه دنیا ورده‌ورده به‌ره‌و روون بوونه‌وه ده‌چوو، كه‌م كه‌م پارچه‌پارچه‌ی سپی باو به دارتووه‌كه‌وه ده‌هاته به‌رچاو، چه‌ند جارێك چاوم هه‌ڵگڵۆفت، وامده‌زانی خه‌و بردوومیه‌ته‌وه، خه‌و نه‌یبردبوومه‌وه تا ده‌هات ده‌نگی ره‌شه‌با به‌ره‌وكزی ده‌چوو و لقه‌كانی دارتووه‌كه‌ش جووڵه‌یان كه‌م ده‌بۆوه،ئه‌وه‌ی زیاتر له‌هه‌ر شتێكی‌تر ده‌نگی ده‌هاته گوێم شه‌قه شه‌قی ئه‌و پارچه سپیانه‌بوو كه له‌بری گه‌ڵا دارتووه‌كه به لق و پۆپه‌كانییه‌وه گیرسابوونه‌وه. هه‌ر كه خۆر یه‌كه‌م پرشنگی نووری گه‌یشته شار و له دارتوووه‌كه گومانم ره‌وییه‌وه و جوان جوان ده‌مبینی ئه‌وه‌ی به دارتووه‌كه‌وه سپی ده‌چوونه‌وه سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی سپی بوون كه ره‌شه‌با لێكی كردبوونه‌وه به‌دارتووه‌كه‌وه گیرسابوونه‌وه. ئه‌و به‌یانییه من یه‌كه‌م كه‌س بووم له ژووره‌كه‌م چوومه ده‌ره‌وه و چوومه سه‌ربان و ئه‌و به‌ره‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستم راگه‌یشتێ ئه‌و لاپه‌ڕه سپیانه‌م لێكرده‌وه‌كه به مه‌ره‌كه‌بێكی زه‌ردباوی كاڵه‌وه‌بوو لاپه‌ڕه‌كان پڕكرابوون له سێبه‌ره‌كانی حه‌رفی سپیی.