پڕۆژەی هاوبەشی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان و ناوەندی ئۆڵف پاڵمە

09:23 - 2022-05-22
کوردستان
420 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی داهاتوودا خولێكی هاوبەش لەنێوان ناوەندی ئۆڵف پاڵمە و مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكاندا بۆ كادرانی مەكتەب و لێپرسراوانی رێكخراو و سەندیكاكان بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ، جوتیار نوری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، پێشوازیی لە وەفدێكی پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید و ناوەندی ئۆڵف پاڵمە، كرد. سەرەتا وەفدەكە، كە پێکهاتبوو لە تۆرگنی لارشۆن سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرو، تۆماس كارلهێد لێپرسراوی پڕۆژەكانی سۆسیال دیموكرات و ناوەندی پاڵمە هاوكات بەرپرسی رۆهەڵاتی ناوین و باكووری ئەفەریقا پڕۆژەی (MENA)، فەرهەنگ شێخ محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆریبرو، دێنیس بێگیچ ئەندامی پەرلەمانی سوید، خاتوو ئەلێسیا گۆنشاریك و مەتیلدا یۆهانسۆن بەرپرسی خوێندكارانی سۆسیال دیموكرات، ئامانجی سەردانەكەیان خستەڕوو، كە بەردەوامیدانە بە كردنەوەی خول و پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی پێگەیاندنی كادر و سەركردەی رێكخراوەیی».
پاشان، جوتیار نوری، ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرین و پتەوی نێوان یەكێتی و حزبی سۆسیال دیموكراتی سوید كرد و وتی: زۆر گرنگە رێكخراو و سەندیكاكان بەهرەمەندبن لە شارەزایی و توانا و ئەزموونەكانی ناوەندی ئۆڵف پاڵمە و سۆسیال دیموكراتەكانی سوید، بۆ ئەوەش تەئكیدی لە كار و چالاكی و پڕۆژەیەكی پێكەوەیی، كردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان