کەشتیی نوح
پلاستیك یەكێكە لەو مادانەی رۆژانە هاووڵاتییان بە رێگەی جۆراوجۆر بەكاریدەهێنن، مەترسیی گەورەی هەیە بۆ سەر ژینگە لەبەرئەوەی هەر پارچەیەک پلاستیک نزیکەی 500 ساڵی پێویستە بۆ شیبوونەوەی بە تەواوی و تێکەڵبوونەوەی بە خاک.
هیوا بەکر گەنجێکی شاری سلێمانییە رۆژانە کەلوپەلە پلاستیکییە فڕێدراوەکان کۆدەکاتەوە و لە کارگەیەکی بچووکی تایبەت بە خۆی ریسایکلینی دەکاتەوە.
هیوا وتی، سەرەتا کە دەستم بە کارەکەم کرد زۆر قورس بوو لەبەرئەوەی حاویەی خۆڵەکان دەگەڕام بۆ کۆکردنەوەی پلاستیک، بەڵام ئێستا هاووڵاتیان یارمەتیدەریکی باشن و رۆژانە لە ماڵانەوە تەلەفۆنم بۆ دەکرێت تا ئەو پاشماوە پلاستیکییانەیان لێ وەربگرم کە کۆیان کردووەتەوە.
وتیشی، پاش کۆکردنەوەیان سەرجەم پلاستیکەکان بە ئامێر ورد دەکەم و دەیفرۆشمەوە بەو کارگانەی کەلوپەلی پلاستیکی دروست دەکەن، بەو کارە ژینگە لە پیسبوون دەپارێزم و داهاتیكیش بۆخۆم خێزاکەم پەیدا دەکەم.
باسی لەوەشکرد، بەجیا دانانی کەلوپەلە پلاستیکییە هاوشێوەکان هاوکارێکی باشی دەبێت بۆ ئەوەی کارەکەی ئاسانتر بێت و بتوانێت رۆژانە بڕێکی زیاتری پلاستیک کۆبکاتەوە.
پلاستیک تەنها زیانی بۆ ژینگە و مرۆڤ نییە بەڵکو زیان بە ئاژەڵانیش دەگەیەنێت، عوسمان جەمال پزیشکی ڤێتەرنەری دەڵێت، مانگا و بزن زۆرترین ئاژەڵن کە بەهۆی خواردنی نایلۆن و پاشماوە پلاستیکییەکانەوە تووشی نەخۆشی دەبن.
لە ساڵانی رابردوودا قایمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ رێگریکردن لە فڕێدان و تێکەڵکردنی مادە پلاستیکییەکان بە زەوی.
سەرەتا بڕیارەکە لە چێشتخانەکاندا جێبەجێ کرا بە ناچارکردنیان بە دانانی حاویەی تایبەت بە کۆکردنەوەی دەبەی ئاو و قاپی سەفەری و مادە پلاستیکییەکانی تر بەجیا تا تێکەڵ بە خۆڵ و خاشاکی ئاسایی نەکرێن و دوای ئەوەش هەڵمەتێکی ژینگەیی دەستی پێکرد و بڕیارەکە لە زۆر شوێنی تر جێبەجێ کرا، بەڵام ماوەیەکی زۆری نەخایاند و دۆخەکە وەک خۆی لێ هاتەوە لەبەرئەوەی شارەوانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی نەبوو بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان و لەکاتی فڕێدان ئەو پاشماوە پلاستیکییانە تێکەڵ بە خاشاکی ئاسایی دەکرانەوە و لەیەک شوێن فڕێ دەدران.
گرفتی پیسبوون بە پلاستیک هەموو جیهانی گرتووەتەوە و لە هەرێمی كوردستانیش رۆژانە 7 هەزار و 500 تەن خاشاك كۆدەكرێتەوە کە بەشێکی پلاستیکە و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.