ئیسماعیل مەحمود
شەوی دووشەممە 2023/10/30 لە سەر شانۆی دۆشاتلییە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ساڵی 2023 -ی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لە نێویاندا هەردوو باڵۆن دۆری كوڕان و كچان دابەشكران كە تایبەتن بە باشترین یاریزانانی كوڕ و كچ لە جیهاندا.
مەراسیمەكە سەرجەم بەرپرسە گەورەكانی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان و یاریزانان و لێپرسراوانی وەرزشی وڵاتانی ئەوروپا و یانە ناودارەكانی ئەوروپا ئامادەی بوون، تیایدا هەشت خەڵاتی فرانس فوتبۆڵ دابەشكران كە گرنگترین و بەرچاوترینیان باڵۆندۆری كوڕان و كچان بوو.
سەبارەت بە براوەی ئەو خەڵاتانەش، وەك چۆن هەوڵەكان دزەی كردبوو بۆ ناو كەناڵەكانی راگەیاندن سەرجەمیان وا دەرچوون و براوەكانیش ئەمانەی خوارەوە بوو.
براوەكان
لە مەراسیمەكەدا هەشت خەڵات دابەشكران ئەوانیش:
خەڵاتی كوپا
ئەم خەڵاتە بۆ یاریزانی پێشووی یانەی بروسیا دۆرتمۆند و ئێستای ریاڵ مەدرید جۆد بیلینگهامی ئینگلیزی بوو لە پای ئەو پێشكەوتن و ئاستە بەرزەی وەك یاریزانێكی لاوی تازەهەڵكەوتوو لەم دوو یانەیە نواندوویەتی.
خەڵاتی سوكرات
ئەم خەڵاتەش بۆ ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی و یاریزانی ئێستای یانەی ریاڵ مەدرید بوو لەپای كارە خێرخوازییەكانی لە وڵاتەكەی بۆ منداڵان.
خەڵاتی باشترین تیپی كچان
ئەم خەڵاتەش بۆ تیپی كچانی یانەی بارسیلۆنای پاڵەوانی ساڵی پاری خولی وڵاتەكەیان و براوەی جامی سوپەر و جامی چامپیۆنس لیگی رابردوو بوو.
خەڵاتی یاشین
ئەم خەڵاتەش بۆ ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی یانەی ئەستۆن ڤێللاو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوو.
خەڵاتی گێرد مۆلەر
ئەم خەڵاتەش ساڵانە بە باشترین و یەكەم گۆڵكاری وەرزی رابردووی ئەوروپا دەدرێت و ئیرلینگ هالاندی نەرویجی و هێرشبەری یانەی مان سیتی خەڵاتەكەی بردەوە.
خەڵاتی باشترین تیپی كوڕان
ئەم خەڵاتەش بۆ تیپی یانەی مان سیتی ئینگلیزی بوو، ئەم تیپە بەسەرپەرشتی پیپ گواردیۆلای راهێنەر جگەلە جامی چامپیۆنس لیگی ساڵی پار، پاڵەوانی خولی ئینگلیزیش بوو.
باڵۆن دۆر
دیارە سەرجەم ئامادە بووانی هۆڵی مەراسیمەكە و سەرجەم ئەوانەش كەلە سەرتاسەری جیهاندا بەدیار تیڤییەكانەوە دانیشتبوون، چاوەڕوانی براوەی ئەم دوو خەڵاتەیان دەكرد، ئەم دوو خەڵاتە هەمیشە گرنگترین و بەناوبانگترین خەڵاتی تاكە كەسی یاریزانانی كوڕان و كچان بووە، سەرجەم ئەستێرە ناودراەكانی جیهان چ كوڕ چ كچ، خەون بەوەوە دەبینن رۆژێك لە رۆژان بەم خەڵاتە شدا ببن.
بۆنۆ ماتی
پاش ئەوەی نۆڤاك جۆكۆڤیشی سربی و یاریزانی ئەفسانەیی تێنسی سەرزەوی بانگهێشت دەكرێتە سەر شانۆ بۆ ئاشكرا كردنی براوەی خەڵاتی باشترین كچە یاریزانی جیهان، نۆڤاكیش رایگەیاند كە ئایتانا بۆنۆماتی ئەستێرەی یانەی بارسیلۆناو هەڵبژاردەی ئیسپانیا براوەی خەڵاتەكەیە.
ئەم كچە یاریزانە لەگەڵ یانەكەی جامی پاڵەوانی خولی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی چامپیۆنس لیگی كچان و جامی پاڵەوانی مۆندیالی كچانیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرز كردۆتەوە، ساڵی پاریش پۆتییاسی كچە یاریزانی بارسیلۆنا ئەم خەڵاتەی بردۆتەوە.
ریكۆردەكەی مێسی
دوا بڕگەی مەراسیمەكە ئاشكرا كردنی باشترین یاریزانی جیهان و براوەی باڵۆن دۆڕی كوڕان بوو، بۆئاشكرا كردنی ناوی براوەی خەڵاتەكەش دیڤید بیكهامی ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلیزی بانگدەكرێتە سەر شانۆ تا ناوی براوە ئاشكرا بكات، وەك چۆن بەنهێنی ئاشكرا كرابووبوو، ئەمساڵیش لیۆنێل مێسی ئەفسانەو یاریزانی پێشووی بارسیلۆنا و پاریس سانجێرمان و ئێستای ئینتەرمیامی خەڵاتەكەی بردەوە، بەمەش مێسی توانی ئەم سەروەرییانە تۆمار بكات:
*بووە بەیەكەم یاریزان 8 جار ئەم خەڵاتە بباتەوە، دووەم یاریزان كریستیانۆ رۆناڵدۆیە بە 5 باڵۆن دۆر، ئەم دوو ریكۆردەش زۆر زەحمەتە لەلایەن هیچ یاریزانێكی ترەوە بشكێنرێت بە تایبەتی ئەوەی مێسی كە 8 باڵۆن دۆرە.
*بۆ 13 یەمین جارە ئەم یاریزانە لەنێو لیستی كۆتایی یەكەم تا سێیەم یاریزانی پاڵێورادا ناوی دێت.
*بوو بە یەكەم یاریزان بتوانێت چوار جاری یەك لەسەر یەكیش (2009، 2010، 2011، 2012) ئەم خەڵاتە بباتەوە.
*هەر ئەم یاریزانە ئەفسانەییە پاش دوو مانگ لە تەواو بوونی مۆندیالی قەتەر- 2022 کە جامی ئەو مۆندیالەی لەگەڵ تانگۆ بەرزكردەوە، خەڵاتی (زەبێست) ی باشترین یاریزانی جیهانیی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان(فیفا) ی ساڵی 2022 یشی بردەوە.
ڤینیسیۆس جونیور
ئیریک هالاند
ئیمیلیانۆ مارتینێزی
جۆد بیلینگهام