سەرۆك كۆمار: چارەسەری ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان

11:34 - 2023-11-01
عیراق
225 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازیكرد لە وەفدێكی هەماهەنگكاری پێكهاتە و هێزە نیشتمانییەكانی شەنگال.
لە دیدارێكدا، تاوتوێی دۆسێی ئاوارەكانی وڵات كرا، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە پێویستە بەزووترین كات كۆتایی بەو دۆسێ مرۆییە بهێنرێت ئەویش بەدڵنیابوون لە گەڕانەوەی هەموو ئەو ئاوارانەی كە هێشتا لە كەمپەكاندا، لە دۆخێكی سەختدا دەژین. جەختیشی لە گرنگیی یەكخستنی هەوڵەكانی هەموو هێزە سیاسییەكان كردەوە بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشتركردنی ژیان و بارودۆخی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان.
سەرۆك كۆمار، ئاماژەشی بە پێویستیی بەردەوامبوونی دیالۆگ كرد لە نێوان هەمواندا بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و تەئكیدیكردەوە كە سەردانی مەیدانی لەلایەن لیژنەی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە بەردەوامە بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی ئاوارەكان و بەشداریكردن لە چارەسەركردنی ئەم دۆسێ مرۆییە گرنگەدا. راشیگەیاند: سەقامگیریی ئەمنی، گرنگییەكی زۆری هەیە جگە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و بەردەوامبوون لە پڕۆسەی بونیادنانەوە و چاككردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستپێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دروستكردنی خانوبەرەی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەكان پێش ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان. هاوكات ئاماژەشی بەوە كرد كە شەنگال و دانیشتوانەكەی دووچاری توندوتیژی و تیرۆر بوونەتەوە.
ئەندامانی وەفدەكەش پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیدانی سەرۆك كۆمار بۆ دۆسێی ئاوارەكان دەربڕی و روونكردنەوەشیان سەبارەت بە مەینەتی و بەربەستەكانی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و شارەكانیان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە و چالاككردنی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و خەرجكردنی قەرەبوو بۆ زیانبەركەوتووان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان و چالاككردنی رۆڵی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، خستەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان