بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوییەوە لە باكووری خۆرهەڵاتی بەنگلادیش، نزیكەی دوو ملیۆن كەس زیانیان بەركەوتووە.
ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری بەرپرسێكی حكومی لە ناوچەكە، بڵاویانكردۆتەوە: ئەو لافاوەی چەند ناوچەیەکی هیندستانی گرتەوە، بەرەو هەندێک ناوچەی وڵاتەكەیان رۆیشتووە و بۆتەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوێكی گەورە لەسەر رووباری باراك و لە ئەنجامدا زیاتر لە 100 گوندی ناوچەكە ژێرئاو كەوتوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە: تائێستا نزیكەی دوو ملیۆن هاووڵاتی زیانیان بەركەوتووە و لانیكەم 10 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بە خراپترین لافاو لە بەنگلادیش دادەنرێت لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
چەند رۆژێك لەمەوبەر، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە ویلایەتی ئاسام لە هیندستان، كە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو ناوچەیەی بەنگلادیش، ملیۆنان كەس ئاوارەبوون.
بەبۆچوونی شارەزایان، گۆڕانی كەشوهەوا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە لە سەرتاسەری جیهان زیاتر دەكات.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان