زیانی لافاوەكەی سودان زیاتر بووە

11:35 - 2022-08-22
جیهان
655 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

زیانە گیانی ‌و مادییەكانی لافاوەكەی سودان زیاتر بووە ‌و وێڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان، زیانی زۆری دیكەی بە خانو ‌و زەوی كشتوكاڵی ‌و تەنانەت سەرئاژەڵەكانیش گەیاندووە.
سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەو لافاوەی كە چەند رۆژێكە لە ئەنجامی بارانی بەخوڕەوە دروستبووە ‌و ناوەڕاست ‌و خۆرهەڵات ‌و باكووری سودانی گرتۆتەوە، لانیكەم 80 كەس گیانیان لەدەستداوە ‌و زیاتر لە 60 گوند ژێرئاو كەوتوون ‌و زیاتر لە 40 هەزار خانوو رووخاون یان زیانی زۆریان بەركەوتووە ‌و هەزاران كەسیش ماڵ ‌و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. هەروەها لافاو و لیتە رووبەری زیاتر %50ی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەو ناوچانەی داپۆشیوە. 
شایەتحاڵەكان باس لەوە دەكەن، كە ئاوی خواردنەوە ‌و خۆراك لە كۆگاكاندا كەمبۆتەوە ‌و ئاستەنگی زۆریش لەبەردەم گەیاندنی هاوكارییەكاندا دروستبووە، بۆیە دۆخی مرۆیی ‌و تەندروستیی خەڵكی ناوچە كارەساتبارەكان زۆر سەختە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی كە لافاو بەشێكی زۆری داپۆشیون. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#لافاو #سودان

بابەتە پەیوەندیدارەکان