راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

06:35 - 2023-11-07
کوردستان
469 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مڕۆ، سێشەممە 7ی 11ی 2023، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پیرمام، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌نجامدرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عیراق بەتایبەتى و، رەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌ كرا.
هه‌ردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و پێویستى كۆكردنه‌وه‌ی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و، داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ رەوتى رووداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغه‌كه و روبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنى خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنى گیر و گرفتەکان بە ئاراستەى بەرژەوەندییە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى کورستان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌خت له‌ پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عیراقدا.
لە کۆتاییدا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێکى گونجاو دیاریکرا.  شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەکە لە کەشێکى ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو.
 
 
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان                                                  پارتی دیموكراتی كوردستان
7/11/
2023

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان