لە فارسییەوە/ جەواد حەیدەری
دۆزینەوەی بابەتێك بۆ گفتوگۆكردن یەكێكە لەو كێشانەی كە زۆربەی مرۆڤەكان لەكاتی ناسینی كەسێكی نوێدا رووبەڕووی دەبنەوە. لەبری ئەوەی لە گفتوگۆكە بترسیت یان رابكەیت، پێویستە بەسەر ترسی گفتوگۆكەدا زاڵ بیت. رێگەیەكی باش بۆ كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ ئەوەیە كە بزانیت باسی چی بكەیت و لە چی دوور بكەویتەوە.
1. كەشوهەوا
هەرچەندە رەنگە قسەكردن لەسەر كەشوهەوا شتێكی بێ بایەخ دەركەوێ، بەڵام بابەتێكی بێلایەنی خۆشە كە هەموان دەتوانن باسی بكەن و كۆمێنتی لەسەر بدەن. بۆ نموونە لە وەرزی جوانی بەهاردا، دەتوانن بەم پرسیارانە دەست بە گفتوگۆكە بكەن:
رۆژێكی خۆش و جوانە، وایە؟
وا دیارە باران دەبارێ، حەزت لە بارانە؟
كەش و هەوا خۆشە، ئایا تۆش چێژ لەم كەشوهەوایە وەردەگری؟
ئەگەر جارێكی تر بێدەنگییەكی نائاسایی دروست بوو، بێدەنگییەكە بشكێنە بە پرسیاركردنی یەكێك لەم پرسیارانەی كەشوهەوا. لەگەڵ دەستپێكردنی قسەكردن، بابەتی گفتوگۆكە دەگۆڕێت و گفتوگۆیەكی درێژتر دەستپێدەكات.
2. هونەر و كات بەسەربردن
بابەتەكانی هونەر و كات بەسەربردن دەستپێكی گفتوگۆیەكی باشن. هەندێك لەو بابەتانە بریتین لە:
فیلم و زنجیرەكان.
چێشتخانەیەكی بەناوبانگ.
چێژی مۆسیقا.
كتێبی دڵخواز.
چەند نموونەیەك لەو پرسیارانەی كە دەتوانیت بیكەیت بریتین لە:
ئایا تۆ خوێنەری كتێبیت؟
ئایا گوێ لە موزیك دەگری؟ زیاتر گوێ لە چ موزیكێك دەگری؟
ئایا لەم دواییانەدا یارییەكی نوێت تاقیكردۆتەوە كە بەڕاستی حەزت لێی بێ؟
دوور بكەوەرەوە لە قسەكردن لەسەر فیلم یان كتێبێك كە بەرامبەرەكەت نەیبینیوە و نەیخوێندۆتەوە. بیرۆكەیەكی باش نییە باسی وردەكارییەكانی فیلمێك یان كتێبێك بكەی كە نەیبینیوە و نە خوێندۆتەوە. خاڵی هاوبەش بدۆزەرەوە و لەوێوە درێژە بە گفتوگۆكەت بدە.
خەڵك زۆر حەز دەكەن باسی خولیاكانیان بكەن، رەنگە ئەوانیش حەزیان لە خولیاكانی تۆ بێت. قسەكردن لەسەر خولیاكان رێگەت پێدەدات فێری خولیا خۆشەكانی كەسانی ترببیت و ساتە خۆشەکان بۆ خۆت دروست بكەی.
3. وەرزش
بابەتەكانی وەرزش خاڵی دەستپێكی باشن بۆ قسەكردن لەگەڵ كەسانێك كە زۆر باش نایانناسیت. بابەتەكانی وەرزش دەتوانن بریتی بن لە:
تیپی وەرزشی دڵخواز.
رووداوە وەرزشییەكان.
پێشبڕكێی پاڵەوانێتی.
ئەگەر لایەنی بەرامبەر پشتگیری لە تیپی ركابەر بكات، داوای رای ئەو بكە لەسەر شتەكانی وەك ئاستی تیپ یان یاریزانەكان قسە بكات. لەوانەیە دڵتەنگ بیت كە ئەو لایەنگری تیپی ركابەرەكەتە، بەڵام ئەوە شتێكی ئاساییە. وردە وردە ئەم پێشبڕكێیە دەبێتە هۆی گفتوگۆی سەرنجڕاكێش لە نێوانتاندا.
4. خێزان
رەنگە قسەكردن لەسەر خێزان خاڵی دەستپێكی باش بێت. دەتوانن بەم پرسیارانە دەست بە گفتوگۆكە بكەن:
چەند خوشك و برات هەیە؟
خێزانەكەت لە كوێ دەژین؟
خۆت ئامادە بكە بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە. ئەم جۆرە قسەكردنە توانای پەیوەندیكردنت باشتر دەكات. هەروەها یارمەتیت دەدات لە ماوەیەكی كورتدا زانیاری زۆر لەسەر ئەم كەسە بەدەست بهێنی.
هەرچەندە باسكردنی خێزان دەتوانێت دەستپێكی گفتوگۆیەكی زۆر باش بێت، بەڵام لە كاتی باسكردنی ئەو بابەتە وریا بە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك كێشەی نەزۆكی هەبوو، پرسیاركردن لەوەی كە ئایا منداڵی هەیە یان پلانی هەیە منداڵی هەبێت پرسیارێكی باش نییە.
5. خۆراك
خۆراك یەكێكە لەو بابەتانەی كە دەكرێ قسەی لەسەر بكرێ، بە مەرجێك رێز لە لایەنی بەرامبەر بگریت و بە دوای رەخنەگرتن لە تامی خواردنەكەی نەبیت. هەندێك لەو پرسیارانەی كە پەیوەستن بە خۆراك، بریتین لە:
ئایا لەم دواییانەدا چێشتخانەیەكی نوێت تاقیكردۆتەوە؟
ئەو خواردنە چییە كە حەزت لێیە لە ماڵەوە لێی بنێی؟
چێژ لە چێشت لێنان وەردەگری؟
6. پیشە
پیشە یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە دەتوانی سەری قسەی لەگەڵ كەسی دیكەدا بكەیتەوە لەوانەیە لێت بپرسن كارەكەت چییە؟ یان كارەكەت بەدڵە یان نا؟
هەمیشە سەرنجت لەسەر ئەو شتانە بێت كە حەزت لێیە دەربارەی كەسانی تر بزانیت و چێژ لە قسەكردن لەسەر چی وەردەگریت. ئەمەش وا دەكات قسەی بچووك زیاتر لە كات بەسەربردن بچێت نەك قسەی بازرگانی پیشەیی.
7. سەیران و گەشت
زۆربەی خەڵك چێژ لە قسەكردن لەسەر سروشت و ناوچە گەشتیارییە جوانەكان وەردەگرن. ئەگەر ئارەزووی گەشت و گەشتیاریت هەیە، ئامادە بە وەڵامی پرسیارەكان بدەیتەوە و بۆچوونەكانت سەبارەت بە گەشتەكانت بخەیتەڕوو
پرسیار لە كەسانی تر بكە دەربارەی ئەو شوێنانەی كە حەزیان لێیە بۆ گەشتكردن. زۆر كەس حەز دەكەن باسی بكەن و بە خۆشحاڵیەوە ئەزموونەكانیان باس دەكەن. قسەكردن لەسەر سەفەركردن رێگەیەكی زۆر باشە بۆ دروستكردنی گفتوگۆیەكی خۆش و سەرنجڕاكێش.
8. شوێنی لەدایكبوون
قسەكردن لەسەر زێدی كەسێك دەتوانێت دەستپێكی گفتوگۆیەكی باش بێت، بۆ نموونە دەتوانن بپرسن:
زێدی خۆت لە كوێیە؟
بۆ هاتی بۆ ئێرە؟
ئایا ئەو شوێنەی كە لێی لەدایكبووی لەگەڵ ئەو شوێنەی ئێستا تێدا دەژی جیاوازە؟
بەگشتی لە كاتی باسكردنی زێدی خەڵكدا، حیكایەت و چیرۆكی سەرنجڕاكێش بۆ یەكتر بگێڕنەوە.
خراپترین بابەتەكان
لەكاتی گفتوگۆكردندا
1. دۆخی دارایی
كاتێ كە تازە كەسێكت ناسیوە باش نییە پرسیار لە دۆخی دارایی ئەوە بكەی، باشتر وایە باسی كارەكەی بكەی، بەبێ ئەوەی پرسیار لە بڕی مووچەكەی بكەی. زۆربەی خەڵكی پێیان وایە ئەم پرسیارە تایبەتی و شەخسییە و باشتر وایە ئەو پرسیارە نەكرێ چونكە كەسی بەرامبەر پێی ناخۆشە و لەوانەیە زویر بێ.
2. سیاسەت و ئایین
سیاسەت و ئایین دوو بابەتی شەخسی و تایبەتە و نابێت باسیان لێوەبكرێ لەبەرئەوەی رەنگە ئاراستەی ئایینی و سیاسی جیاوازت هەبێت، قسەكردن لەسەر ئەو بابەتانە رەنگە ببێتە هۆی بێزاری و مشتومڕ.
3. سێكس
قسەكردن لەسەر سێكس یەكێكی ترە لەو پرسیارانەی كە نائاساییە و باشتر وایە نەكرێ، كاتێك بۆ یەكەمجارە كەسێك دەناسی و هێشتا بە تەواوی كەسەكە ناناسی پرسیاری سێكسی مەكە و هەروەها باسی ئەزموونەكانی خۆت لەبارەی سێكسەوە مەكە، چونكە لایەنی بەرامبەر ناڕەحەت و نیگەران دەكات.
4. مردن
مردن بابەتێكی ترە كە باش نییە لەسەرەتای دەستپێكی گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك كە تازە بۆتە ناسیاوت، باسی بكەی، چونكە لەوانەیە كەشێكی خەمناك و ناخۆش دروست بكات و هەستی بەرامبەرەكەت بریندار بكەی.
5. تەمەن و رووخسار
هەتا بە باشی كەسێك نەناسی و تێكەڵاوی نەبی، باشتر وایە هەرگیز پرسیاری تەمەنی لێنەكەی، هەرچەند رەنگە ئەو پرسیارە بەلای تۆوە ئاسایی بێ، بەڵام بۆ هەندێك كەس پرسیارێكی نائاساییە.
هەروەها بە هیچ شێوەیەك باسی رووخساری كەسەكە مەكە، خۆت لە باسی زیادبوون و دابەزاندنی كێش مەدە. قسەكردن لەسەر ئەم بابەتانە، لەوانەیە كەسی بەرامبەر بخاتە دۆخێكی خراپ و نائارامەوە.
6. گاڵتەكردنی هێرشبەرانە
لەكاتی گفتوگۆكردن خۆت لە گاڵتەكردنی سێكسی یان رەگەزپەرستانە یان گاڵتەكردنی هێرشبەرانە بە دوور بگرە، چونكە ئەو جۆرە لە قسەكردن رێگەیەكی خێرایە بۆ ئەوەی گفتوگۆكەتان كۆتایی پێبێ. هەندێك گاڵتە هەیە كە ئازاری كەسی بەرامبەر دەدات بەبێ ئەوەی خۆت هەستی پێ بكەی. وریا بە لەكاتی گفتوگۆكردن بە تایبەتی لەكاتی گاڵتەكردن، گاڵتە بە رەگەز و كەلتور و زمان و داب و نەریت نەكەی.
7. پەیوەندییەكانی رابردوو
لەكاتی گفتوگۆكردندا هەرگیز پرسیار لە پەیوەندییەكانی رابردووی كەسی بەرامبەرت مەكە، چونكە لەوانەیە كەسەكە بخەیتە دۆخێكەوە كە نەتوانێ باسی بكات و رەنگە كۆتایی بە گفتوگۆكەش بهێنێ.
8. تەندروستی
بابەتی تەندروستی، بابەتێكی گونجاو نییە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو كەسەی تازە ناسیوتە، لەوانەیە باسی نەخۆشییەك یان ئازارێك بكەی كە كەسی بەرامبەر حەز نەكات بیزانێ یان بیبیستێ. بۆیە خۆت بە دوور بگرە، بۆ ئەوەی نەبا دا كەسی بەرامبەر تووشی دڵەڕاوكێ بكەی.
سەرچاوە/ سایت چطور