راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
دەبێت گەشتیاران بە سکاڵاکردن هەماهەنگ بن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو كۆمپانیایانە بكرێت كە فێڵ لە گەشتیاران دەكەن و سزا بدرێن
ماوەی چەند ساڵێكە لەگەڵ كرانەوەی سنووری وڵاتانی دراوسێ و بوونی دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی، دەیان كۆمپانیای گەشتیاریی لە شارەكاندا دروست بوون بە گروپ گەشت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان رێكدەخەن، بەڵام زۆربەی ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە گەشت دەکەن گلەیی لە كەموكوڕیی لە پلانی كۆمپانیاكاندا دەكەن و دەڵێن: بەشی زۆری کۆمپانیاکان ئەو بەڵێنانەی لە پێش گەشتەكە بە گەشتیارانی دەدەن لە کاتی گەشتەکەدا وەک پێویست جێبەجێی ناکەن.
سەردار عەلی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ خێزانەكەی، لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە گەشتی بۆ لوبنان کردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا گەشتیارییەكانی شاری هەولێر گەشتمانکرد بۆ لوبنان، پێش گەشتەکە كۆمپانیاكە بە وێنە پیشانیداین کە هۆتێلێكی زۆر گونجاوی بۆ ئێمە گرتبوو لەو وڵاتە، بەڵام كە چووین بینیمان خراپترین هوتێلی شاری بەیروتی بۆ ئێمە گرتبوو كە ژوور و گەرماوەكانی زۆر پیسبوون، هەركاتێكیش تەلەفۆنمان بۆ كۆمپانیاكە لە شاری هەولێر دەكرد وەڵامیان نەدەداینەوە، رێبەرەكەش دەیوت هەر ئەو هۆتێلەتان بۆ گیراوە.
گلەیی گەشتیارانی هەرێم
بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای گەشتیاریی تۆمارکراو هەیە کە زۆرینەیان هاووڵاتیانی هەرێم بۆ گەشت دەبەنە دەرەوە و ژمارەیەکی کەمیان گەشتیار دەهێننە هەرێم.
شیلان سەعید هاووڵاتییەكی دیکەی شاری هەولێرە چەند رۆژێك بەر لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەشتیاریی چووەتە چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ کوردستانی نوێ وتی: پێش گەشت كردنمان كۆمپانیاكە لە بەرنامەكانیدا بەڵێنی گەشتكردنی چەندین شار و شوێنی گەشتیاریی ئێرانی بە ئێمە دابوو، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ئەو وڵاتە رێبەری كۆمپانیاكە گۆڕانكاریی لە بەرنامەی گەشتەكەدا كرد و بەهۆیەوە لە بینینی چەندین شار و ناوچەی گەشتیاریی بێبەش بووین، كە مافی خۆمان بوو و پارەمان بۆ بینینیان بە کۆمپانیاکە دابوو.
تەنها بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی شاری هەولێر نین کە پابەندنابن بە بەرنامەی گەشتەکەوە، بەڵکو ئەو دۆخە بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی شارەکانی دیکەی هەرێمیش راستە.
ئاوات حەمید هاووڵاتییەكی دیکەیە لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەشتیاریی شاری سلێمانی سەردانی ئێرانی كردووە بۆ کوردستانی نوێ وتی: كارمەندانی كۆمپانیاكە بە پەلە و بە كاتێكی كەم ئێمەیان لە شوێنە گەشتیاریی و شارەكانی ئێراندا گەڕاند هیچ خۆشییەكمان لە گەشتەكەمان نەبینی و هەركاتێكیش گلەییمان بکردایە بە شێوەیەكی توند مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردین.
وتیشی: لە گەشتەكەماندا بۆمان نەبوو بە ئارەزووی خۆمان چێشتخانەیەك بۆ نان خواردن هەڵبژێرین و رێبەرەكان خۆیان چێشتخانە و شوێنی بازاڕكردنیان بۆ ئێمە هەڵدەبژارد، كە ببووە جێگەی گومان بۆ ئێمە كە بۆچی ئەو كارە دەكەن؟
گەشتیارانی هەرێم خوازیارن لایەنی پەیوەندیدار رێوشوێن لە دژی ئەو کۆمپانیایانە بگرێتەبەر کە راستگۆنین لەگەڵ گەشتیاراندا، بەڵام ئەوە کاتێک دەبێت کە گەشتیاران پاش گەڕانەوەیان لە گەشتەکەیان سکاڵا دژی کۆمپانیاکە لە دەستەی گەشتوگوزار تۆمار بکەن و بۆ ئەو مەبەستە بەڵگەی پێویست پێشکەش بکەن.
وەڵامی کارمەندی کۆمپانیایەکی گەشتیاریی
كارمەندی یەكێك لەو كۆمپانیا گەشتیارییانەی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ گەشت دەبەنە دەرەوە نەیشاردەوە کە گەشتیاران چەند جارێك گلەییان لێ کردوون و بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەندێکجار گەشتیاران گلەیی دەکەن کە لەكاتی گەشتەكەدا شوێنێكیان نەبینیوە یان ماوەی بینینی شوێنەكان كەم بووە، بەڵام هۆكارەکەی بۆ كەمیی كاتی گەشتەكە دەگەڕێتەوە كە ئەویش بەهۆی كەمیی نرخی گەشتەكەمانەوە روو دەدات، ئەگەر گروپێكی گەشتیاریی رێكبخەین ماوەكەی یەك هەفتەبێت، ئەوا پارەی زیاتری تێدەچێت و گەشتیارانیشمان دەتوانن زۆربەی ئەو شوێنانە ببینن كە لە بەرنامەی گەشتەكەماندا هەیە، بەڵام گەشتەكانی ئێمە زۆربەی كات بۆ ماوەی دوو رۆژە، بۆیە ئەو گلەییە هەر دروست دەبێت.
وتیشی: هەندێكجار گلەیی گەشتیارانمان سەبارەت بە خراپیی هەڵسوكەوتی رێبەرەكانمان بۆ هاتووەتەوە و هەوڵمانداوە لە گەشتی داهاتوودا بیانگۆڕین، هەروەها هۆكاری بردنی گەشتیارانی یەك گروپ بۆ چێشتخانەیەكی دیاریكراو بۆ ئەوەیە بتوانین بە شێوەیەكی باش كۆنترۆڵی دۆخەکە بكەین بۆ ئەوەی لە شوێنە گشتییەكان دوانەكەوین.
لێپرسینەوەی لایەنی پەیوەندیدار
لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا و رێنمایی كاری كۆمپانیاكان رێكخراوە، بۆیە كاتێك كەسێك دەیەوێت كۆمپانیایەك دابمەزرێنێت، دەبێت پابەندی هەموو رێنماییەكان بێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرجەم کۆمپانیاکانی گەشتیاریی دوای دەستکردن بەکار دەبێت پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و هەر كۆمپانیایەكیش پابەند نەبێت بێگومان لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، لە هەر شوێنێك هەر گەشتیارێك هەستی بەوەكرد كۆمپانیایەك فێڵی لێ كردووە یان بە شێوەیەكی نا یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، دەتوانێت بە شێوەیەكی رەسمی سكاڵا لە بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە شارەكانی هەرێم تۆمار بكات و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
وتیشی: چەند جارێك گەشتیار هاتوونەتە لامان سکاڵایان کردووە، ئەگەر توانرا کێشەکە لەلای ئێمە چارەسەر دەكرێت، ئەگەرنا كەیسەكەیان دەچێتە دادگا و ئەوكات ئێمە دەست ناخەینە ناو كارەكە، لەبەرئەوەی كاری دادگایە دۆسییەکە یەكلایی بكاتەوە.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار پێیوایە هۆكاری دووبارەبوونەوەی ئەو كێشانەی كۆمپانیاكان لەگەڵ گەشتیارانی هەرێم بۆ كەمتەرخەمی ئەوان ناگەڕێتەوە و وتی: ئەگەر گەشتیارەكە نەیەت و لەلای ئێمە سكاڵا لەسەر كۆمپانیای رێكخەری گەشتەكەی تۆمار نەكات ئێمە چۆن بزانین گرفت لە گەشتەدا هەبووە؟ بۆیە دەبێت گەشتیاران هەماهەنگ بن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو كۆمپانیایانە بكرێت كە فێڵ لە گەشتیاران دەكەن، بەڵام هەموو كۆمپانیایەكیش فێڵ لە گەشتیاران ناكات.