راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
رۆژی 3/11/2023 دەستپێکی باران بارینی ئەمساڵ بوو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بەپێی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە شاری هەولێر تەنها 28,2 ملم باران باریوە و بەو بڕە ئاو لە نۆ گەڕەک و ناوچەی جیاوازی هەولێر کۆبووەوە ئەوانیش، بەحرکە، ئازادی، شادی، دارەتوو، بنەسڵاو، سەری بڵند، 100 مەتری، 60 مەتری و ساحەی فرانسۆ هەریری و ئاو چووە ناو چەند ماڵێکەوە و زیانی بە هاووڵاتیان گەیاند.
بۆ ئەو مهبهستە تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر بەهۆی مەترسی لافاوەوە خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، تیم بۆ زۆربەی ئەو شوێنانە نێردراوە کە لافاوی لێ دروست بووە یان ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، وەکو گەڕەکەکانی نەورۆز، ئازادی، شادی و ناحیەکانی بەحرکە و دارەتوو، ئاو هەڵكشاوە و چووەتە ناو حەوشەی ماڵانەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەگەری لێزمەباران هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم.
دروستکردنی پڕۆژە لەسەر رێڕەوی باراناو
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی دروستبوونی چەندین گەڕەكی تازە و دروستكردنی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەسەر رێڕەوی ئاوی باراناوی شارەكە بەشێوەی نازانستی و بۆ بەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەک، بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوی وێرانكەر كە زیانێكی زۆری گیانی و مادی بە خەڵكی چەندین گەڕەكی ئەو شارە گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی لایەنە بەرپرسەکان بەردەوام بانگەشەی چارەسەرکردن دەکەن و هەر لە وەرزی هاوینەوە دەڵێن، ئامادەباشی تەواویان کردووە بۆ وەرزی باران بارین بە مەبەستی رێگریکردن لە لافاو، بەڵام هەر باران دەبارێت دیاردەی کۆبوونەوە و ئاو و دروستبوونی لافاو دەستپێدەکاتەوە و ئاو دەچێتە ناو ماڵانەوە و زیانی دەبێت.
جاسم عومەر دانیشتوویەكی كەرتی نیشتمانی گەڕەكی دارەتووی هەولێرە خانووەكەی لەنزیك رێڕەوی سەرەكی ئاوی باراناوی شارەكەیە و چەند ساڵێكە دروستبوونی لافاو لە گەڕەکەکەیان دووبارە دەبێتەوە دەڵێت، لەگەڵ باران بارین هەموو گەڕەک ترسی لە دروستبوونی لافاو هەیە، لەبەرئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ هەموو باران بارینێکدا ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک ماڵەوە و زیانی پێگەیاندوین، زستانی رابردوو شەو هەبووە لە ترسی لافاو تا بەیانی نەخەوتووم.
وتیشی، ئەمساڵ تائێستا لایەنی پەیوەندیدار نەهاتوون رێگەکە پاك بكەنەوە و خەڵكێكیش هەن رۆژانە زبڵ و پاشماوە فڕێدەدەنە ناو رێڕەوی باراناوەکە، ئەوەش وادەکات لەگەڵ هەر باران بارینێکدا ئاستی ئاو بەرزببێتەوە و بچێتە ناو ماڵەکانەوە.
پاکردنەوەی رێڕەوی باراناو
لە ماوەی رابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی لافاو و لابردنی زیادەڕەوی لەسەر رێڕەوی سەرەكی ئاوی باراناو پارێزگای هەولێر لیژنەیەكی لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك پێكهێناوە رێبوار حەسەن بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای هەولێر كە یەكێكە لە ئەندامانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی لافاو لەشاری هەولێر رایگەیاند، رێڕەوی ئاوی باراناو و ئەو شوێنانەشی زیادەڕەوییان لەسەر رێڕەوەكە كردووە هەموویمان لابردووە و ئەمساڵ وەك قۆناغی یەكەم دەستمان بەكۆنكرێتكردنی نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە چاڵەكەی كۆڕنیشی هەولێر كردووە دواتر وەك پلانی ساڵانە بەشەكانی تری كۆنكرێت دەكەین كە رێڕەوێكی ئاوی باراناوی شارەكەیە و بەشێوازێكی ئەندازەیی رێكی دەخەینەوە، لەبەرئەوەی ئێستا وەك كەناڵی خۆڵییە و هاووڵاتیان زبڵ و پاشماوەی خانووبەرەی تێدەكەن ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، جگە لەوەش لە ناوچەی گردجووتیار و رێڕەوە سرووشتییەكانی سنووری قەزای خەبات، قەزای دەشتی هەولێر و ناحیەی شەمامك كە رووباری وەرزییان لەسەر دروست دەبێت لە وەرزی زستاندا هەموویان خاوێن دەکەینەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە دروستبوونی لافاو.
تەواوبوونی پڕۆژە ستراتیژییەکان مەترسییەکان کەمدەکاتەوە
وتیشی، بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر بڕیاریانداوە بە دروستكردنی 17 پۆندی ئاو و ئێستا هەندێکیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان كە پڕۆژەی ستراتیژین بۆ ئەوەی ئاوی لافاو نەیەتە ناو شارەوە كە جێگەكانیان لە دەوروبەری شارن.
سەبارەت بە لادانی خۆڵ و خاشاك لەسەر رێڕەوە ئاوییەكان باسی لەوەکرد، رێژەیەكی زۆر خۆڵ و پاشماوەمان لەسەر رێڕەوی باراناو لابردووە تەنیا لەناو كۆڕنیشی هەولێر 250 هەزار مەتر موكەعەب پاشماوەمان لابردووە
لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێبوار حەسەن بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای هەولێر وتی، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا هێشتا مەترسی دووبارە بوونەوەی لافاو هەیە، چونكە كەس ناتوانێت پێش بەو دیاردەیە بگرێت و لافاویش هەمیشە هەبووە، هەرکات پلانە درێژخایەن و ستراتیژییەکانی رێگریکردن لە لافاو جێبەجێ کران مەترسی دروستبوونی لافاو لە هەولێر کەمدەبێتەوە.
هەموو ئەوانە لە کاتێكدایە ساڵی رابردوو راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت رەزامەندی درا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی 35 ملیار 728ملیۆن 464 هەزار دینار، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چارەسەری کێشەی لافاو لە هەولێر.