پەیام و بەرنامەی لیستی ی.ن.ك لە پارێزگای دیالە

11:04 - 2023-11-13
دووتوێ
472 جار خوێندراوەتەوە

پەیام و بەرنامەی لیستی ی.ن.ك لە پارێزگای دیالە

جەماوەری تێكۆشەری پارێزگای دیالە
جەماوەری خانەقینی پایتەختی گەرمەسێری مەڵبەندی تیكۆشان و كۆڵنەدان.
دڵسۆزانی شەهیدپەروەر و تیرۆربەزێنی جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و جەبارە و مەندەلی و دەڤەری گەرمەسێر بە گشتی.

ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بەگشتی و ناوچە دابڕێنراوەكانی سنووری پارێزگای دیالە بەتایبەتی لە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی جۆراوجۆر پێكدێت و مافەكانیان لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا دیاریكراوە، لەم روانگەیەوە لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەكۆشێت بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەی (140)ی دەستوری عیراق و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتیانی ناوچەكە و بەهێزكردنی بنەما دیموكراتییەكان و پشتیوانیكردنی رێكخراوكانی كۆمەڵی مەدەنی، هەروەك تێدەكۆشێت بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی دەڤەری گەرمەسێر كە بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە ناوچەكە دۆخێكی ناهەمواری (ئیداری، سیاسی، ئەمنی، خزمەتگوزاری) بەخۆیەوە دەبینێت.
بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەكی نوێی واقیعبینانەمان داڕشتووە و كاندیدەكانیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و تویژەكانی كۆمەڵگە دەكەن و لە كەسانی بە ئەزموون و دڵسۆز و خاكی ناو كۆمەڵگە پێكدێن.

تەوەرەكانی بەرنامەی لیستی ی.ن.ك پێكدێن لە:
یەكەم / كەرتی ئیداری:

- چەسپاندنی گیانی تەبایی و ئاشتی و پێكەوەژیانی هاووڵاتیانی پارێزگای دیالە و هەموو شار و شارۆچكەكانی پارێزگای دیالە بەبێ جیاوازیی (ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی).
- ئەركی سەرەكیمان ئاسایكردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری ناوچە دابڕێنراوەكانی سەربە پارێزگای دیالەیە.
- نەهێشتنی ئاسەواری بڕیارەكانی (مەجلسی قیادەی سەورە) و بڕیارەكانی (لیژنەی شئوونی شیمال) و چارەسەركردنی كێشەی جووتیارانی كورد لە پارێزگای دیالە.
- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی دەڤەری گەرمەسێر بۆ سەر زێدی خۆیان.
- دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی ناوچەكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە.
- دابینكردنی پێداویستییە كارگێڕییەكان بۆ ئیدارە خۆجێیەكەی پاریزگای دیالە.
- كاردەكەین بۆ بەكارهێنانی سیستمی یەك پەنجەرە (النافذة الواحدة) بۆ رایكردنی كاری هاووڵاتیان لە فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكان.
- روبەڕوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لەسەر بنەمای (شەفافیەت) لە داهات و خەرجییە گشتییەكان.
- كاركردن لەسەر بنەمای پاداشت و سزاو و پەرەپێدانی توانا كەسییەكان لە تەواوی دامودەزگاكاندا.
- رێگریگرتن لە بەكارهێنانی دامودەزگا حكومیەكان بۆ بەرژەوەندیی كەسی و تایبەت و بنبڕكردنی دەستوەردانی حزبی.
- بە دەستهێنانەوەی ئەو پۆستانەی كە مافی كوردە و بەهۆی رووداوەكانی دوای ریفراندۆمەوە كورد لە دەستی داوە.
- كاردەكەین بۆ نەهێشتنی ئەو نادادپەروەرییەی كە لە بوجەی قەزاكانی سەر بە پارێزگای دیالە پەیڕەو دەكرێت. 
- پیادەكردنی سیاسەتێكی واقیعبینانە و پتەوكردنی گیانی یەكتر قبوڵكردن و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی دیالە.
- كاردەكەین بۆ دانانی ماستەرپلانێكی نوێ بۆ شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكە بە تایبەتی لە سنووری خانەقین و رێكخستنی گەڕەكە تازە دروستكراوەكان بەشێوەیەكی یاسایی.
 - رێگریكردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گشتی بەشێوەیەكی نایاسایی.   
- هەوڵدان بۆئەوەی لەڕێی نوێنەرانی یەكێتی لە بەغدا مادەی (140)ی دەستووری عیراقی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
- كاركردن بۆئەوەی زمانی كوردی وەك لە دەستووری عیراقیدا هاتووە، شان بەشانی زمانی عەرەبی لە فەرمانگە حكومییەكاندا لە ناوچە دابڕێنراوەكانی دیالەدا بەفەرمی بەكاربێت.
- رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆئەوەی ژنان بتوانن لە پۆستە حكومییەكان بەشداری بكەن و رۆڵی سەرەكییان هەبێت لەسەرجەم كایەكانی ژیان  و بە دەستهێنانی مافەكانیان. 
- نۆژەنكردنەوەی شەقام و جادەی ناوشار و شارۆچكەكان و رێگای نێوان دێهاتەكان. 
- كاردەكەین بۆئەوەی لەڕێی نوێنەرانی (ی.ن.ك) لە حكومەتی فیدراڵەوە بڕیاری دادگای تاوانەكانی عیراقی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفال و زیان لێكەوتوان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
- كاردەكەین بۆئەوەی بنەمای لامەركەزی ئیداری و دارایی لە پارێزگاوە شۆڕببێتەوە بۆ قەزا و ناحیەكان.

دووەم / كەرتی ئەمنی: 
- نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی كە بەهۆی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعشەوە لە هەندێك دێهاتی ناوچەكە بەدی دەكرێت. 
- هەوڵدان بۆ نەهێشتنی فكری توندڕەوی و توندوتیژی تیرۆرستانی داعش و هاوبیر و هاوشێوەكانی.
- رێگریكردن لەو عەقڵیەتەی كە هەوڵی سەرلەنوێ تەعریبكردنی ناوچەكانی گەرمەسێر دەدەن و گوشارە سەربازییەكان بەكاردێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار و موڵكی جووتیارانی كورد لە ناوچەكە.
- دروستكردنی پردی پەیوەندی و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی ناوچەكە، ئەمەش كەشێكی ئارام و سەقامگیر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
- كاردەكەین بۆئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە كۆتایی بەو ناسەقامگیرییە بێت و ئەركی پاراستنی ناوشار تەنها بكەوێتە سەرشانی پۆلیس و هێزە ناوخۆییەكانی شار و شارۆچكەكانی ناوچە دابڕێنراوەكانی پارێزگای دیالە.
- دانانی پلانێكی گونجاو بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی دیاردەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان و كردنەوەی سەنتەری چارەسەری ئالودەبووانی مادە هۆشبەرەكان.
- كاردەكەین بۆ كۆتایی هێنان بە سیاسەت و عەقڵیەت و دەسەڵاتی خۆسەپێن و تاكڕەوانەی هاوبیرەكانی رژێمی بەعس لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەكان.

سێیەم / كەرتی تەندروستی و ژینگەیی:
- گرنگیدان بە كەرتی ژینگە و ئەنجامدانی هەڵمەتی پاككردنەوەی شار و شاروچكەكانی دەڤەرەكە و رواندنی دار و درەخت.
- زیادكردنی باخچە و رێژەی سەوزایی لە سنووری دەڤەرەكە. 
- دابینكردنی پێداویستییە مرۆیی و لۆجستیەكانی تایبەت بە كۆكردنەوە و لەناوبردنی خۆڵ و خاشاكی ناوشار و شارۆچكەكان.
- كۆنترۆڵكردنی سیستمی هێنانی دەرمان و پەیڕەوكردنی هاوتاكردنی نرخەكانیان.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی بنكەی تەندروستی لە گوندەكان. 
- نەهێشتنی ئەو سەرچاوانەی كە هۆكاری پیسبوونی ژینگەن. 
- گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری كە هەلی كار دەرەخسێنێت و خزمەت بە لایەنی ژینگەیی دەكات، لەم روانگەیە و كار دەكەین بۆ گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزاری لە دەڤەری خانەقین كە شوێنكی گونجاوە و دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ راکێشانی سەرنجی  گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عیراق.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی كۆلێژێك یان پەیمانگایەكی تایبەتی ژینگە لە خانەقین. 
- پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كادری ئەكادیمی تایبەت بە هۆشیاری و پاراستنی ژینگە.
- كاركردن بۆ گەشەپێدانی كەرتی تەندروستی لەسەر ئاستی گشتی و تایبەت.
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی پێویست لە سنووری پارێزگاكە.

چوارەم/ كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا:
- گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە خانەقین و دەوروبەری.
- دانانی پلانێكی گونجاو بۆ ئەوەی لەڕێی تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە بەغدا كێشەی مامۆستایانی زمانی كوردی لە سنووری پارێزگای دیالە چارەسەر بكەین و میلاكیان بخرێتە سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی پەیمانگا و كۆلێژی زیاتر لە خانەقین.
- كاردەكەین بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی خوێندنگە و باخچەی ساوایان و دایەنگە بەشێوەیەكی هاوچەرخ.
- گەشەپێدانی تواناكانی مامۆستایان و كارمەندانی بواری پەروەردە.
- كاردەكەین بۆ ئەوەی لە بەغدا دان بە زانكۆی گەرمیان بنرێت بۆئەوەی دەرچووانی كۆلیژەكانی خانەقین كە سەربە زانكۆی گەرمیانن لە دەزگاكانی ئیدارەی دیالە دابمەزرێن.
- كاردەكەین بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی حكومی لە خانەقین. 

پێنجەم / كەرتی هونەری و وەرزشی و لاوان:
- دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ رەخساندنی  هەلی كار بۆ گەنجان لە بوارە جیاوازەكاندا و چارەسەركردنی كێشەی بێكاری. 
- دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ رێگریكردن لە كۆچكردنی گەنجانی ناوچەكە.
- ئەنجامدانی فێستیڤاڵی تایبەتی هونەری و وەرزشی.
- یارمەتیدانی گەنجانی بەهرەمەند لە بوارە جیاوازەكاندا. 
- گرنگیدان بە گەنجان و خوێندكاران و ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
- ئەنجامدانی كۆڕ و سیمیناری هونەری و ئەدەبی و وەرزشی.
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی یاریگا و كردنەوەی یانەی وەرزشی و خول و دابینكردنی پێداویستییە وەرزشییەكان.
- كاردەكەین بۆ دروستكردنی پەیكەری تایبەت بۆ هونەرمەندان و شاعیران و وەرزشوانانی نەمر.

شەشەم / كەرتی كشتوكاڵ و ئاو و ئاودێری:
- كاركردن بۆ ئەوەی گرنگییەكی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ بدرێت لە ناوچەكە و پێداویستییە لۆجستیەكانی كەرتی كشتوكاڵی بۆ جووتیاران دابین بكرێت.
- گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی ناوچەكە. 
- كاردەكەین بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵی لە گوندەكان.
- كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە و ئاوی ئاودێری لە سنووری دەڤەری خانەقین و دەوروبەری.
- كاردەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی ئاودێری لە سنووری پارێزگاكە.
- ئەنجامدانی فێستیڤاڵی تایبەت بۆ خستنەڕووی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە وەكو (خورما، پرتەقاڵ، لالەنگی و...هتد).
- لەڕێی نوێنەرانمان لە حكومەتی فیدراڵ كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی رووباری ئەڵوەن.
- كاردەكەین بۆ پێشخستنی كەرتەكانی ئاژەڵداری و ماسی و گرنگیدان بە كردنەوەی نۆڕینگەی ڤێرتەرنەری لە ناوچە جیاجیاكانی دەڤەرەكە.
- گرنگیدانی زیاتر بە بەنداوی ئەڵوەن كە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاودێری و سامانی ماسی و گەشتوگوزاری. 
- دابینكردنی كۆگای تایبەت بۆ هەڵگرتنی گەنمی جووتیاران.

حەوتەم / كەرتی پیشەسازی و وزە:
- چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە ناوشار و شارۆچكە و گوندەكانی پارێزگاكە و دابینكردنی وێستگەی زیاتری كارەبا.
- لە رێی تیمی یەكێتی لە حكومەتی فیدراڵ كاردەكەین بۆ گەڕانەوەی پاڵاوتگەی نەوت، كە هەلی كار زیاد دەكات و دەبێتە هۆی دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لە رووی سووتەمەنییەوە. 
- پێشخستنی پیشەسازی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگاكە كە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار.

جەماوەری دەڤەری  گەرمەسێری خۆڕاگر:
لەهەموو وێستگە جیاوازەكانی خەباتدا ئێوە بە خوێنی خۆتان یان بە دەنگی خۆتان سەربەرزانە ناسنامەی كوردستانیبوونی خانەقین و دەڤەری گەمەسێرتان سەلماندووە. دە با ئەمجارەش دەنگی زوڵاڵتان بكەنە گەردەلوولێكی بەهێز لە دژی پیلانی پاشماوەكانی داعش و هاوبیر و دۆستەكانیان كە چەندین ساڵە پیلانی ژەهراوی لە دژی دەڤەرەكەتان دادەڕێژن. با ئەمجارەش وەك هەمیشە پێكەوە سروودی سەركەوتن لەسەر پردی ئەڵوەن بڵێینەوە و ئەم سەركەوتنە بكەینە بەڵگەنامەیەكی دیكەی مێژوویی و كوردستانیبوونی خانەقین و هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی پارێزگای دیالە بسەلمێنین و بەم سەركەوتنەش رۆحیانەتی شەهیدان شاد بكەین.
لیستی (ی.ن.ك)  لە پارێزگای دیالە

#هەڵبژاردن #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان