یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئارامی و ئاسایشی ناوچە جێناكۆكەكان بەرنامە و پلانی تایبەتی هەیە و بەپێی بەرنامەی هاوپەیمانی و لیستەكانی لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، هەوڵی دەستەبەری ئارامی و ئاسایشی زیاتر بۆ ناوچەكە دەدات، تەئكیدیشدەكاتەوە كە «پێویستە ئارامیی ناو پارێزگاكان بە هێزە ناوخۆییەكانی وەك پۆلیس بسپێردرێت و هێزە دەرەكییەكان بكرێنە دەرەوەی شار».
متمانەی نێوان پێكهاتەكان، ئارامی دەگەڕێنێتەوە
عامر خەڵەف حەمەد كاندیدی ژمارە ٩ لە هاوپەیمانیی یەكێتی خەڵكی نەینەوا ١٣٤، بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «یەكێتی، لەڕێگەی كاندیدەكانییەوە كاردەكات بۆ كۆتاییهێنان بە هەندێ رەفتار، كە هەندێ لایەنی سیاسی بەعەقڵیەتی ستەمكارانە لە نەینەوا پەیڕەوی دەكەن». وتیشی: بەرنامە و پلانی یەكێتی بەشێوەیەكە كە ئارامی بۆ ناوچەكان بگەڕێنێتەوە و پێكهاتەكان باشتر لە رابردوو متمانەیان بەیەكتر هەبێت».
یەكێتی، وەك هەمیشە هەوڵەكانی بۆ ئارامی ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك چڕتردەكاتەوە و دەیەوێت ئەركی پاراستنی ناو شاری كەركوك بە پۆلیس و هێزە ناوخۆكان بسپێردرێت، رێگەش نادات بەرژەوەندیی تەسكی حزبی ئارامیی كەركوك بشێوێنێت.
جەنگیز عیزەدین مەحمود كاندیدی ژمارەی ١٤ لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢، بە PUKMEDIAی وتووە: «وەك چۆن لە رابردوودا بۆ ئارامیی كەركوك و دەوروبەری، یەكێتی شەهیدی داوە و بەرگریی لێكردووە، لەداهاتووشدا بەهەمان گوڕوتینی رابردوو هەوڵەكانمان لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ ئارامیی شارەكە چڕدەكەینەوە و كاردەكەین تا ئەركی پاراستنی ناوشار تەنها بە پۆلیس و هێزە ناوخۆییەكان بسپێردرێت». وتیشی: «یەكێتی پارێزەری هەموو كوردستانە، ئەوەش رێبازی سەرۆك مام جەلال-ەو ئێمەش درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبین و كاردەكەین بۆ ئارامی و سەقامگیری هەموو ناوچەكان».
پێشمەرگە پێویستە بۆ ئارامیی دیالە
یەكێتی، دەیەوێت لەڕێگەی بەرنامەكەیەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئارامیی زیاتر بۆ پارێزگاكە دەستەبەربكات و هێزی پێشمەرگەش بە پێویستییەكی جدی بۆ ئارامیی سنوورەكە دەزانێت.
جاسم حەمە ئیسماعیل كاندیدی ژمارەی ٦ی یەكێتی لە لیستی یەكێتی لە دیالە ژمارە ١٢٠، بە PUKMEDIAی وتووە: «لەڕێگەی نەهێشتنی جیاوازیی نەتەوەیی و ئاینییەوە، هەوڵی بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەكەماندا دەدەین و بەرنامەی یەكێتی دەستەبەری ئارامیی زیاترە بۆ پارێزگاكە». وتیشی: «لە ئەگەری دەرچوونی زۆرترین كاندیدمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، هەوڵدەدەین هێزەكانی ناو پارێزگاكە پۆلیسی فیدراڵی بن و بوونی هێزی پێشمەرگەش پێویستییەكی جدییە و دەتوانن ئارامی زیاتر بۆ سنوورەكە دەستەبەربكەن».
PUKMEDIA