راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستبەسەرداگرتنی کێڵگەیەکی چێنراو بەمادە هۆشبەرەکانی لە شاری هەڵەبجە راگەیاند، باندێکی سێ کەسی رووەکی هۆشبەر لەجۆری حەشیش (ماریجوانا)یان چاندووە و بازرگانییان پێوە کردووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەدوای چاودێریکردن و بەدەستهێنانی زانیاری ورد، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەناو شاری هەڵەبجە دەستیانگرت بەسەر کێڵگەیەکی داچێنراو بە حەشیش (ماریجوانا) کە تۆمەتباران بەشێوەیەکی شاراوە (65)بن رووەکی هۆشبەریان چاندبوو بە مەبەستی بازرگانیکردن.
وتیشی، دوای هەڵاتنی تۆمەتباران، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا باندەکە دەستگیربکرێن پێکهاتبوون لە سێ تۆمەتبار و دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەری ئامادەکراو بۆ فرۆشتنەوە، دواتر بە ئامادەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم رووەکە هۆشبەرەکانی ناو کێڵگەکە بەشێوەیەکی زانستی لەناوبران و تۆمەتباران بە مادەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی ئەو مادە زیانبەخشانەی کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.
ئاماری دەستبەسەراگرتنی مادە هۆشبەرەکان
ئەوە لە کاتێكدایە بەپێی چەند راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ماوەی ئەمساڵدا 2023 دەستگیراوە بەسەر هەزار و 905 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرە جیاوازەکانی تلیاك، هیرۆین، کریستال، حەشیش، جامایکا، لکزس، تریفین، ماریجوانا، کۆکاین و کاپتاگۆن بە رێژەی جیاواز و دەنکە حەب لە جۆرەکانی ترامادۆڵ، میتادۆن، لەگەڵ دوو هەزار و 184 شیت حەبی تری هۆشبەر، هاوکات 446 تۆمەتباریش دەستگیرکراون بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکان و 598 کەسی تریش بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان دەستگیر کراون.
یەکێک لە دیاردە هەرە زیانبەخشهكانی کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و وڵاتانی دواکەوتوو بەتایبەتی مادەی هۆشبەرە، لەڕێی دەرزی و بۆنکردنهوه بەکاردەهێنرێت و دەگوازرێتەوە بۆ دەمارەکانی لەش و دوای تێکەڵبوونی لەگەڵ خوێن دەبێتە هۆی ئالوودە بوون.
تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە
بهكارهێنهری مادهی هۆشبهر لەڕووی تەندروستییەوە توشی لاوازی واتە کەمی کێش دەبێت و حەز و ئارەزووی خواردنی کەم دەبێت نیشانەکانی لەسەر جەستە و رێکردن بەدی دەکرێت و توانای بەرگەگرتنی نەخۆشی و گرفته تهندروستییهكانی كهمدهبێتهوه، لەڕووی دەروونییهوه مادهی هۆشبهر زەمینەیەکی رەش دەخوڵقێنێت بۆ کەسی بەکارهێنەر هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە کەسی قوربانی تووشی داڕمانی کەسێتی و ئابووری دەبێتەوە، تاکی قوربانی مادە هۆشبەرەکان کەسێکی پەشۆکاو و کەم ئەزموون وێنا دەکرێت و دوای وازهێنانیش وێنایەکی خراپی دەبێت لەکۆمەڵگەدا.
میران ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، مادەی هۆشبەر بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و لەباربردنی توانا و تەندروستی کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت و مەترسییەکانی کەمتر نییە لە تیرۆر.
وتیشی، بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان تەنیا ئەركی حكومەت نییە، بەڵكو ئەركی هاوبەشی هەموو لایەكە ناوەندە پەروەردەیی، ئەكادیمی، رۆشنبیریی، ئایینی و دەزگاكانی راگەیاندن، بەردەوام هەڵمەتیان هەبێت بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بەتایبەت گەنجان لە مەترسییە كوشندەكانی ئەم پەتایە و بەهیچ شێوەیەك كەمتەرخەمی نەبێت لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی مادەی هۆشبەردا.
مادەی
هۆشبەر
بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و لەباربردنی
توانا و تەندروستی هەموان بەکاردەهێنرێت و مەترسییەکانی کەمتر نییە
لە تیرۆر
سوککردنی سزای بازرگانانی مادەهۆشبەرەکان
پێشتر لە عیراق و هەرێم یاسایەک لە بواری مادەهۆشبەرەکان کاری پێدەکرا کە هی ساڵی 1965 بوو، یاساکە مادەی 14 بڕگەی یەکەمی تایبەت بوو بە سزادانی بازرگانانی مادەی هۆشبەر بە جۆرێک کەمترین سزای بریتی بوو لە زیندانی کردن بۆ ماوەی 15 ساڵ یان زیندانی هەتا هەتایی یان لە سێدارەدان، مەگەر دادگا بە بەکارهێنانی بەزەیی سزاکەی کەمتر بکردایەوە و لە پێنج ساڵ بەرەو سەر دەستی پێبکردایە کە زۆرجار دادگای تەمیز زیادی دەکردەوە بۆ 15ساڵ زیندانیکردن.
پارێزەرێک رەخنە لە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێی تایبەت بە کەمکردنەوەی سزاکانی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان دەگرێت و بە هۆکاری زیادبوونی بەکارهێنەرانی دادەنێت لە کۆمەڵگەدا.
پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر دەڵێت، لە ساڵی 2020 لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی نوێ دەرکرا کە یاساکە لە ساڵی 2017 لە عیراق دەرچوو بوو و لێرەش پەسەندکرا، تیایدا سزاکانی بازرگانانی مادەی هۆشبەری دابەزاند بۆ خوار پێنج ساڵ، بەڵام سزای غرامەکردن زیاد کرا لە 15 ملیۆن دینارەوە بۆ 30 ملیۆن و زیاتریش تا 90 ملیۆن دینار، کە پێشتر زیاتر گرنگی بە بەندکردن و زیندانیکردن درابوو تا غەرامەکردن.
وتیشی، بەمەش سەدان کەسی بازرگانی مادەی هۆشبەر بەهۆی سوککردنی یاساکە و کەمبوونەوەی حوکمەکانیان ئازادکران ئەویش بە داواکردنی دووبارە دادگایی کردنەوەیان بە یاسا تازەکە و بەمەش زۆربەی زۆریان ئازادبوون و هاتنەوە ناو کۆمەڵگە بەوەش بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر روو لەزیادبوونە و بووەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر هەموان.