پەیامی ئەمڕۆ

هەر لەئێستاوە سەركەوتین

11:18 - 2023-11-14
کوردستان
460 جار خوێندراوەتەوە

هەفتەی یەكەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك بە سەركەوتوویی و سەربەرزی و لە كەشێكی خۆشی و ئاهەنگسازی تێپەڕی. تائێستا هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، یەكەمی شارەكەیە و هەر لەئێستاشەوە زەنگی سەركەوتن لێدرا.
هەر لە ئێستاوە كەمپینی ١٤٢ شارەكەی لەگەڵ ئاڵای كوردستان و دروشمی كوردستانی بە زمانی شیرین و رەوانی كوردی و بە زمانی بەلاغەی عەرەبی بۆ پێكەوەژیان ئاشتكردەوە و ترسی حوكمی میلیشیا و نیازی گڵاوی تەعریبـی نوێباوی لە دڵی كەركوكییە رەسەنەكان دەركرد.
وا لەم كەمپینەدا ویستی سیاسیی ناسنامە و رەنگی كوردانە لەم شارە كە خۆی هەر هەیە و هەر رەسەنە بوژاوەتەوە.
ئەم هەفتەیە بە گوڕوتینی یەكێتیانە و هاوپەیمانیی ئیرادە و هێزی دیموكراتی هاتۆتە كۆڕی هەڵبژاردنەوە. 
سا بەڵكو خەڵكی تریش لەم نەبەردی دیموكراتییەدا بوێرن و كەمێك ئازایەتی كوردایەتی و دیموكراتی بدەنە بەر خۆیان و ململانێ رەواكەی مێژووی كوردستانی لە ناو جەرگەی كەركوك  گەرمتر بكەن.
لەم كەمپینە ئازادەدا. شەقامەكانی كەركوك و دەڤەرەكانی دەوروبەری  ئاڵوواڵایە  بە ئاڵا و  دروشم و روخساری كاندیدی گەنج و بوێر، ئازا و بە جەرگ كە تیمی ١٤٢ و بەڵێنەكانی بەرجەستە دەكەن.
لە هەفتەی یەكەمەوە هەڵبژاردنی كەركوكمان بردەوە، ماوەتەوە سەر ئەوەی جێگیری بكەین، تاجی سەركەوتن لەسەر قەڵا بنێین و شایی بردنەوە بگێڕین.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان