سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێكی بۆ یادی سلێمانی بڵاوكردەوە

12:50 - 2023-11-14
عیراق
314 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم شارە زیندووەی نیشتمان لە بنیاتنانی عیراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەھێزی گێڕا، جێدەستی لە ھێنانەکایەی عیراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆری زۆر باش دەناسرێتەوە، ھەر بۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆ ئەوەی جوانتر و جوانتر بێت.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک کۆمار بۆ یادی سلێمانی:

ئەمساڵ سلێمانی یادی 239 ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە ھەر لە دروستبوونییەوە لەسەردەستی بابانەکان تا ئێستا لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عیراق و تەنانەت ناوچەکەشدا پێشەنگ بێت و ببێتە نموونەیەک لە جوانییەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق.
کاتێک لە ساڵی 1784دا لە لایەن ئیبراھیم پاشای بابان، ئەم شارە بونیاد دەنرێت، بەناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوی دەنێت سلێمانی و دەیکاتە پایتەختی میرنشینی بابان، لە ھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و خوێندەواری و شارستانی.
شاری سلێمانی، کە پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستانە، بەدرێژایی مێژووەکەی بۆتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان. 
لەم شارەوە گەلێک کەسایەتی سیاسی و خەباتکار و رۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و دڵسۆزی خاک و وڵات دەرکەوتوون و بەدرێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردوە.
سلێمانی لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە خراپەکانی عیراق وەک بەعس وچانی نەبوو، ھەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست و دور لە سەرکوتکردن بژی، رۆڵەکانی ھەمیشە خەبات دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بژین و بۆ نەوەکانی ئایندەی بەدەستبھێنن، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دروشمی عیراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی و مافی گەلی کوردە لە عیراقدا و پشتگیری خەباتی ھەموو کوردی کردوە لە ھەموو کوردستاندا.
ھەر لە دروستبونی دەوڵەتی عیراقەوە، سەرکردەکانی کورد وەک جەنابی شێخ مەحمودی حەفید داوای مافی کورد و دۆستایەتیان لەگەڵ گەلی عەرەب کردوە.
 لەم پێناوەدا زۆرجار لەگەڵ برا عەرەبەکاندا خاوەن خەبات بووین بۆ عیراقێکی دیموکراتی و بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد.
ھەر لەم چوارچێوەیەدا رۆشنبیرەکانی کورد و عەرەب دۆستایەتی بەھێز و پێکەوە تێکۆشانیان ھەیە لەپێناوی بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکاندا.
ئەم شارە زیندوەی نیشتمان لە بونیادنانی عیراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەھێزی گێڕا، جێدەستی لە ھێنانەکایەی عیراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆری زۆر باش دەناسرێتەوە، ھەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر و جوانتر بێت. بەتایبەت کە زۆربەی ھێزە سیاسییەکان بنکەی بەھێزیان لە سلێمانی بووە.
ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ھەمیشە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی ھەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوام و کارکردنی پێکەوەییداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان