لە یادی نۆ ساڵەی كۆچی دوایی د.كەمال فوئاد دا

10:08 - 2023-11-15
کوردستان
340 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

بەوپێیەی كوڕی بنەماڵەیەكی خوێندەوار و هۆشیاری بابان و شاری سلێمانییە، كە خاوەن بڕوانامەی بەرزن و لە فەرمانڕەوایی شاری سلێمانیدا كاربەدەستی باڵا و خاوەن بڕیار بوون، د. كەمال فوئاد لە كەشێكی خێزانیی كراوە و هۆشیاردا پەروەردە و گەورە بووە.

هەر لەسەر رێباز و سروشتی بنەماڵەكەی، كە لە خزمەتكردنی شاری سلێمانی و كوردستاندا رۆڵیان هەبووە، لە سەرەتای لاوێتییەوە رێچكەی تێكۆشانی چینایەتی و رووناکبیری و دواتریش نەتەوایەتی گرتۆتەبەر و لە دواجاریشدا وەك رووناکبیرێکی گەورە و سیاسەتمەدارێكی منەوەر، ناوی چووە مێژووی نەتەوەكەیەوە.
رێڕەوی مێژووی ژیانی د.كەمال فوئاد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین وێستگەی گرنگی تێكۆشانی چینایەتی، رووناکبیری، نەتەوەیی، رۆژنامەگەری و زۆری دیكە لەخۆدەگرێت و لە هەر یەكێكیاندا، خاوەن دەستكەوت و سەروەریی مەزنە، دێڕەكانی ژیاننامەی ئەم سەركردە مەزنەی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبەرامبەر كارایی و گەورەیی پیاوێكدا راماندەگرێت و لە ژماردنی دەستكەوت و بەرهەمەكانیدا، سەرسام دەبین.
سەركردەی نەمر كەمال عەبدولكەریم محەمەد فوئاد (د.كەمال فوئاد) لە ساڵی 1932 لە سلێمانی لەدایکبووە، لە منداڵییەوە هەستی پێشكەوتنخوازانەی هەبووە و ئەو هەستەش وایلێكردووە لە تەمەنی 15 ساڵیدا پەیوەندی بكات بە حزبی شیوعیی عیراقەوە.
ساڵی 1952 چۆتە بەغدا و لە كۆلیژی ئەندازیاری خوێندوێتی، لەو ماوەیەدا رۆڵی كاریگەری هەبووە لە چالاكییە جەماوەرییەكانی حزبی شیوعیدا، بەو هۆیەشەوە ماوەی دوو ساڵ زیندانی كراوە، ساڵی 1954 ئازادكراوە و كراوە بە لێپرسراوی رێكخستنەكانی پارێزگای سلێمانی لقی حزبی شیوعی.
ساڵی 1957 بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەییەوە، وازی لە حزبی شیوعی هێنا و پەیوەندیی کردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، كە ئەو كاتە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رابەرایەتی دەكرد، هەر ئەو ساڵە چووە ئەڵمانیای خۆرئاوا و لەوێ خوێندنی زانكۆی تەواوكرد و بڕوانامەی دكتۆرای وەرگرت.
لە ساڵانی شەستەكاندا رۆڵی گرنگ و بنچینەیی بینیووە لە خەباتی خوێندكاری و كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا و ئاڕاستەكردنیان بەرەو بزووتنەوەی كوردایەتی.
ساڵی 1965 لە ئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی (كوردستان)ی كۆكردەوە و ساڵی 1972 لە كتێبێكدا چاپی كرد.
ساڵی 1971 گەڕایەوە عیراق و بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكانی بەغدا و سلێمانی كردەوە و زۆربەی وانەكانیشی تیایاندا دەوتەوە.
 ساڵی 1974 كە شەڕی نێوان شۆڕشی كورد و حكومەتی عیراق هەڵگیرسایەوە، وازیهێنا و بوو بە پێشمەرگە تا هەرەسی شۆڕش لە ساڵی 1975دا و پاشان گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا.
لەو سەروبەندەدا لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەشداربوو، بووە یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی و هەر لە ئەڵمانیاش بڵاویكردەوە.
هەرچەندە لە ساڵی 1977دا لە یەكەمین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی لە ناوچەی برادۆست نەیتوانی بەشداربێت و لە ئەڵمانیا بوو، بەڵام بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، ساڵی 1982 رۆڵی هەبوو لە یەكگرتنی (هێڵی گشتی و بزووتنەوەی سۆشیالیستی) و دامەزراندنی یەكێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا.
ساڵی 1992 لە یەكەم كۆنگرەی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی و دواتر مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و هەمان ساڵ بوو بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز.
ساڵی 1997 بووە بە جێگری سەرۆك وەزیران لە ئیدارەی سلێمانی.
لە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان یەكێتی و پارتی و جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی واشنتۆندا، رۆڵی گرنگی گێڕاوە.
ساڵی 2001 لە دووەم كۆنگرەی یەكێتیدا بەبێ هەڵبژاردن بە ئەندامی سەركردایەتی و دواتر مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، ساڵی 2002-2005 كرا بە سەرۆكی دەوریی پەرلەمانی كوردستان.
 ساڵی 2010 لە سێیەم كۆنگرەی یەكێتیدا بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە، خۆی بۆ ئەندامی سەركردایەتی هەڵنەبژاردەوە.
شەوی 15\16/11/2014 بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد و هەر لەوێش بەخاكسپێردرا.

 

 

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان