عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی
مێژووگه‌رایی نوێ له ره‌خنه‌دا، ده‌كه‌وێته خانه‌ی ره‌وته‌كانی پاش نوێگه‌ریی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، به دیدێكی مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قی ئه‌ده‌بی راڤه ده‌كات، هه‌وڵده‌دات له زه‌مینه‌یه‌كی مێژوویی‌دا له كاره ئه‌ده‌بییه‌كه بگات، سه‌رهه‌ڵدانی، جۆرێك به‌رپه‌رچدانه‌وه بوو دژی زیده‌ڕۆیی بونیادگه‌ری و ره‌خنه‌ی نوێ له فۆرمخوازیدا.
ئه‌م ره‌وته سوودی له چه‌مكه‌كانی بیریاری فه‌ره‌نسی "میشێل فوكۆ" بینیوه. له گوتاری فیكری و شیكردنه‌وه‌ی خۆیدا پشت به زمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێكشكاندنی مێژووی گێڕانه‌وه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌به‌ستێت.
مێژووگه‌رایی نوێ ئایدیۆلۆجیای چینی زاڵ ده‌خاته لاوه، سیسته‌می باوی كۆمه‌ڵگه‌ی باو ریسوا ده‌كات، ره‌خنه‌ی مێژووگه‌رایی نوێ باوه‌ڕی به بوونی زۆر كونوكه‌له‌به‌ری مێژووه فه‌رمییه‌كان هه‌یه، كه تێیاندا ده‌سته و گرووپ و چین په‌راوێز ده‌خرێن و چین و ده‌سته‌ی تر له جێگه‌یاندا زاڵ ده‌كرێن.(1). ئه‌مان رایان وایه حه‌قیقه‌تی مێژوویی له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و غه‌یره ئه‌ده‌بیدا وه‌ك خۆی دووباره‌نابێته‌وه. ئیتر رۆڵی گێڕانه‌وه له‌سه‌ر مێژوو دێت،. مێژوو لای ئه‌مان مه‌عریفه‌یه‌كی مه‌وزوعی نییه، ئه‌ده‌بیش نێوه‌ندێكی وه‌ستاو نییه بۆ ده‌ربڕینی مه‌عریفه‌ی مێژوویی. مێژوو وه‌ك ده‌قی ئه‌ده‌بی جووڵه‌داره قابیلی چه‌نده‌ها ته‌فسیره. ئالیره‌وه زه‌مینه‌ی مێژوویی له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بدا بایه‌خی خۆی هه‌یه. په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و مێژوو قووڵه. پۆل ریكۆر پێی وایه مێژوو گێڕانه‌وه‌یه، بۆیه گوتاری مێژوویی خسته پاڵ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌وه، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی هایدن وایت جه‌خت له تێمه‌ی میژوویی وه‌ك گێڕانه‌وه ده‌كات، به‌م شێوه‌یه مێژوو دێته ناو چیرۆك و رۆمانه‌وه، به‌ڵام وه‌ك به‌ڵگه‌نامه سه‌یر ناكرێت.
سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی ستیڤن گرینبلات (له‌دایكبووی 1943) زاراوه‌ی مێژووگه‌راییی نوێی داتاشی بۆ ره‌خنه‌یه‌ك كه خۆی بایه‌خی پێده‌دا، پاشان له‌م داڕشتنه‌ی خۆی رازی نه‌بوو و گۆڕی و كردی به (پۆیه‌تیكای رۆشنبیری)، به‌ڵام هه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی پێشوو مایه‌وه و چه‌سپی و له ره‌خنه‌دا بڵاوبووه‌وه.
مێژوو كارێكه بۆ ته‌ئویل
مه‌به‌ستی گرینبلات له مێژووگه‌رایی چییه؟ به‌ڕای ئه‌و بۆشاییه‌ك له نێوان زه‌مینه‌ی رۆشنبیری و په‌یوه‌ندیی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا هه‌یه و ده‌بێت پڕبكرێته‌وه. ئالێره‌وه مێژووگه‌را نوێكان هه‌وڵیان بۆ نه‌هێشتنی بۆشایی له نێوان ئه‌ده‌ب و زه‌مینه‌ی مێژوویی و رۆشنبیریی ده‌ره‌وه دا. ره‌خنه‌گری مێژووگه‌رایی نوێ له رێگه‌ی زه‌مینه مێژووییه‌كه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌چێت. لای ئه‌مان نووسینی مێژوو كارێكه بۆ ته‌ئویل، حه‌قیقه‌تێكی داخراو نییه یه‌ك مانا ببه‌خشێت. به بۆچوونیان هه‌موو راپۆرتێكی مێژووی ده‌بێت به گێڕانه‌وه، ده‌یشتوانین به‌و ئامرازانه بیانخوێنینه‌وه كه ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌كاری ده‌هێنن.(2)
مێژووگه‌رایی نوێ به‌پێچه‌وانه‌ی مێژووگه‌رایی كۆنه‌وه، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه سه‌یری ده‌ق ناكات به‌ڵكو وا سه‌یری ده‌كات كه پێكهاته‌یه‌كی ئیستاتیكییه له‌ناواخنیدا پێكهاته‌یه‌كی رۆشنبیریی مێژوویی هه‌یه نائاگاییانه چه‌سپیوه و ده‌كرێت به‌شیكردنه‌وه بگه‌ینه ناوه‌وه‌ی.
گرینبلات باسی چه‌ند گریمانه‌یه‌كی شیاو له مێژووگه‌رایی نوێ ده‌كات كه وه‌ك ئه‌وه وان هێزی یاسایان هه‌بێ وه‌ك: ئه‌ده‌ب یاسایه‌كی مێژوویی هه‌یه، كاری ئه‌ده‌بیش به‌رهه‌می بیری تاك نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ژماره‌یه‌ك هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه. بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌بی كه‌سێك، پێویسته په‌نا بۆ هه‌ریه‌ك له رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵگه ببه‌ین كه به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌و دوانه به‌رهه‌مهێنه‌رین، ئه‌ده‌ب دیدێكی تره بۆ مێژوو، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی روونی خۆی به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له تیۆری ئه‌ده‌بی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه هه‌یه. (3). به‌مانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه مێژووگه‌رایی نوێ هه‌وڵی ئه‌وه نادات مانای ئه‌سڵی ده‌ق وه‌ك خۆی بهێنێته‌وه.
ستیڤن گرینبلات چه‌ند پرسیارێك دیاری ده‌كات یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن كاری رۆشنبیریی پێكهێنراو له رێگه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه بدۆزینه‌وه: -1جۆره‌كانی هه‌ڵسوكه‌وت چین؟ شێوه‌كانی ئه‌و موماره‌سانه چین كه ده‌ق جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كات؟ -2بۆچی خوێنه‌ران له كات و شوێنی دیاریكراودا واده‌بینن ئه‌م كاره به‌زۆر سه‌پێنراوه.
-3 ئایه جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوان نرخ و به‌های من و ئه‌و نرخ و به‌ها شاراوانه‌ی ناو ئه‌م ده‌قه‌ی، كه خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌یم. -4ئه‌م كاره پشت به چ شێوه‌یه‌كی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێت ؟ -5كێن ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م كاره، فیكر و بزوتنه‌وه‌یان به‌ئاشكرا یا به‌شاراوه‌یی كۆت ده‌كات؟ -6ئه‌و بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تییه فراوانانه چین كه ئه‌م كرده‌وه ستایشكه‌رانه یا سه‌رزه‌نشتكه‌رانه په‌یوه‌ندییان پێوه‌یانه، مه‌به‌ست له لایه‌نه ئه‌خلاقییه‌كه‌ی ده‌قه.(4)
له‌م ده‌قه‌ی جه‌لیل كاكه‌وه‌یسدا (شتێ له گیرفانی دایكمدایه) چیرۆكنووس په‌نا بۆ راناوی كه‌سی یه‌كه‌م ده‌بات(من) چونكه بابه‌ته‌كه گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی قورس و مه‌ترسیداره چ له‌ڕووی نه‌ریته‌وه بێت یا له رووی تۆماری ئیدارییه‌وه بێت. (گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری) جۆرێك گێڕانه‌وه‌یه زۆر جار زنجیره‌به‌ندیی زه‌مه‌نی وه‌لاده‌خات، چونكه كه‌سێتی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی بیرگه‌وه.
گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا
گێڕه‌ره‌وه هه‌م كوڕه و هه‌م كچ و هه‌م كه‌سێكه وه‌ك نێره‌مووكی لێهاتووه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه (سواره) كه له‌لایه‌ن دایكییه‌وه به‌زۆر كراوه به كچ ناوی ده‌كرێت به (سروه) رابردووی تاڵی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، له گوندێكدا حه‌ره‌س قه‌ومی پیاوی تێدا نه‌هێشتووه و هه‌موو كراون به مێ. دایكی سواره‌یش بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی نه‌چێته ریزی پیاوانی مردووه‌وه هه‌ر له منداڵییه‌وه سواره‌ی كوڕی ده‌كات به كچ و جلی كچانه‌یشی له‌به‌رده‌كات. ئیتر گێڕانه‌وه‌كه له رێگه‌ی بیره‌وه‌رییه‌وه ده‌بێت به گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا. كاره‌كه‌ی دایكه‌كه له‌پێناوی دوو شت‌دا دایه؛ مانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی له‌لایه‌ك و پاراستنی ره‌گه‌زی پیاو كه فاكته‌ری به‌رده‌وامبوونه، هه‌روه‌ها خه‌می سواره‌ی به‌كچكراو به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی شوناسی كه‌سێتی خۆیدا، ئایه كچه یان كوڕه، بۆچی دایكی به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ر كچێتی رایده‌هێنێت. ئه‌م خه‌مه تا كۆتایی چیرۆكه‌كه و مردنی دایكه‌كه ده‌مێنێت، ئه‌و كاته گرێكه ده‌كرێته‌وه و خوشكه‌كه وه‌سێت و ئه‌مانه‌ته‌كه‌ی دایكی ده‌داتێ"ئه‌وه ده‌ستێك جلی پیاوانه‌یه، دایكم بۆی كڕی بوویت، هه‌ر ئێستا له‌به‌ری بكه"(5).
مێژووگه‌رایی نوێ به به‌رده‌وامی بایه‌خ به ئه‌زموون و كێشه‌ی ئه‌و گرووپانه ده‌دات كه مێژووگه‌ریی كۆن بایه‌خی پێ نه‌ده‌دان، ئه‌میان به‌دوای مێژووی ده‌سه‌ڵاتداران و چینی باڵادا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام مێژووگه‌رایی نوێ به‌دوای په‌راوێزخراوانی چین و گرووپی خواره‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت. بۆنموونه، كرێكاران، به‌ندكراوان، داگیركراوان، ره‌شپێستان، شێتان، منداڵان.
له‌م ده‌قه‌دا دوالیزمێك هه‌یه، لایه‌كی گه‌ڕانه به‌دوای شوناسی تاكه‌كه‌سیدا، لاكه‌ی تریشی گه‌ڕانه به‌دوای پاراستنی شوناسی میلله‌تێكدا. لێره‌دا دوو راستی هه‌ن، یه‌كه‌میان حه‌قیقه‌تی داگیركه‌رێكی باڵایه كه له چیرۆكه‌كه‌دا (حه‌ره‌س قه‌ومی) مێژووه‌كه‌ی ده‌رده‌خات (سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان) له‌گه‌ڵ راستییه‌كی تردا كه كچه به‌كوڕكراوه‌كه و گونده بێنێره‌كه‌یه، كه ئاماژه‌دانه به تراژیدیای به‌رده‌وامی كورد. ره‌خنه‌گری مێژووگه‌رایی نوێ رووی ره‌شی راستیی یه‌كه‌م ده‌رده‌خات (حه‌ره‌س قه‌ومی) كه گوایه نوێنه‌ری رژێمێكی باڵای دادپه‌روه‌ره، له هه‌مانكاتدا حه‌قیقه‌تێكی فه‌رامۆشكراوی شاراوه رۆشن ده‌كاته‌وه كه منداڵه‌كه و گونده‌كه و میلله‌تێكی چه‌وساوه‌یه.
به‌پێی ره‌خنه‌گرانی مێژووگه‌رایی نوێ، ئه‌ده‌ب پره له درۆ، كه له پشتییه‌وه حه‌قیقه‌ت په‌نهانه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یشه‌وه مێژوو پڕه له‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی كه له پشتیانه‌وه درۆ جێگای ده‌بێته‌وه (6).
درۆیه‌كی هونه‌ریی زۆر جوان
له‌ده‌یان راپۆرت و راگه‌یاندراوی رژیمی ئه‌وسای وه‌زاره‌تی سوپای عیراقدا (1963) مێژوویه‌ك ده‌بینین به پاڵه‌وانێتی سوپا و هێزی حه‌ره‌س قه‌ومی رازاوه‌ته‌وه و به‌پێی مێژووگه‌ریی كۆن تۆمار كراون، ئه‌م بۆچوونه‌ی مێژووگه‌ریی كۆن هه‌میشه له‌گه‌ڵ هێز و ده‌سه‌ڵاتی باڵادا بووه، مێژوویه‌كه پڕكراوه له حه‌قیقه‌ت به‌ڵام له پشتییه‌وه درۆ نه‌بێت شتێك نابینرێت. له‌م چیرۆكه‌یشدا كه بریتییه له درۆیه‌كی هونه‌ریی زۆر جوان حه‌قیقه‌تی ته‌واوی په‌راوێزخراوان ده‌خوێنینه‌وه.
ئه‌م چیرۆكه مێژوویی نییه به‌ڵام له‌ناویدا مێژوویه‌ك دروست بووه، مێژوووی پاكتاوكردنی ره‌گه‌ز و كۆمه‌ڵ و سڕینه‌وه‌ی شوناس. نه‌سه‌قێكی (ریزبه‌ستێك) شاراوه‌ی تێدایه، بۆچوونێكی تیژ و توندڕه‌و، گوایه به‌له‌ناوبردنی ره‌گه‌زی نێر كۆمه‌ڵێك، گرووپێك كۆتایی دێن. ئه‌وه دایكه‌كه نییه كوڕه‌كه‌ی كردووه به كچ، به‌ڵكو زلهێزێكه به‌نه‌سه‌قێك و بیرێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی دواكه‌وتوو و نادادپه‌روه‌رانه‌وه ئه‌م كاره ده‌كات. له‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌دا دژێك دروست بووه، بۆچوونی رژێمه باڵاكه سه‌ركوتكردن و په‌راوێزخستنه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوكه‌وتی دایكه‌كه، كه ئه‌میش جۆرێك سه‌ركوتكردن و په‌راوێزخستنه به‌ڵام میهره‌بانانه‌یه. كاره‌كه‌ی ئه‌م پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵسوكه‌تی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته‌وه، دژێتی چونكه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و ترس‌دا وه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك و كۆڵنه‌دانێك ده‌خوێنرێته‌وه.
له زه‌مینه‌ی تیۆره‌كانی پاش نوێگه‌ری و پاش بونیادگه‌ریدا، كه مێژووگه‌رایی یه‌كێكه له‌وان، ده‌ق ده‌كرێت به‌مێژوو، هه‌روه‌ها مێژوویش ده‌كرێت به‌ده‌ق، ئه‌مه‌یش به پشتبه‌ستن به وته‌یه‌كی دێریدا (هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا نییه). وه‌ك ئه‌م ده‌قه ئه‌ده‌بییه كه له ناخیدا چه‌ندین مێژووی جۆراوجۆری هه‌ڵگرتووه، ئه‌میش له رێگه‌ی كارله‌یه‌ككردنه‌وه، نه‌ك به‌پێی تیۆری لاساییكردنه‌وه و ره‌نگدانه‌وه. ئه‌م ده‌قه پانتاییه‌كه بۆ خه‌یاڵ، رابردووه تاڵه‌كه‌یش سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام گرنگی له‌وه‌دایه كه جووت نه‌بوون، گێڕانه‌وه‌ی یه‌كێكه له‌و په‌راوێزخراوانه‌ی رووداوێك ده‌گێڕیته‌وه. وێنه و رووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كه نییه، خه‌یاڵ كه‌وتووه‌ته گه‌ڕ، بۆ نموونه، گۆڕینی ناوی كچ و كوڕ، به‌كارهێنانی جلی كچانه، فڕینی شه‌پقه‌ی باوك و فڕینی پیاوانی كۆچكردووی دێكه به ئاسماندا، كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری مێژوویی سیاسی ره‌گه‌زین.
راپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی سوپا له‌مه‌ڕ رووداوه‌كه به‌سێتی رابردووه‌كه بپارێزێت، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی چیرۆكنووس بۆ سه‌ری به‌مه‌به‌ستی رۆشنكردنه‌وه‌ی چه‌ند ساتێكی دیاریكراوی ئێستایه به هونه‌ر راڤه‌ی ده‌كاته‌وه.
په‌یوه‌ندیی هونه‌ری گێڕانه‌وه و مێژوو له ده‌قئاوێزان ده‌چێت تێیدا مێژوو ده‌بێت به ده‌قی یه‌كه‌م و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یش ده‌بێت به ده‌قی پاشكۆ به‌ڵام به جیاوازییه‌وه.
ئه‌م چیرۆكه له‌لایه‌كه‌وه گه‌ڕانه به‌دوای شوناسدا له لایه‌كی تریشه‌وه ترسه له‌ونبوونی؛ كوڕه به كچكراوه‌كه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، دایكه‌كه‌یش له‌ونبوونی ده‌ترسێت.
سه‌رچاوه‌كان:
-1 أسامه محمد البحیری: معجم المصطلحات الا‌دبیة والنقدیة، دار النابغة، طنطا، 2021،ص110
-2 د. ماهر شفیق: ما ورا‌ء النص، الدار المصریة اللبنانیة، مصر، 2016،ص3014
-3 التاریخانیة الجدیده والدراسات الا‌دبیة: موكیش و‌لیامز، ت: سناء
عبدالعزیز، مجلة فصول، الهیئة المصریة العامة للكتاب، ع99، 2017، ص331
-4 غرینبلات وآ‌خرون: التاریخانیة الجدیده والا‌دب، ترجمة لحسن أحمامه، المركز الثقافي للكتاب، المغرب، ص161
-5 جه‌لیل كاكه‌وه‌یس: راوه‌سێبه‌ر، موكریان چاپ و بڵاوكردنه‌وه، هه‌ولێر 2018
-6 دكتر بهرام مقدادی: فرهنگ اصطلاحات نقد ادبی، انتشارات فكر روز،تهران، 1387، ص133