سوودەکانی وەستان بە شێوەی دار (vrikshasana)

11:21 - 2023-11-16
کەلتور
205 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


یەکێک لەو راهێنانانەی هەموو کەس دەبێ رۆژانە لانیکەم یەکجار بیکات، راهێنانی بەهێزکردنی هاوسەنگییە. شێوازی ژیانی رۆژانەی ئێمە بە جۆرێکە رۆژانە بە تایبەت لە سێ رەهەندی سەرەکی جەستەیی و زەینی و هەستییدا ناهاوسەنگ دەبین. ناهاوسەنگبوونی ئەم سێ رەهەندە رێک بە مانای ناهاوسەنگبوونی ژیانی ئێمەیە. هەموو راهێنانەکانی زانستی یۆگا بۆ هاوسەنگکردنەوە و هاوئاهەنگردنەوەی ئەم رەهەندانە و خۆوەرگرتنەوە لە نەرێنییەکان و خۆناسییە.
یەکێک لەو راهێنانە سەرەکییانەی زۆر بە خێرایی دەبێتە هۆی هاوسەنگکردنەوەی ئەم رەهەندە سەرەکییانە راهێنانی جەستەیی شێوەی دارە.

شێوازی کردنی شێوەی دار
سەرەتا لە شوێنێکی تەخت و خاوێن راخەری یۆگاکەت دابخە، لە ناوەڕاستی راخەرەکەدا پێیەکانت جووت بکە و بە رێکی بوەستە (تادئاسانا)، شێوازی وەستانەکەت دەبێ هاوتەریب بی لەگەڵ هێزی کێشکردنی زەوی، لێوەکانت لەسەر یەکتری دابنێ تا بەس بە لووتت هەناسە هەڵمژی و بدەیتەوە. ئاگادار بە هەموو کێشی لەشت بە رێکی لەسەر پێیەکانت بێ، پاشان بە ئارامی ئەژنۆی قاچی چەپ بەرز بکەوە و بە دەستی چەپ قولەپێی (گوێزنگ)ی قاچی چەپت بگرە و ژێر پێی چەپت بە شێوەی ئەستوونی، واتە پەنجەکانی پێت روویان لە زەوی بێ، بە رانی راستەوە بنووسێنە، ئەگەر لە ماڵەوە کردت، باشتر وایە رانت رووت بێ بۆ ئەوەی ژێر پێت بە باشی بە رانتەوە بنووسێت، ئەوە وادەکا ئاسانتر لەسەر یەک پێ بوەستیت، هەروەها نابێ ژێر پێت بە ئەژنۆتەوە بنووسێنیت، بەڵکو دەبێ بە بەشی سەرەوەی رانتییەوەی بنووسێنیت. ئەگەر ناتوانی بە ئاسانی لەم شێوەیەدا بوەستیت دەتوانی تا ماوەیەک بە یارمەتی دیوار بکەیت. دوای ئەوەی پێ و قاچی چەپت بە تەواوی جێگیر بوو، بە ئارامی لەگەڵ هەناسە هەڵمژینی ئارام بە لووتت، دەستەکانت بە تەنیشتەکاندا بەرز بکەوە، باسکەکانت بە تەوای بەرەو ئاسمان رابکێشە و پەنجەکانی دەستت بەرە ناو یەکترییەوە بوەستە، چاوەکانت لەسەر یەک خاڵ رابگرە و تا ئەو کاتەی چێژ دەبینی لە شێوەی داردا بمێنەوە، ماوەی مانەوە تێیدا بە گوێرەی توانایە، بەڵام بە گشتی پێنج خولەک بۆ پانزدە خولەک زۆر باشە. دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی لەسەر قاچی راست وەستاویت، نزیکەی یەک خولەک بە رێکی بوەستە و چاوت دابخە و بە هێمنی هەناسە هەڵمژە و چاوەدێری لەشت بکە، بەس خۆت خاوبکەوەوە و بینەر بە و هەست پێبکە، کارت بە هیچی تر نەبێ، دوای ئەم یەک خولەکە ئینجا بە قاچەکەی تر راهێنانەکە بکە، واتە قاچی راستت بەرز دەبێتەوە و لەسەر قاچی چەپ بوەستە.

سوودەکانی شێوەی دار
سوودەکانی شێوەی دار زۆرن، یەکەم: جەستەی کەسەکە زۆر نەرم دەکات و بە گوێرەی ئەزموونیش دەرکەوتووە ئەو کەسەی ئەو راهێنانەی زۆر کردووە جەستەی گەنج بووەتەوە. دووەم: لەش بەهێز دەکا، سێیەم: هەموو ماسولکەکانی لەش وەکار دەخات و بە یەکەوە هاوئاهەنگیان دەکا، یانی وایان لێدەکا بە یەک ئاراستەدا کار بکەن و لە خزمەت یەک ئامانجدا بن. چوارەم: زۆر بە خێرایی هۆش کۆدەکاتەوە، هۆشت یان خەیاڵ و بیرکردنەوەت دێتەوە سەر خۆت، پێنجەم: وردبوونەوەت (تەرکیز) زۆر باش دەبێ، یانی دەتوانی چەندی بتەوێ زەین و بیر و هۆشت بە دەستی خۆت لەسەر یەک بابەت رابگریت، شەشەم: یادگەت بە هێز دەبێ، حەتەم: ئیرادەت بەرز دەبێتەوە، هەشتەم: هەستت خۆش دەبێ، نۆیەم: وزەت زیاد دەکا و دەتوانی چالاکییەکانت بە باشی لە ماوەیەکی کەمدا جێبەجێ بکەیت. دەیەم: چارەسەری سەرەکیی هاوسەنگکردنەوەی گوێی ناوەڕاستە.
ئەو کەسانەی کێشەی کەم خوێنییان هەیە بە وریاییەوە بیکەن، ئەوانەی ئازاری قورسی ئەژنۆیان هەیە، سەرەتا دەبێ ئەو چاک بکەنەوە، واتە ماوەیەک راهێنانی ئەژنۆ بکەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێ راهێنانە بە وریاییەوە بکەن! 

بابەتە پەیوەندیدارەکان