״بە هەموو شێوازێك رێگریی بكرێت لە زیادەڕەوی״

09:30 - 2022-05-24
کوردستان
342 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كرد و بەئامادەبوونی لەیلا عومەر سە‌رۆكی شارە‌وانی، لەگەڵ لیژنەی روبەڕوبوونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی لە سلێمانی، كۆبۆوە‌.
لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای ستایشكردنی كاروبارەكانی رابردوویان لە ‌پرسی روبە‌ڕوبوونە‌وە‌ی زیادەڕەوی لە‌ سنووری سلێمانی، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بواری وەبەرهێنان كرا كە زەوییان وەرگرتووە و بە‌شێكی زیادەڕەوییە، لەوبارەیەوە بڕیاردرا كە كۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو پڕۆژانەدا بكرێت بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە. قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: دەبێت بە هەموو شێوازێك رێگریی بكرێت لە هەر زیادەڕەوییەك بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی، پشتیوانیی خۆشی بۆ هەنگاوەكانی لیژنەكە دووپاتكردەوە.
دواتر لیژنەی روبەڕوبوونەوەی زیادەڕەوییەكان نەخشەی هەموو ئەو زیادەڕەوییانەی خستەڕوو كە پۆلێنی زیادەڕەوییەكانی تێدا خرابوونەڕوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی چارەسەركردنیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان