ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێم پێنج تاقمی داعش لە هەرێم ئاشکرادەکات و ئەندامەکانیان دەستگیر دەکات

08:20 - 2023-11-17
کوردستان
358 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێنج گرووپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرادەکەن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکات. سێ ئەمیریش دەستگیر دەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لە چەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی بکەن.
لە بەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان، زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ کردەوەی  تیرۆریستی لە چەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا.
 پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە ، شارەزوور و ناوچە دابڕێنراوەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان و پشت بەستوو بە بەڵگە، زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنووستوەکانی تیرۆریستانی داعش دەسکەوت و تەواوی جموجۆڵەکانیان لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گرووپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران.

 دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش،
لە دەیان ئۆپەراسیۆندا پەنجاو پێنج تیرۆریست، کە ئەندامی  تۆڕ و گرووپە نەنووستوەکانی  داعش بوون لە کەرکوک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن.


تۆڕی یەکەم / گرووپی گەرمیان (کەلار) زانیاری لەسەر ئەندامانی گرووپەکە و کردەوە تاوانکارییەکانیان.

ژمارەیان 12 تیرۆریستە، فکری توندڕەوی و تیرۆریان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە،  پەیوەندیان لەگەڵ  خانەوادە و  کەسوکاری  چەکدارانی داعشدا بەستووە، مەرامیان بوو گرووپەکانیان فراوانبکەن، لە ئامادەکاریشدابوون بۆ کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە رۆژانی (6، 31ی 8) (12، 13، 18ی 9) ی 2023 لە دوانزە هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیر و ئەندامانی گرووپەکە دەستگیرکران.


تۆڕی دووهەم / گرووپی سلێمانی. زانیاری لەسەر ئەندام و تاوانکارییەکانیان. 

ژمارەیان 17 تیرۆریستە، پەیوەندی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریان بۆ چەکدارانی داعش کردووە، لە خۆ رێکخستندا بوون و لە باخێکدا مەشقی سەربازیان پێکراوە و پیلانیان داناوە بۆ چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە هەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدا بوون بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە  ( 21، 31ی 10ی 2023) لە حەڤدە هەڵمەتی سەرکەوتوودا  تیرۆریستانی ئەم گروپوەش دەستگیرکران. هاوکات هەر دوو تیرۆریست (ئ، خ) و (ک، ج) لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کە کە لەڕێگای مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گروپەکانیان دەکرد، دەستگیرکران کە  راستەوخۆ  پەیوەندیان بە گرووپی کەرکوکەوە  هەبوو، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرەتاوانبارە لە خۆکوژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون هەروەها هەر لەناو گرتووخانەشدا دەستگیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریانهێنابوو.
تیرۆریستی هەرە تاوانبار (ه، م)  ئەمیری گرووپی سلێمانی بووە .


تۆڕی سێهەم / گرووپی کەرکوک، سەڵاحەدین (دوزخورماتوو) زانیاری لەسەر ئەندامانی شانەنەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان.

ژمارەیان7 تیرۆریستە، سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردوە و شوێنیان بۆ  داڵدەدانی شانە نەنووستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە کەرکوک بکەن و دوای چاودێریکردنی ورد و پێش کارە تاوانکارییەکانیان لە لایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە و بەهاوکاری هێزە عیراقییەکان، (دەزگای دژەتیرۆر، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو) هێزی تایبەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی،  لە حەوت هەڵمەتدا (3، 8، 15ی 10ی 2023) لە کەرکوک و دووزخورماتوو دەستگیرکران کە تیرۆریستی هەرەتاوانبار و ئەمیری گرووپەکە لە کەرکوک (ر، م) لەو هەڵمەتانەدا دەستگیر کرا.

تۆڕی چوارەم / گرووپی هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق، شارەزوور. زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنووستوەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان.

ژمارەیان 13 تیرۆریستە لە خۆڕێکخستندا بوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک کردووە و خۆیان ئامادەکردوە بۆ  چەند کردەوەیەکی  تیرۆریستی لە سنوورەکەیان، پێشتریش ژمارەیەک لە  ئەندامانی ئەم گرووپە رۆشتوونەتە ناو  چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە و رێنیشاندەر و هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان.

لە  (17، 31ی 10) و (7ی 11) ی 2023 لە هەڵەبجە و ناڵپارێز (پێنجوێن) و سەیدسادق لە 13 هەڵمەتی پلان بۆ دانراودا دەستگیر کران.


تۆڕی پێنجەم / 6 تیرۆریست بوون کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە گرووپی کەرکوکەوە هەبووە لە (12، 14ی 10ی 2023) لە شەش هەڵمەتدا لە سلێمانی گیران کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعشەوە، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردۆتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش.

لە سەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچەچەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گرووپە تیرۆریستییە دەستگیرکراوەکانیش  مەرامیان بوو دوای کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی داعشەوە،
لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکە، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵرانەوە.

ئاشکراکردنی ئەم پێنج شانە نەنووستوەی  تیرۆریستانی داعش و شکستهێنان بە  مەرامەکانیان و دەستگیرکردنی  ئەندامەکانیان، بەرئەنجامی زیاتر لە 150 رۆژ کارکردنی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمە کە هەمیشە ئامادەییان هەیە و لە هەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم.
هاوکات دەرخەری ئەو راستییەشە کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی کارکردنی هێزەکانمانە، وەک هەمیشە سوپاسی پێپایانیش ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هاوکارمان بوون و لەپشت سەرخستنی کردە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانمانەوەن.
پشتیوان بەخوای گەورە، بە هاوکاری ئێوەی بەڕێز و دڵسۆز ناهێڵین هیچ پیلانێک ژیان لە خەڵکی خۆشەویستی خۆمان تێکبدات.

#ئاسایش

بابەتە پەیوەندیدارەکان