ئەمڕۆ لە کەرنەڤاڵێکی فراواندا لە کەرکوک کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ دەناسێنرێن و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت: "ئامادەکارییەکی زۆر باش کراوە، بەدڵنیاییەوە لەمڕۆوە بانگەشەکەمان بە هێز و ئیرادەیەکی زیاترەوە دەستپێدەکەین".
لە کارنامەی هاوپەیمانێتی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە هاتووە، "هاوپەیمانێتییەکە بەرنامەیەکی کارای گشتگیریان داڕشتووە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ شێوازێکی نوێی حوکمڕانی لە کەرکوک و چارەسەرکردنی رێشەییانەی کێشەکانی ئەو شارە".
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی گەلی کوردستان رایگەیاند: "لە کەرکوکی قودسی کوردستان ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی ناساندنی کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، ئەمڕۆ مەراسیمەکە دەستپێدەکات و ئامادەکارییەکی زۆر باش کراوە، بەدڵنیاییەوە لەمڕۆوە بانگەشەکەمان بە هێز و ئیرادەیەکی زیاترەوە دەستپێدەکەین".
وتیشی: "بەهێز و ئیرادەوە دەسەڵات لە کەرکوک وەردەگرینەوە و کۆتایی بەو واقیعە تاڵە ناسەقامگیرە سیاسی و ئەمنییە ئیدارە پڕ لەگەندەڵییەی شارەکە دەهێنین، بەو هێزو ئیرادەیەی دەستمان پێکردووە بە هە مان هێز و ئیرادە و سەرکەوتنێکی زۆرەوە کۆتایی بە بانگەشەکە دەهێنین".
دەشڵێت، "گەشبینین بە رۆژی دەنگدان لە کەرکوک بەو جۆش و خرۆشەی دەیبینین لە شاری کەرکوک، بەم پێشوازییە زۆر و فراوانەی کە جەماوەری کەرکوک لە هاوپەیمانی هێز و ئیرادەمانە دەکەن، داواش لە کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک دەکەین بە هەمان جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بن لەپشتگیری لە هاوپەیمانێتتییەکەمان و دەنگ بدەن بە هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە".
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق لە پارێزگای کەرکوک ٢٤٤ کاندیدی بوونیان هەن کە ١٧٧ کاندیدیان لە رەگەزی نێر و ٦٧ کاندیدیان لە رەگەزی مێن، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکە پێنج حزب و ١٠ هاوپەیمانی بەشدارن.
لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، کە بەژمارە ١٤٢ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، ٣٠ کاندیدی هەیە، کە کەسانی پسپۆڕ و شارەزان و سەرجەمیان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە پەسەند کراون، کە مەرجەکانی کاندیدبوونیان تێدایە و هیچیان پێشینەی تاوانکارییان نییە و دەستپاکن و بەعسی نەبوون.
بەگوێرەی پەیام و بەرنامەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، بەرنامەیەکی کارای گشتگیریان داڕشتیووە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ شێوازێکی نوێی حوکمڕانی لە کەرکوک و چارەسەرکردنی رێشەییانەی کێشەکانی ئەو شارە، کە لە دوای ریفراندۆمەوە بەهۆی بڕیارە نایاسایی و نائیدارەییاکنی ئەو شارەوە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە.
لە پەیام و بەرنامەکەشدا هاتووە، کاندیدەکانیشیان نوێنەرانیەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکوک دەکەن و کەسانی بەئەزموون و تەکنۆکرات پێکدێنن، کە نوێنەری جەماوەری شارەکەن.
بەگوێرەی بەرنامەکەی، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بایەخ بە حەوت بواری گرنگی کەرکوک دەدات و کە بریتین لە بواری ( ئیداری، ئەمنی، تەندروستی و ژینگەیی، پیشەسازی و وزە، پەروەردە و خوێندنی باڵا، هونەری و وەرزشی و لاوان، کشتوکاڵ و ئاودێری).
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بە لیستی ژمارە ١٤٢ بەشدارە و هاوپەیمانێتییەکە لە نێوان حزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستاندایە و هەردوولا کارنامەیەکی تۆکمە و گشتگیریان بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکانی کەرکوک داناوە و ئەمڕۆش کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانێتییەکە دەستپێدەکات.
PUKMEDIA