راپۆرتێكی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات

گۆڕێکی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە حەمرینە

10:34 - 2022-05-24
دووتوێ
424 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق
راپۆرتێكی ئەڵمانی، جەخت لەسەر زۆرێك لە قوربانیانی دەستی داعش دەكاتەوە كە تائێستاش بێسەروشوێنن و لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندان، ئاماژە بە قسەی رەخنەگرانیش دەكات كە دەڵێن»پرۆسەكانی دەرهێنانەوەی تەرمەكان زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچن». 

 راپۆرتێكی (ماڵپەڕی دویچە ڤیللـە)ی ئەڵمانی دەڵێت» تا سەروبەندی تكێشكاندنی داعش لە ناوچەی حەویجە، رێكخراوە تیرۆریستییەكە لەماوەی سێ‌ ساڵی دەسەڵاتی بەسەر شارەكەدا، 7 هەزار كوژراو و 5000 بێسەروشوێنی دانیشتوانی شارەكەی لەدوای خۆیەوە بەجێهێشت». 
بەپێی ماڵپەڕەكە»بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە حكومەتی عیراق كە راسپێردراوە بۆ دیاریكردنی ئەو روفاتانەی دۆزراونەتەوە لەو شوێنە گەورانەی ژێرخاندراون، بە تەنیا سەرپشكە بۆ دیاریكردنی وادەی دەرهێنانەوەی تەرمەكان لەو گۆڕانەی دەكەونە لوتكەی چیای حەمرین لە باكووری خۆرهەڵاتی عیراق، ئەو شوێنە جێگەی ژێرخاكنانی ئەو ژنە ئێزدیانەیە كە هەوڵی هەڵاتنیان داوە لە رێكخراوی داعش و كوژراون». 
لای خۆیەوە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئۆباڵی دواكەوتنی پرۆسەی دەرهێنانەوەی تەرمەكان دەخاتە ئەستۆی كاروباری دارایی، بەو پێیەی تیمەكەی تەنیا لە 45 ئەندام پێكدێت و داهاتی پێویستی لەبەردەست نییە. 
بە وتەی ئەو بەرپرسە»ئێمە پێویستمان بە پارەدراكردنی فیدراڵی و لیژنەی نێودەوڵەتی كاروباری بێسەروشوێنكراوانە، تا بتوانین كاربكەین، لەكاتێكدا رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریاندا، گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكرێنە دەستپێكی كارەكان». 
لە هەمان كاتدا، دیما بابیلی وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێسەروشوێنكراوان، رەتیدەكاتەوە ئەوە شێوازی كاركردنی ئەوان بێت. 
بە وتەی دیما بابیلی»دەسەڵاتە خۆجێییەكان خشتەی كاركردنی هەڵكەندییان داناوە، ئەوان ئامانجییان یارمەتیدانی عیراقە بۆ دەستكردن بە پرۆسەیەكی بەردەوام لەپێناو دۆزینەوەی هەموو ئەو كەسانەی بێسەرشوێنبوون، بەبێ‌ رەچاوكردنی پاشخانیان سەبارەت كاتی بێسەروشوێنكردنیان، یان ئەو دۆخەی تێیدا ونبوون». 
راپۆرتەكە پێیوایە»دەبێت عیراقییەكان مامەڵە لەگەڵ كەڵەكەبوونی درێژخایەنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكەن، بەو پێیەی سەدام حسێن دیكتاتۆری عیراق، بەرپرسە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە 98 شوێن و جێگە لە وڵاتەكەدا كە تائێستاش 22 شوێن ماون تەرمەكانیان تێیدا دەربهێنرێن، وەك لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور ئاماژەی پێدەكات و دەڵێت، لە عیراقدا گەورەترین ژمارەی ئەو كەسانە هەن كە لە جیهاندا بێسەروشوێنكراون و ژمارەیان لەنێوان  250 هەزار و ملیۆنێك كەسدایە». 
پێشتر بەرپرسێكی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە دۆزینەوەی 81 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان كردبوو لە قەزای شنگال كە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوایە. 
ئەو بەرپرسە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»تێكڕای گۆڕە بەكۆمەڵەكان، قوربانیانی دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعشن كە لە دوای پەلامارەكەی ساڵی 2014 بەدەستی چەكدارانی داعش كوژراون». 
ئەو بەرپرسە كوشتارگەكەی بە «پاكتاوی نەژادی» ناوبردووە، بۆ ئەو مەبەستەش «تەواوی بەڵگەكان بەردەستن و ئاماژە بە تێوەگلانی رێكخراوە تیرۆرستییەكە دەكەن لەو تاوانەدا». 
بەرپرسەكە باسی دۆزینەوەی دوو گۆڕی بەكۆمەڵ كردبوو لە ناوچەی حەردانی سەر بە قەزای شنگال كە لەكاتی لێكۆڵینەوە و لەپاش ناردنی (DNA) بۆ پزیشكی دادوەریی لە بەغدی پایتەخت،ناسنامەی قوربانییەكان دەركەوتوون». 
ئەو دەڵێت، هەندێك لە قوربانیانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان منداڵانن و هەندێكی ترییان تەرمی لاوان و پیاوانیان تێدایە، چەند گۆڕێكی تر  تەنیا روفاتی ژنانیان تێدایە، لەكاتێكدا 23 لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە لەپاش لێكۆڵینەوە، ناسنامەی قوربانییەكانیان ئاشكراكراون، 58 گۆڕی تر هێشتا لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە نەكراوە و بۆ كاتێكی تر دواخراون. 
قەزای شنگال كە زۆربەی دانیشتوانی ئێزدین، رووبەڕووی وێرانكاریی ژێرخان و كاوكاریی موڵك و سامانی مەدەنییەكان بۆوە، لەپاش كۆنترۆڵكردنی قەزاكە لەلایەن رێكخراوی داعش لە هاوینی 2014. 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، پەلامارەكەی داعش بۆسەر شنگال، بووە مایەی كوژرانی 1293 كەس و رفاندنی 6417 كەسی تر لە ژنان و پیاوانی سەر بە ئاینی ئێزدی كە 3530 كەسیان توانییان لە قۆناغەكانی دواتر و لەماوەی ساڵانی دوای 2014 هەڵبێن و خۆیان لە چنگی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رزگاربكەن. 
پێشتر كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق،ئاماژەی بە زۆرێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی كردبوو كە» تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە، بەهۆی كەمتەرخەمی و بیرۆگراتی و دووفاقی لە بڕیارەكاندا». 
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن كۆمسیۆنەكەوە بڵاوكرابۆوە»پەلامارەكەی داعش بۆسەر ناوچەكانی شنگال لە ساڵی 2014، بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 1200 كەس و ئاوارەبوونی دەیان هەزار كەسی تر، لە دوای پەلامارەكەش بەهۆی ئەو كوشتارگەیەی لەلایەن داعشەوە لەدژی ئێزدییەكان كرا، زیاتر لە 83 گۆڕی بەكۆمەڵ و زیاتر لە 6400 حاڵەتی رفاندن و بەكۆیلەكردن لەلایەن رێكخراوە خۆجێی و نێودەوڵەتییەكانەوە تۆماركران». 
كۆمسیۆنەكە دەڵێت»لەپاش تێپەڕینی  چەند ساڵێكیش بەسەر رزگاركردنی ناوچەكانی شنگال و دەوروبەری، تائێستاش رەوشی زۆرێك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە و دۆسێكانیان یەكلایی نەكراونەتەوە، ئەمەش پشتگوێخستن و كەمتەرخەمی و بیرۆكراتی و دووفاقی لە بڕیارەكان و نەبوونی مەركەزییەت لەو لیژنەدا دەردەخات كە لەلایەن لایەنە راسپێردراوەكانەوە پێكهێنراون»، جەختیشی لەسەر پێویستی كۆتایی هێنان بەو دۆسێ‌ هەڵپەسێراوانە و قەربووكردنەوەی كەسوكاریی قوربانییەكان كردەوە. 
هەروەها كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق داوای كردبوو، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە قەرەبووی ژنە رزگاربووە ئێزدییەكان بكرێتەوە كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعشەوە رفێنرابوون و رووبەڕووی رەوشێكی نامرۆڤانە كرابوونەوە. 
ئێزدییەكان، لە نزیك شاری موسڵ نیشتەجێن، بە تایبەت لە ناوچەی چیاكانی شنگال كە لەڕووی ئیدارییەوە، تا ئێستاش سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەشێك لە شوێنكەوتوانی ئاینەكەش لە توركیا، و سوریا، و ئێران، و گورجستان، و ئەرمینیا نیشتەجێن. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان