هەفتەی فیفا و پێكانی ئەستێرەكان

11:24 - 2023-11-19
وەرزش
177 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل
هەمیشە هەفتەی فیفا بۆ یانەكان مایەی ترس و دڵە راوكێ بووە، چونكە لە هەفتەی فیفادا كاتێك هەڵبژاردەكان یارییەكانیان دەكەن ئیتر هەر جۆرە یارییەك بووە، هەمیشە مەترسی ئەوە بۆ ئەستێرە ناودارەكان درووست دەبێت كە توشی پێكان ببن و بەوەش یانەكان زیانی گەورە دەكەن نەك هەڵبژاردەكان.
كەدەڵێین یانەكان زیانی گەورە دەكەن نەك هەڵبژاردەكان ئەوە شتێكی بەڵگە نەویستە، چونكە هەمیشە راهێنەرانی هەڵبژاردەكان بە تایبەتیش هەڵبژاردە ناودار و بەهێزەكان  دەتوانن جێگرەوەی یاریزانی پێكراو پڕ بكەنەوە، لەبەر ئەوەی خولەكانی وڵاتەكەی لەبەر دەستدایە، بۆ نموونە بەرازیل یان ئەرجەنتین یان ئەڵمانیا یان فەرەنسا یان هۆڵەندا یان ئیتاڵیا یاریزانانێكی زۆری هەن لە خولەكانی درەوەی وڵاتەكانیشیان یاریی دەكەن و دەكرێت شوێنەكانیان پڕ بكرێتەوە، بەڵام بۆ یانەكان ئەستەمە چونكە هەمیشە جێگرەوەی یاریزانێكی تۆپ یان سەرەكی كاتێك توشی پێكان دەبێت زۆر بە زەحمەت پڕ دەكرێتەوە.
لەمەش گرنگتر ئەوەیە هەمیشە هەڵبژاردەكان یارییەكانیان دوورە لە یەكترەوە بۆ نموونە ئەم هەفتەیەی فیفا دوو یاریی دەكات، ئیتر هەڵبژاردەكە كۆنابێتەوە تا نزكەی مانگێكی تر، بەڵام یانەكان بەبەردەوامی یارییان هەیە، یانە هەیە لە هەفتەیەكدا دوو یان سێ یاریی دەكات ئەمەش بۆ یانەكان ئەستەم و مایەی كێشەیە نەك هەڵبژاردەكان.
لەم هەفتەیەی فیفادا كە هێشتا چەند یارییەكی ماوە بكرێت، بینیمان چەند یاریزانێكی ناوداری هەڵبژاردەكان كە بۆ یانە ناودارەكان یاریی دەكەن توشی پێكان بوون و ئەمەش ناو دەنرێت نەفەرتییەكانی هەفتەی فیفا بۆ یانەكان.
ئەوە كاماڤینگای فەرەنسی و ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی لەگەڵ هەڵبژاردەكانیان توشی پێكان بوون، بۆ كاماڤینگا راپۆرتەكان باسی ئەوەدەكەن تا سەرەتای ساڵی نوێ ناتوانێت یاریی بكات، چونكە لە كامپی مەشق و راهێنانەكانی فەرەنسادا لەم هەفتەیەی فیفادا لەگەڵ عوسمان دیمبلی بەریەكتر دەكەون و بەپەلە كاماڤینگا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەو پاش ئەوەی پزیشكەكانی یانەی ریاڵ مەدرید پشكنینەكانی بۆ دەكەن دەركەوتووە پێكانەكەی قورسە.
یەكێكی تر لەو یاریزانانەی لەم هەفتەیەی فیفادا توشی پێكان هاتووە ڤینیسۆس جونێۆری بەرازیلی و یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدە، ئەم یاریزانەش لە یاریی بەرازیل و كۆڵۆمبیادا توشی پێكان بووە و پێكانەكەشی لە ماسولكەكانی رانی چەپیدایەو  بۆ یاریی داهاتووی بەرازیل ناتوانێت یاریی بكات كە لەگەڵ ئەرجەنتین بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە 22/11/2023 دەكرێت.
ریاڵ مەدرید بەم دوو پێكانە توشی قەیرانی قورستر دەبێت چونكە چەند یاریزانێكی تریشی پێكانیان هەیە لەوانە كۆرتوای گۆڵچی و كیپای جێگرەوەی كۆرتواو میلیتا و و بەم نزیكانە ناتوانن یاریی بۆیانەكەیان بكەن، ئەوە جودی بیلینهامیش پێكانی هەیە بەڵام رەنگە بتوانێت لە یارییەكانی داهاتووی ریاڵدا یاریی بكات. 
تیر شتیگنی گۆڵچی یانەی بارسیلۆناش یەكێكی ترە لە یاریزانە پێكراوەكان و بەهۆی ئەو ئازارەوە كەلە پشتیدا هەیە نەیتوانیوە بەشداریی یارییەكانی ئەڵمانیا بكات لەم هەفتەی فیفایەدا و رەنگە بۆ ماوەی یەك مانگیش لەیانەكەی دووربكەوێتەوە.
یەكێكی تر لەو یاریزانانەی ئەستێرەی دیاری یانەكەی هەڵبژادەی وڵاتەكەیەتی، ئەندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی یانەی مان یونایتد و هەڵبژاردەی كامیرۆنە، ئەم گۆڵپارێزەش لە یاریی كامیرۆن و مۆریشیۆسدا توشی پێكان دەبێت و دەبرێتە دەرەوەی یاریگا و تائێستا جۆری پێكان و ماوەی دووركەوتنەوەكەی دیار نییە.
لە یاریی ئیتاڵیاو مەكدۆنیاشدا هەرلە سەرەتای یارییەكەدا كییزای هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆس و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رووبەڕووی  لێدانێكی قورس بووەوە، ئەم یاریزانە بەمدواییە لە پێكان رزگاری بووە، لەم یارییەشدا كییزا ئازاری زۆری پێگەیشت و بۆ چارەسەر برایە دەرەوە بەڵام ترسی پێكانەكەی رەوییەوە و توانی بگەڕێتەوە ناو یاریگاو یارییەكەی تەواو كردو دوو گۆڵی بردنەوەی ئیتاڵیاشی لەمەكدۆنییەكان كرد كە 5-2 لە مەكدۆنیایان بردەوەو هیوایەكی باشیان بۆ گەڕایەوە تا بگەنە دوا یارییەكانی یۆرۆی داهاتوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان