پیسبوونی ژینگە هەڕەشە لە وڵات دەكات

10:49 - 2022-05-24
دووتوێ
489 جار خوێندراوەتەوە
شەپۆلەكانی خۆڵبارین كاریگەریی نەرێنیان لەسەر تەندروستی گشتی و ژینگە وڵات دروستكردووە

ئاوێنەی عیراق

 بەپێی ئاماری فەرمانگەكانی وەزارەتی تەندروستی، شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە مانگی نیسانی رابردوو، تا 10ی ئەم مانگە، بوونەتە مایەی گیان لەدەستدانی 10 كەس و دروستكردنی كێشە و گیروفتی تەندروستی بۆ زیاتر لە 3 هەزار كەسی تر. 

هۆكارەكانی زۆربوونی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە وڵات
لەبارەی ئەو هۆكارانەی یاریدەدەرن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو رۆژگارانەی لە وڵاتدا خۆڵبارینیان تێدا دەبێت، سەباح حەسەن حسێنی بەڕێوەبەری گشتی خۆپاراستن لە تیشكدانەوە لە وەزارەتی ژینگە دەڵێت»زۆربەی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لەدەرەوەی عیراقەوە روو لە وڵات دەكەن و بونەتە مایەی وشكەساڵی و بیابانبوون، چارەسەرەكەشی خۆی لە چاندنی رووەكی (دڕكی جوانی) و دانەوێڵەی جۆدا دەبینێتەوە».     

رێكارەكانی وەزارەتی ژینگە بۆ بەرگرتن لە شەپۆلەكانی خۆڵبارین 
حسێنی رایگەیاندووە، بۆ كەمكردنەوەی تەوژمی شەپۆلەكانی خۆڵبارین یان سوككردنیان، وەزارەتی ژینگە پێشنیار دەكات بەشێوەیەكی تەكنیكی و زانستی پشتێنەیەكی سەوز دروستبكرێت كە دەكرێت لێوەی رووبەڕووی شەپۆلەكانی خۆڵبارین ببینەوە، بەبێ‌ ئەوەی بەریان پێبگیرێت، لەگەڵ دروستكردنی رووبەری ئاوی و سەوزاریی و زیاتركردنی دارودرەخت و چەسپاندنی رووماڵی رووەكی، بە هەمان شێوە پێشنیاری كرد»بۆرییەكانی ئاو رابكێشرێن و رووبەرەكانی سەوزاریی زیادبكرێن و دەریاچە دروستبكرێت كە یاریدەر دەبێت بۆ شێداركردنی ژینگە و فەراهەمبوونی هەڵمدانەوە و پاشان دروستبوونی هەور و باران كە یاریدەردەبن بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ ئەو زەوییانەی تووشی وشكەساڵی بوون.  
لەبارەی واقیعی ئاو لە وڵات، ئەو بەرپرسە ژینگەییە پێیوایە»عیراق ژێرخانی عەمباركردنی ئاوی زیادە، یان تۆڕەكانی ئاودانی هاوچەرخ یان وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی نییە كە دەكرێت سودییان لێوەربگرێت لە هەندێك ناوچە لە پارێزگاكان، لەوانەش شاری فاو بۆ مەبەستی ئاوی خواردنەوە و ئاودان، لەگەڵ پشتگوێخستنی توانای دروستكردنی وێستگەی ئەتۆمی سنوردار بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە و پاڵاوتنی ئاو». 

دامەزراندنی شاری كارگێڕیی 
وەزارەتی ژینگە پێشتر لایەنە پەیوەنیدارەكانی راسپاردبوو، شارێكی كارگێڕیی لە بەغدای پایتەخت دروستبكرێت بەهۆی زۆریی هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە، بۆ ئەو مەبەستەش دیدی خۆی بۆ چارەسەركردنی 3 جۆر لە پیسبوونی ژینگەیی خستبووەڕوو. 
لەو بارەیەوە عیسا فەیاز، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی تەكنیكی وەزارەتی ژینگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»پایتەخت پێویستی بە شارێكی كارگێڕییە، بەهۆی بوونی چەندان پیسبوونی ژینگەیی لە بەغدا كە خۆیان  لە سێ‌ جۆر پیسبووندا دەبیننەوە و لە پیسبوونی هەوا و خۆڵ و ئاودا كۆدەبنەوە، وێڕای فڕێدانی خاشاك بۆ نێو رووباری دیجلە كە بەبێ‌ چارەسەر ماوەتەوە». 
لای خۆیەوە، جاسم فەلاحی وەزیری ژینگە، هۆشداریی دەدات لە پیسبوونی ژینگە لە بەغدا كە بە وتەی ئەو، گەیشتۆتە ئاستێك ناكرێت بێدەنگ بن بەرامبەری، جەخت لەسەر پێویستی دروستكردنی شارێكی كارگێڕی نوێ‌ دەكاتەوە. 

رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی 
لە سایەی زیادبوونی شەپۆلەكانی خۆڵبارین، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند»كۆمەڵێك چارەسەر تاوتوێ‌ دەكات بۆ بەرگرتن لە كاریگەریی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە شارەكاندا». 
لەوبارەیەوە سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند»دامەزراوە تەندروستییەكان هەوڵەكایان خستۆتەگەڕ بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە فەرمانگە و نەخۆشخانە تەندروستییەكان»، ئاماژەی بە تۆماركردنی زیاتر لە 3 هەزار حاڵەتی تەنگەنەفەسیش كرد لەلایەن دامەزراوە جیاجیاكانی وەزارەتەكەوە. 
بەدر داوای لە هاووڵاتیان كرد»دەمامك ببەستن و چەند دەكرێت لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی رەبو و سستی دڵیان هەیە»، جەختیشی لەسەر پێویستی لەبەركردنی جلوبەرگی گونجاو و چاویلكەكردن لەكاتی چوونەدەرەوەدا كردەوە. 
چاودێران پێیانوایە، ئەو رێكارانەی گیراونەتەبەر لەلایەن وەزارەتی ژینگە و تەندروستی، نەگەیشتوونەتە ئاست و قەبارەی ئەو كێشەیەی رووی لە وڵات كردووە. 

لە ساڵێكدا 300 رۆژ لە عیراق خۆڵبارین دەبێت 
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی دەزگای گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی پێشبینی دەكات، شەپۆلەكانی خۆڵبارین بۆ ماوەیەكی زۆر لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام بن. 
رەمەزان حەمزە، گەورە پسپۆڕی ستراتیژی سیاسەتەكانی ئاو و مامۆستا لە زانكۆی دهۆك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە، پێشبینی كردووە»ژمارەی ئەو رۆژانەی لە وڵاتدا خۆڵبارین دەبن لە ساڵێكدا، دەگاتە 300 رۆژ تا ساڵی 2050، چونكە زیاتر لە 70%ی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە وڵاتدا خاپوربوون، یان هەڕەشەی خاپوربوونیان لێدەكرێت، هۆكارەكانی خێراتربوو هەڵكشانی بیابانبوون و گەیشتنیان بە شارەكان، زۆربوونی شەپۆلەكانی خۆڵبارینە». 
بۆ زیاتر لە دوو مانگە، پارێزگاكانی وڵات بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە رووبەڕووی شەپۆلەكانی خۆڵبارین دەبنەوە، شارەزایانی بواری ژینگەش پێیانوایە هۆكارەكەی بۆ گۆڕانكاریی ژینگەیی و نەمانی رووماڵی رووەكی و زیادبوونی دیاردەی بیابانبوون و هەڵكشانی بەرەو شارەكان دەگەڕێتەوە، هۆشداریش دەدەن لە زیادبونیان. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان