بەرنامەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن كەرتی تەندروستی پێشدەخات

11:29 - 2023-11-20
کوردستان
578 جار خوێندراوەتەوە

كەرتی تەندروستی و پەرەپێدان و چارەسەركردن، یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە لیست و هاوپەیمانییەكانیدا جێگەی كردۆتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و كەسانی پسپۆڕی بۆ كاندیدكردوون، تا كەرتی تەندروستی پێشبخەن و بەجۆرێك كەمترین تێچوو بكەوێتە سەرشانی نەخۆش.

یەكێتی بە بەرنامە كەرتی تەندروستی  لە دیالە دەبووژێنێتەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە دیالە، بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ بووژاندنەوەی كەرتی تەندروستی پارێزگاكە داڕشتووە و بەگوێرەی بەرنامەكەش چیتر پێویست ناكات نەخۆش بۆ چارەسەر سەردانی دەرەوەی دیالە بكات، جگە لە بایەخی تایبەت بە تووشبوانی شێرپەنجە و دروستكردنی بنكەی تەندروستی بۆ گوندە دوورە دەستەكان.
فاتمە فەرحان كاندیدی ژمارە ٢٠ لە لیستی یەكێتی لە دیالە ژمارە ١٢٠ بە PUKMEDIAی راگەیاند: لە هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دانیشتوانی پارێزگای دیالە، لە بەرنامەی لیستەكەماندایە  نەخۆشخانەی خانەقین نوێ بكەینەوە كە نەخۆشخانەیەكی زۆر كۆنە و چەندین ئامێری بۆ  دابینبكەین بۆ ئەوەی نەخۆشەكان بۆ چارەسەر، روو لە دەرەوەی پارێزگاكە نەكەن، وتیشی: هاوكات دەمانەوێت دەرمانی پێویست بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابینبكەین تاوەكو تووشبوان بۆ چارەسەر روو لە شارەكانی بەغدا و سلێمانی نەكەن، جگە لەوەی لە بەرنامەی لیستەكەماندایە بنكەی تەندروستی بۆ ئەو گوندە دوورە دەستانە بكەینەوە كە لە دەوروبەری خانەقینن و  تائێستا خزمەتگوزاری تەندروستییان پێنەگەیشتووە.

هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا: خزمەتگوزاریی تەندروستی دەگەیەنینە هەموو ناوچەكان
هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا لە خەمی تەندروستیی هاووڵاتیانی پارێزگاكەدایە و كار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە تەواوی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا دەكات.
مەزهەر عەلاوی كاندیدی ژمارە ٧ لە هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا ژمارە ١٣٤ بە PUKMEDIA ی راگەیاند: هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا گرنگی زۆر بە بواری تەندروستی دەدات و یەكێك لە كارە سەرەكییەكانمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا نوێكردنەوە و خستنەوەگەڕی نەخۆشخانە گەورەكەی بەشی راستی شاری موسڵە، وتیشی: كار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە تەواوی دانیشتوانی نەینەوا دەكەین، چونكە لە پارێزگاكە ناوچەی زۆر هەن كە خزمەتگوزاریی تەندروستییان تێدانییە، هاوكات هەوڵی دابینكردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان دەدەین و چاودێری نرخی دەرمان و جۆرەكەشی دەكەین.

پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە كەركوك
سۆزان ئیبراهیم كاندیدی ژمارە ٢٤ لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ بە PUKMEDIAی راگەیاند: هاوپەیمانییەكەمان گرنگی زۆر بە كەرتی تەندروستی دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا دەمانەوێت نەخۆشخانەیەكی نوێی 400 قەرەوێڵەیی لە ناوچە كوردنشینەكانی كەركوك دروستبكەین بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتیانی ناوچەكە لێی سوودمەندبن، هاوكات هەوڵیش دەدەین نەخۆشخانە پەراوێزخراوەكان نوێبكەینەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا لە خەمی هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكاندا بووە و لەئێستاشدا خزمەتگوزاریی تەندروستی لەو ناوچانە بۆتە خەمی گەورەی، بۆیە دەیەوێت لە رێگای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقەوە زۆرترین كاندیدی خۆی بنێرێتە ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەوێشەوە لەڕێگەی كەسانی پسپۆڕەوە، كەرتی تەندروستی ئەو ناوچانە ببوژێنێتەوە و خزمەتگوزاریی تەندروستی بگەیەنێتە دانیشتوانی ئەو ناوچانە و  گوندە دوورەدەستەكانیش.

PUKMEDIA



















#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان