یەكێتی شەڕی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات لە كەركوك دەكات

11:40 - 2023-11-20
کوردستان
259 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شەڕی بەدەستهێنانەوەی پارێزگارێكی كورد لەسەر پشكی یەكێتی بۆ كەركوك دەكات و ئەو بەڕێوەبردنە خراپەی لەئێستادا لەلایەن پارێزگارێكی بەوەكالەتەوە بەرۆكی خەڵكی شارەكەی گرتووە رەتدەكاتەوە، داواش لە هاووڵاتیانی كەركوك دەكات پشتیوانی بكەن بۆ كۆتاییهێنان بەو نادادییە و دەنگ بە كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بدەن.

سەرۆكی یەكێتی: كەركوكییەكان خۆیان بڕیاردەرن
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: چیتر بڕیار بۆ كەركوكییەكان نادرێت، بەڵكو خۆیان بڕیاردەر دەبن و چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناوی مافەكانیان دەكەن.
 هاوكات ئاسۆ مامەند سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، دەڵێت: لەئەمڕۆوە ئیرادەیەكی نوێ و ئیدارەیەكی چالاك بە دەنگەكانمان دێنینە كایەوە كە پارێزگارەكەی كورد و یەكێتی بێت.
 هەروەها رێبوار تەها سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، لە پەیامێكدا رایگەیاند: هاوپەیمانییەكەمان دەیەوێت بەرگێكی نوێ بەبەری كەركوكدا بكات، ئەمەش لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵكی شارەكە و گۆڕینی ئەو سیستەمە بەڕێوەبردنە خراپەی كە لەئێستادا بەرۆكی شارەكەی گرتووە.

یەكێتی شەڕی وەرگرتنەوەی  پارێزگاری كەركوك دەكات
رەمەزان جەباری كاندیدی ژمارە ١٩ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بە PUKMEDIA ی راگەیاند: یەكێتی لە پارێزگای كەركوك شەڕی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و لابردنی بڕیارە سەپێندراوەكان دەكات، بۆ ئەمەش داوا دەكەین خەڵكی كەركوك پشتیوانمان بن و دەنگ بە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بدەن، وتیشی: بۆ داهاتوو دەمانەوێت پارێزگاری كەركوك، كورد بێت و لەسەر پشكی یەكێتیش بێت، چونكە ئەو زوڵم و زۆرەی لەئێستادا بەرامبەر بە نەتەوەكەمان دەكرێت، جێی قبووڵ نییە و بە وەرگرتنی دەسەڵاتی خۆجێی لە كەركوك، كۆتایی بەو ناعەدالەتییانە دەهێنین.
یەكێتی هەوڵی پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ لە كەركوك دەدات
هەروەها جیهان ئیبراهیم كاندیدی ژمارە ٢٠ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بە PUKMEDIA ی راگەیاند: ئەگەر زۆرترین كاندیدمان بچێتە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجومەنەكە دەبینە زۆرینە و هەوڵی پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ دەدەین، كە رەنگدانەوەی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە بێت، راشیگەیاند: یەكێتی لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵك و كۆتاییهێنان بەو نادادییەی لەلایەن پارێزگارێكی بەوەكالەتەوە لەئێستادا لە كەركوك ئەنجام دەدرێت، هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری شارەكە دەدات بۆ ئەوەی ببینە چەترێكی كۆكەرەوە و خزمەت بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك، ئەمەش لە رابردوودا سەلمێنراوە كە كوردێك پارێزگار بێت چۆن خزمەتدەكات.
لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، كە بە ژمارە ١٤٢ بە 30 كاندید بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات، سەرجەم كاندیدەكانی كەسانی پسپۆڕ و شارەزان و لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە پەسەندكراون.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان