تۆماس ماڵتۆس

پرسی دانیشتوان ماندووی کردبوو

09:53 - 2023-11-21
ئابووری
64 جار خوێندراوەتەوە
#تۆماس ماڵتۆس

 فەیسەڵ عەلی


ئابووریناس و دیموگرافیی ئینگلیزییە، ژیانی پیشەیی وەک قەشە لە کڵێسایەکی ئەنگلیکانی دەستپێکرد، دواتر بەرەو وانەوتنەوەی مێژوو و ئابووریی سیاسی و توێژینەوە لە بواری زانستی دانیشتوان (دیمۆگرافیا) رۆیشت.
ماڵتۆس، تیۆرییەکەی کە بە (ماڵتۆسییەت) ناسرا بوو، لەم تیۆرییەیدا هەوڵی دا شیکردنەوە بۆ دیاردەی زیادبوونی هەژاری و ئەو کێشانەدا بکاتك کە هەژاری لە جیهان بەدوای خۆیدا دەیانهێنێت، بە تایبەتی ئەو کێشانەی دەرئەنجامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەکردنی بە رێژەیەک کە لە سەروو گەشەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانەوەیە و ئەمەش لاسەنگی لێدەکەوێتەوە.

گرنگیی پەروەردە و خوێندن
تۆماس رۆبەرت ماڵتۆس، لە 14 شوباتی 1766 لە شارێکی بچوکی ئینگلتەرا بە ناوی (رۆکری) لە دایک بووە، لە خێزانێکی تاڕادەیەک دەوڵەمەند پەروەردە کراوە و گرنگییان بە پەروەردە و خوێندنی داوە.
باوکی ماڵتۆس هاوڕێی دەیڤد هیومی فەیلەسوفی ئینگلیزی بووە، هەروەها لە ژێر کاریگەریی جان جاک رۆسۆی فەیلەسوفی فەرەنساییدا بووە، رەنگە کتێبی (ئیمیل) کە رۆسۆ نوسیبووی، ئیلهامی بە باوکی ماڵتۆس دابێت تا کوڕەکەی بە پێی رێسای لیبراڵیزم پەروەردە بکات.
ماڵتۆس خوێندنی بنەڕەتی لەسەر دەستی مامۆستای تایبەت وەرگرتووە و دواتر لە ساڵی 1784 چۆتە کۆلیجی مەسیحی سەر بە زانکۆی کامبریدج، لەوێ توانی چەندین مادە بخوێنێت، لە لاتینی و گریکیدا زۆر باش بوو، هەر بە هۆی ئەوەشەوە چەند خەڵاتێکی وەرگرت.

کاریگەریی فەلسەفەی لیبراڵیزم
لە ساڵی 1788دا یەکەم جار خەڵاتی وەرگرت، بەڵام خولیا مەعریفییەکەی رێگەی نەدا لەو ئاستەدا بوەستێ، درێژەی بە خوێندنی زانکۆیی دا، تا لە ساڵی 1791دا بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێنا.
ماڵتۆس کەوتە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی لیبڕاڵییەوە و پێش ئەوەش زانیارییەکی زۆر باشی لەسەر تێڕوانینی فەیلەسوفەکانی رۆشنگەری وەک هیوم و رۆسۆ هەبوو، هەروەها ئاگاداری هزری قوتابخانەی ئابووریی کلاسیکی بوو، کتێبەکانی ئادەم سمیسی خوێندبۆوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ دەیڤد ریکاردۆ هەبوو.
ماڵتۆس دوای دەرچوونی وەک هاوکار لە کۆلیجی مەسیح لە کامبرێدج وەرگیرا، لە ساڵی 1797دا وەک قەشەیەک لە کڵێسای ئەنگلیکانی دامەزرا، بەڵام پرسەکانی لاهوت وەک پێویست نەبووە جێی بایەخ و خولیای، لەبەرئەوە لە ساڵی 1805دا وەک مامۆستای مێژوو و ئابووریی سیاسی پەیوەندیی بە کۆلیجی کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی (بریتانی)یەوە کرد.

 

ماڵتۆس دەڵێ: رەوتی زیادبوونی دیموگرافی لە رەوتی زیادبوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بڕی خۆراکی رەخساو بۆ خواردن خێراترە، لە کۆتاییدا لاسەنگیی نێوان ژمارەی دانیشتوان و بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویستی لێدەکەوێتەوە

 

ئەندامی کۆمەڵەی شاهانە
لە ساڵی 1819دا وەک هاوڕێی کۆمەڵەی شاهانە دەستنیشان کرا، لە ساڵی 1821دا لە پاڵ ئابووریناسانی تری دیاری وەک دەیڤد ریکاردۆ و جەیمس مێل چووە نێو یانەی ئابووریی سیاسییەوە. هەروەها لە ساڵی 1824 بووە ئەندامی کۆمەڵەی شاهانە بۆ ئەدەب، پاشان لە ساڵی 1833دا لە ئەکادیمیای فەرەنسی بۆ زانستە ئەخلاقی و سیاسییەکان وەک مامۆستا وەگیرا، لە هەمان ساڵیشدا بووە ئەندامی ئەکادیمیای شاهانەی بەرلین، لە ساڵی 1834دا ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی لەندەن بۆ ئامار بوو.
ماڵتۆس، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1798دا بە ناوێکی نادیار و بەبێ ئەوەی ناوی خۆی بهێنێت، تیۆرییە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی (وتارێک لەمەڕ پرەنسیپی دانیشتوان) بڵاوکردەوە.

کێشەی زۆربوونی دانیشتوان
تیۆرییەکە باس لەوە دەکات، کە رەوتی زیادبوونی دیموگرافی لە رەوتی زیادبوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بڕی خۆراکی رەخساو بۆ خواردن خێراترە. لە کۆتاییدا لاسەنگیی نێوان ژمارەی دانیشتوان و بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست بۆ دانیشتوانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش دەشێ کێشەی مەترسیداری ئابووری و کۆمەڵایەتی وەک هەژاری و برسێتی، دیاردەی خراپی کۆمەڵایەتی وەک سواڵکردن و دزی و فێڵکردن بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بە تێڕوانینی ماڵتۆس هۆکاری ئەو کەلێنە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە هەر 25 ساڵێک مرۆڤ بە پێی بەدوایەکی ئەندازەیی(1، 2، 4، 8، 16، 32 ..هتد)، واتە ژمارەی دانیشتوان دوای چارەکە سەدەیەک بەردەوام بەبێ کۆتا زیاد دەکات، ئەگەر رێگرییەک بۆ ئەم گەشەکردنە نەبێت وەک (برسێتی، جەنگ، پەتا، کارەساتی سروستی، رێکخستنی منداڵبوون).

یاسای سروشت
لە بەرامبەریشدا، بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان بە پێی بەدوایەکی ژمارەیی (1، 2، 3، 4، 5، 6 ..هتد) گەشە دەکات، چونکە زەوی بەپیتی کشتوکاڵ سنووردارە و بەرهەمی ئەو زەوییانەش بەهۆی چڕی بەگەڕخستنییەوە روو لە کەمی دەکات.
ماڵتۆس بەرامبەر بەم رەوشە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر کۆمەڵ دەرک بەم راستییە نەکات و بەربەستی ئەخلاقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوتی زیادبوونی دانیشتوان بۆ خەڵکەکەی (بە دیاریکراوی خەڵکە هەژارەکەی) دیاری نەکات بەو جۆرەی کە لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی خۆراک یەک بگرێتەوە، ئەوا (یاسای سروشت) کاری خۆی دەکات و هاوسەنگیی دەگێڕێتەوە و لە رێی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی و بەرپابوونی جەنگ لەسەر خۆراک پرسەکە رێک دەخاتەوە.

سنووردارکردنی منداڵبوون
لەو کۆتوبەندە ئەخلاقییانەی ماڵتۆس دەیخاتەڕوو، سنووردارکردنی منداڵبوون، کەمکردنەوەی شووکردن و ژنهێنان، بە نەکردنی، یان دواخستنی بۆ چەند ساڵێک، وێڕای چارەسەریتر، هەروەها دەڵێ ئەوە بەرپرسیارێتیی هەر خێزانێکە، کە نابێ ژمارەی منداڵەکانی ئەو ئاستە تێپەڕێنێت کە نەتوانێ بەخێویان بکات.
بە پێی ماڵتۆس، بەرپرسیارێتیی دەوڵەتیشە، یارمەتی کۆمەڵایەتیی هەژاران کەم بکاتەوە، چونکە وا دەکات دەرک بکەن کە ئەوان هۆکاری ئەو ناخۆشییەن کە منداڵەکانیان تێیدا دەژین، بڕینی ئەو یارمەتییە هۆکارێکی چارەسەرکردنی کێشەکەیە.

تا ئێستاش جێی بایەخە
تیۆریی ماڵتۆس، دیارترین ئەو تیۆرییانەیە کە لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا زۆرترین گفتوگۆی بە دوای خۆیدا هێنا کە بە ئێستاشەوە بەردەوامی هەیە، ئەم تیۆرییە لاینەگر و دژی هەیە، ئەوانەی بە تیۆرییەکی واقیعی دەزانن و ئەوانەی بە تیۆرییەکی رەشبینی ناو دەبەن، بەڵام هێشتا تیۆرییەکەی لەمەڕ زیادبوونی دانیشتوان جێی بایەخی توێژەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، چ بۆ سەلماندنی راستیی یان رەتکردنەوەی تیۆرییەکە.
ماڵتۆس یەکەمین کتێبی لە ساڵی 1796 بە ناونیشانی (قەیران) نووسی، بەڵام بڵاو نەکرایەوە، دواتر لە ساڵی 1798دا، کتێبی (وتارێک لەمەڕ پرەنسیپی دانیشتوان)ی بڵاوکردەوە، چەند جارێک چاپ کرایەوە، لە ساڵی 1820دا کتێبی (پرەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی) بڵاوکردەوە. ماڵتۆس رۆژی 29 کانونی یەکەمی 1834، لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان