جەنگ و گۆڕانی كەشوهەوا هەڕەشە لە دارستانەكانی سوریا دەكات

10:20 - 2023-11-21
ژینگە
560 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مەعروف مەجید



 «پاراستنی درەختێک زیندووكردنەوەی ژیانی مرۆڤە، بڕینەوەشی كۆمەڵگە لەناو دەبات».

لە كەناری رووباری فورات لە باكووری سوریا، درەختە سەوزە تازەپێگەیشتووەكان لە نێوان لقە بڕاوەكانی تردا بەرز دەبنەوە، كە هەندێكیان لەم دواییانەدا لە ئەنجامی دیاردەی بڕینی هەڕەمەكی بڕدراون كە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕەوە خێراتر بووە و هەڕەشە لە رووپۆشی دارستانەكان دەكات لە سەرانسەری وڵاتدا.

بەكارهێنانی درەخت وەك سووتەمەنی 
لەناو ئەو دارستانەدا كە دەكەوێتە گوندی جەبار لە پارێزگای رەققە، ئەحمەد ئەلشێخ (تەمەن 40 ساڵ) پشكنین بۆ ئەو لقەبڕاوانە دەكات، كە لە نزیك هەندێكیان داربڕەكان هێشتا لقی تازەیان بەجێهێشتووە.
ئەحمەد ئەلشێخ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: خەڵك بۆ ئەوەی پارەیان دەست بكەوێ، درەختەكان دەبڕن، ئەوانی تریش دەیانەوێت لە وەرزی زستاندا بۆ گەرمكردنەوە بەكاریان بهێنن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەیەك لەمەوبەر چوار درەختی بینیوە كە بڕدرا بوون لەكاتێكدا هێشتا لقەكانیان سەوز بوون، ئەو دیمەنە ئازاری داوە.
دارستانی ئەو ناوچە كوێستانییە كە رووی لە قەڵای دێرینی جەبارەیە، هەمیشە دەرچەیەكی بۆ دانیشتوانی گوندەكانی نزیك و تەنانەت سەردانیكەرانی قەڵاكە كە بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا كە پلەی گەرما دەگاتە بەربەستی پەنجا پلەی سەدی.
بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ئاژاوەی ئەمنی كە لەگەڵ قەیرانێكی ئابووری دامركێنەردایە، ئەمڕۆ هەڕەشە لەم سامانە دارستانییە دەكات.
ئەو شێخە كە هاوكات خاوەن فرۆشگای خۆراكە، روونیشی دەكاتەوە، پێشتر دارستان بۆ گوندەكە مانای زۆری هەبوو، سەردانكەر و باڵندەی بۆ لای خۆی رادەكێشا و هەوای پاك دەكردەوە، بەڵام ئێستا دۆخەكە بەرەو خراپتر رۆیشتووە، ساڵانە رووبەرەكەی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بۆ پاراستنی دارستانەكە كار دەكەن، بەڵام بەهۆی كەمیی ژمارەی پاسەوانەكانەوە كە بەرپرسیارن لە چاودێریكردنی ناوچە فراوانەكان هیچ سوودێكی نییە.
شێخ هەروەها باس لەوەش دەكات كە شەوانە دەنگی ماتۆڕسكیلەكان دەبیستین كە رێگە خۆڵییەكان دەگرنەبەر، بۆ ئەوەی بە دزییەوە بچنە ناو دارستانەكەوە و دەنگی مەكینەی داربڕەكان بە روونی دەبیسترێت.
هەندێكی تر بە دزییەوە لە كاتی ڕۆژدا بۆ بڕینی درەختەكان بە بەكارهێنانی ئامێری دەستی بۆ ئەوەی سەرنجیان بۆ خۆیان رانەكێشن، دواتر دێن بۆ گواستنەوەیان بۆ ماڵەكانیان، بەپێی ئەوەی شێخ دەیگێڕێتەوە، هۆشداری دەدەن كە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناوچەكەمان  رووبەڕووی بە بیابانبوون دەبێتەوە.

زەوی هەژار
نزیكەی 10 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، هەمان دیمەن لە گوندی توەیحینە دووبارە دەبێتەوە، هاوكات دەكەوێتە كەناری رووباری فورات كە بەدەست دابەزینی ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت.
محەمەد عەلی تەمەن 30 ساڵان كە لەنێو درەختە بڕاوەكاندا لە دارستانی گوندەكەیدا دەگەڕا بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی وتووە، لە منداڵیدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكدا دەهاتین بۆ ئەوەی لە ژێر سێبەری یوكالیپتوس و دار سنەوبەرەكاندا دابنیشین، بەڵام ئێستا بۆتە خاكێكی بێ بەرهەم، دوای ئەوەی بڕینی هەڕەمەكی پشتێنەیەكی سەوزی لەناوبرد كە درێژبووەوە بۆ ناو گوندی دراوسێ.
زۆرجار خەڵكی درەختەكان دەبڕن بۆ ئەوەی لە زستانە سەختەكانی ئەو ناوچەیەدا بۆ گەرمكردنەوە بەكاریان بهێنن و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت سەرجەم درەختەكان لەناو دەچن، سوریاش لەم ساڵانەی دواییدا كەمیی سووتەمەنی درێژخایەن و پچڕانی درێژخایەنی پێدانی كارەبای بەخۆیەوە بینیوە.
دوای زیاتر لە 12 ساڵ ململانێی خوێناوی، سوریا شایەتی قەیرانێكی ئابووریی خنكێنەرە و دراوی ناوخۆیی زیاتر لە 99 %ی بەهاكەی لەدەست داوە و زۆرینەی خەڵكی سوریاش ئەمڕۆ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. 
ئیدارەی خۆسەری كورد كە ناوچەیەكی بەرفراوان لە باكوور و باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبات، كار بۆ پاراستنی دارستان و یەدەگە سروشتییەكان لە بڕینی هەڕەمەكی دەكات، بە هەر توانایەك كە لەبەردەستیدایە.

سەرپێچیكاران سزا دەدرێن
ئیبراهیم ئەسعەد هاوسەرۆكی دەزگای ژینگە، لە نووسینگەی خۆی لە شاری عامودا لە پارێزگای حەسەكە رایگەیاند: ئاماری وردمان لەبەردەستدا نییە لەسەر زیانەكان، بەڵام لە دارستانەكاندا روون و ئاشكرایە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵدەدەین خێرایی چاندنی نەمام و پاراستنیان زیادبكەین، هاوكات لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە سزای هەركەسێك دەدات كە زیان بە ژینگە یان سروشت بگەیەنێت.
ئەسعەد جەخت لەسەر گرنگی پەروەردەكردنی دانیشتووانی شارەكە دەكاتەوە سەبارەت بە پاراستنی فەزای سەوزایی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پاراستنی درەختێك زیندووكردنەوەی ژیانی مرۆڤە، بڕینی كۆمەڵگاش لەناو دەبات. 
لە گوندی ئەلنەسیری سەر بە پارێزگای حەسەكە، حوسێن ساڵح ئەلهلو  تەمەن 65 ساڵان ساڵ گلەیی لە هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكات.
حوسێن ساڵح بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: وشكەساڵی كاریگەری لەسەر زەوی و كشتوكاڵ و مەڕەكان هەبووە، تەنانەت درەختەكانیش وشك بوون و ئەو درەختانەی كە لە وشكەساڵیش رزگاریان بووە، لە بڕینی هەڕەمەكی رزگاریان نەبووە، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر گوندەكە هەبووە و لە رووپۆشی سەوزە بێبەشی كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕینی درەختەكان كاریگەری زۆری لەسەر گوندەكە هەبووە، پلەكانی گەرما بەرزبوونەتەوە و كەشوهەوا وەك جاران نەماوە.
* سەرۆكی ریكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
سەرچاوە/ ئاژانسی فرانس پریس

بابەتە پەیوەندیدارەکان