كۆڕێك بۆ وەفدێكی سۆسیال دیموكراتی سوید لە مەكتەبی راگەیاندن بەڕێوەچوو

12:28 - 2023-11-21
کوردستان
115 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 20/11/2023، بە ئامادەبوونی لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و نەجمەدین فەقێ‌ لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری و شۆڕش قادر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سوید و ژمارەیەكی بەرچاو لە كادیرانی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێك بۆ وەفدێكی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدی لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ بەڕێوەچوو.
وەفدەكە پێكهاتبوون لە تۆرگی لارسۆن، سەرۆكی هەرێمی ئۆریبۆر و لێپرسراوی پڕۆژەكانی سۆسیال دیموكراتی سوید، لارش ئیرك راهێنەری نێودەوڵەتی و هەڤاڵ فەرهەنگ ئەندامی هەرێمی ئۆریبۆر و رێكخەری پڕۆژەكانی ی.ن.ك و سۆسیال دیموكراتی سوید.
لە كۆڕەكەدا، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە وتەیەكدا، وێڕای بەخێرهێنانی وەفدەكە و ئامادەبوانی كۆڕەكە، جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە خول و كۆڕانە كردەوە بۆ كادیرانی یەكێتی بەتایبەت كە یەكێتی خۆی حزبێكی سۆسیال دیموكراتە و ئەندامی كارای سۆسیال دیموكراتەكانی جیهانیشە.
پاشان، ئەندامانی وەفدەكە، هەریەكە و لای خۆیەوە باسی ئەزموونی كاری سۆسیال دیموكراتی سویدیان كرد و بایەخی ئەو پەیوەندییەشیان باس كرد كە لە دوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە لەگەڵ سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دروستبووە، ئەویش بە كردنەوەی خولی راهێنان و كۆڕی هۆشیاری، بە تایبەت كە لە عیراق و كوردستاندا هەڵبژاردنی چارەنووسساز بەڕێوەیە و ئەم جۆرە خول و كۆڕانە پێویستن.
پاشان، گفتوگۆیەكی كراوە، لە نێوان كادیرانی ئامادەبووی كۆڕەكە و وەفدەكە دروستبوو، كە كۆڕەكەی دەوڵەمەندتر كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان