سەرۆكی تونس حزبە سیاسییەكان دووردەخاتەوە

12:09 - 2022-05-24
جیهان
354 جار خوێندراوەتەوە

قەیس سەعید سەرۆكی تونس بەشداریكردنی حزبە سیاسییەكانی وڵاتەكەی لە لیژنەی ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەی چاكسازیی دەستووری كۆماری نوێ لە ڕێی دیالۆگەوە، دوورخستەوە ‌و تەنها رێكخراوە گەورەكان بەشداریی پێدەكات، لە نێویشیاندا یەكێتیی گشتیی کرێکارانی تونس، كە دەسەڵاتێكی بەهێزی هەیە.
بەپێی مەرسومێكی سەرۆكایەتیی تونس، كە لە رۆژنامەی رەسمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوكراوەتەوە، دەستەی نیشتمانیی سەربەخۆ دەگۆڕدرێت بۆ دەستەی راوێژكاریی نیشتمانی لەپێناوی كۆماری نوێدا، پێشنیازی پەیوەست بە ئامادەكاری بۆ پڕۆژەی دەستووری  نوێ ‌پێشکەش دەکات و پڕۆژەكەش بۆ سەرۆك كۆمار بەرزدەكاتەوە.  
بەپێی بەیاننامەی سەرۆكایەتیی تونس، قەیس سەعید كەسێكی نزیك لە خۆی راسپاردووە بۆ ئەركی سەرۆكایەتیی دەستەی راوێژكاریی نیشتمانی كە سێ لیژنە لەخۆدەگرێت، ئەوانیش، لیژنەی راوێژكاری بۆ كاروباری ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی، لیژنەی راوێژكاریی یاسایی ‌و لیژنەی دیالۆگی نیشتمانی-ن.   
دوای چەقبەستنی سیاسی لە وڵاتەكەی، قەیس سەعید كە لە كۆتایی ساڵی 2019دا وەكو سەرۆكی تونس هەڵبژێردرا، لە مانگی تەمموزی رابردوودا هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن ‌و یاسادانی گرتەدەست ‌و سەرۆك وەزیرانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە ‌و چالاكییەكانی پەرلەمانی هەڵپەسارد ‌و لە مانگی ئازاری رابردوودا بە یەكجاری هەڵیوەشاندەوە. دواتر بڕیاریدا بە رێكخستنی راپرسی لەسەر چاكسازیی دەستوور بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە رۆژی 25ی كانونی یەكەمی داهاتوودا. مانگی نیسانی رابردووش، سێ كەسی بۆ دەستەی هەڵبژاردن دانا، لە كاتێكدا لیژنەكە لە حەوت كەس پێكدێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان