قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازی لە وەفدێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی مارشاڵ سامی سامپسۆن گەورە راوێژكاری بەرگریی بەریتانیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بە ئامادەبوونی كونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەكالەت بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پڕۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا. جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: لێكتێگەیشتنی باش دروستبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو لایەنی یەكێتی و پارتی، ئەرێنی بوون و هەنگاوەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەن. «گەشبینین بەم نزیكانە بە تەواوی كێشەكانی وەزارەت بە هاوكاری و پشتیوانی هەموولایەك چارەسەربكرێن، ئەمەش رەوتی چاكسازییەكان لە هێزەكانی پێشمەرگەدا خێراتر دەكات». لەوبارەیەشەوە وەفدی بەریتانیا پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش بۆ بەردەوامیی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتكردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باسی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، عیراق و هەرێمی كوردستان كرا. هەردوولا جەختیانكردەوە كە پێویستە حكومەت و لایەنە عیراقییەكان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رێگریی لە هەر چەشنە هەنگاو و جووڵەیەك كە ببێتەهۆی بارگرژیی و ناسەقامگیری لە عیراقدا. هەردوولاش هاوڕابوون كە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.