دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کۆدەبێتەوە

11:04 - 2023-11-25
عیراق
147 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدراڵی عیراق لە سێ رۆژی داھاتوودا بۆ بڕیاردان لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە کۆدەبێتەوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە دادگاکە سەبارەت بە سکاڵای نۆ فەرمانبەر ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
فەرمانبەران لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن، حکومەتی ھەرێم ناچار بکرێت، بە جێبەجێکردنی یاسای ھەموارکراوی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی و کەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008، بەتایبەتی ماددەکانی 6 و 7 و 8 و 9، ھەروەھا دەستپێکردنەوەی پلە بەرزرکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی دووەم جارێکی تر دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەرەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عیراق و ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ دەرکردنی بڕیارێک بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەمموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردنی ھەردوو حکومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عیراق. 
ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن ئەمینداری حزبی ئوممەی عیراقییەوە لەدژی سەرۆک وەزیرانی عیراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە بەپێی یاسای بودجە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت لەوادەی دیاریکراودا ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان