لە هەرێم بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە برەودایە

09:42 - 2023-11-27
ڕاپۆرت
954 جار خوێندراوەتەوە
سیستمێکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی‌ خۆر له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ روو لە زیادبوونە، بەجۆرێك به‌پێی داتاکانی‌ بەشی‌ وزە نوێبووەوەکان، 150 ماڵ له‌ناو سلێمانی سیستمی‌ سۆلاریان له‌ سه‌ربانی ماڵه‌كانیان داناوه،‌ كه‌ كۆی توانای به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بایان نزیكه‌ی 1.5 مێگاواته‌ لەكاتێكدا چەندین ماڵی دیكەش هەن كە تائێستا سیستمەكەیان داناوە و هێشتا تۆماریان نەكردووە، ئەوە بێجگە لەو گوند و کۆمپانیا و کارگانەی هەمان سیستمیان داناوە بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا.
سیستمی سۆلار واتا، کرداری گۆڕینی تیشکی خۆر بۆ وزەی کارەبا. بەهۆی نەبوونی کارەبای موەلیدە لە گوندەکان زیاتر گرنگی بە دانان و پشتبەستن بە وزەی خۆر دەبەسترێت بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا.

لەباریی هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێم
گوندی هەزارمێرد لە سنووری پارێزگای سلێمانییە و لە 26 ماڵ پێکهاتووە، دانیشتوانی گوندەکە ماوەی چوار ساڵە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ماڵەکانیان بەکاردەهێنن، رۆژانە لانیکەم 12 بۆ 15 سەعات کارەبایان لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەستکەوێت.
دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن، لەوەتەی ئەو سیستمەیان داناوە رزگاریان بووە لە بێ کارەبایی و هەموو ئامێرەکانی ماڵەکەیان ئیش پێ دەکەن.
هەر ماڵێکی گوندی هەزارمێرد هەشت تا 20 ئەمپێر کارەبای 24 سەعاتییان هەیە، کە تێچووەکەی دوو هەزار بۆ چوار هەزار دۆلارە و سیستمەکە تا چەند ساڵێک دواتر هیچ تێچووییەکی دیکەی نییە و دواتر تەنیا باترییەکانی دەگۆڕدرێت.
هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان لەبارە بۆ دانانی چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی وتی،  بەپێی درێژی رۆژ و بەتینی تیشکی خۆر بڕی کارەبای بەرهەم هاتوو لە تیشکی خۆر لە گۆڕاندایە بەشێوەیەک لە وەرزی هاوین و لە نیوەڕواندا زۆرترین بڕە کارەبامان دەست دەکەوێت بە بەراورد بە بەیانیان و ئێواران.


داشکاندن بۆ هاوبەشانی دانانی سیستمی سۆلار
بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە، سوودێكی یەكجار زۆری هەیە، لەبەرئەوەی هاووڵاتی سەرچاوەیەكی كارەبای بەردەوامی دەبێت و بەپێی كاتیش تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی لەسەر کەم دەبێتەوە.
بەپێی رێنمایی ژمارە 3 ساڵی 2021 وەزارەتی کارەبا ئەو کارەبایەی لە وزەی خۆر بەرهەمی دەهێنیت تێکەڵ بە کارەبای نیشتمانی دەکەیت، لە کۆتایی مانگەکەدا بەپێی ئەو بڕەی هاووڵاتیەکە داویەتی بە وەزارەت لە خەرجی مانگانەی کارەبای نیشتمانی کەمدەکرێتەوە. 
بۆ نموونە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک مانگانە بڕی 1000 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی بەکاربهێنێت و لە رێگەی وزەی خۆرەوە 400 کیلۆ وات کارەبا بکاتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە ئەوا لە کۆتایی مانگەکەدا تەنها پارەی 600 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی لێ وەردەگیرێت.
دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارەبا بۆ بەستنەوەی کارەبای بەرهەمهاتووی وزەی خۆر بە تۆڕی کارەبای نیشتماییەوە و هەژمارکردنی، هاووڵاتیان و خاوەن کۆمپانیا و کارگەکان زیاتر روویان لە دانانی ئەم سیستمە کردووە و هاندەرێکی باش بووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.

حکومەت هیچ وێستگەیەکی نییە لەکاردابێت
تائێستا حکومەت هیچ وێستگەیەکی نییە لە کاردابێت بۆ سوود وەرگرتن لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر، كە لە جیهاندا بە وزەی دواڕۆژ یان وزە نوێبووەوەكان دەناسرێت.
لەماوەی رابردوودا وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی راگەیاند بۆ دروستکردنی سێ وێستگە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای 25 مێگاوات وەک پاوەر پلان، بەردی بناغەی وێستگەکەی هەولێر دانراوە هەنگاوەکانی تری جێبەجێکردنی ماوە، هەروەها وێستگەکانی سلێمانی و دهۆک هێشتا هیچی بۆ نەکراوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، وەزارەت هەوڵی هەیە، بەڵام ئێستا ویستگەیەکی تایبەتی نییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، تەنها لەناو وەزارەت هەندێک پەناڵمان هەیە و هانی وەزارەتەکانی دیکەشمان داوە بۆ دانانی سیستمەکە.
ئێستا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە وزەی خۆر دامەزراون و سیستمی جۆراوجۆری بەرهەمهێنانی کارەبایان بە وزەی خۆر هێناوەتە هەرێمی كوردستانەوە، بەپێی كوالێتی و ماركەی كۆمپانیاكە كوالێتی و خەسڵەتەكانی بەرهەمەکە دەگۆڕێت، زۆربەی کەلوپەلەکانی سیستمەکە لە چین بەرهەم دەهێنرێت، بێجگە لە ئەوروپا و ئەمریكا و زۆر وڵاتی دیكەی باشووری ئاسیا.

هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان هاندەر دەبێت
ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی دەڵێت، لەبەرئەوەی تێچووی سیستمەکە لە سەرەتادا زۆرە، ئەگەر هاوکاری لایەنی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی دانانی سیستمەکە یان قەرزی بانکی هەبێت ئەوا زۆرترین هاووڵاتی روو لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دەکەن.
لە هەرێمی كوردستان جگە لە هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر سوود لە غاز، نەوتی رەش و گازوایل وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئەوە لە کاتێكدایە گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بە یەكێك لەو رێگایانە دادەنرێت كە بۆ ئیدارەدانی كەرتی وزە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەردەوامبوونی گرنگە، لەبەرئەوەی سەرچاوەیەكی پاك و خاوێن و دۆستی ژینگەیە، چونكە بەرهەمهێنانی كارەبا بە نەوتی رەش و گازوایل و گازی سروشتی، وێڕای تێچوونە بەرزەكەی، زیانیشی بۆ ژینگە هەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا زیاتر لە یەك ملیۆن و 450 هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەن، ساڵانەش 100 هەزار بەشداربوو زیاد دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان