یادەوەریی وەرزشی

09:46 - 2023-11-28
وەرزش
148 جار خوێندراوەتەوە
گۆران مەحمود حاجی

خەسرەو گورون

92




پاش تەواو بوونی یارییەكانمان لە قۆناغی گروپەكانی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق بۆ وەرزی 1989-1990 و مانەوەمان لە خولەكەدا، تیپی یانەی سلێمانی بەشداریی خولێكی دۆستانەی ناو شاری سلێمانی كرد كە یانەو دامەزراوە وەرزشییەكانی ئەوسای شارەكە تیایدا بەشدار بوون.
خولەكە بە بۆنەی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی یاریگای ئەوسای تیپی كەمال سەلیمەوە بوو كە ئێستا یاریگای زانكۆیە، ئەوكاتە یانەی سلێمانی ئەركی نۆژەنكردنەوەو چاككردنی یاریگاكەی گرتبووە ئەستۆی خۆی.
خولەكە ئەم تیپانە تیایدا بەشداربوون(یانەی سلێمانی، لاوانی یانەی سلێمانی، تیپی پۆلیسی سلێمانی، هەڵبژاردەی تیپە میللییەكان) یارییەكان بەسیستمی چوونە دەرەوە بوو بە دوو دۆڕاندن، خولەكەش مانگی نیسانی ساڵی 1990 دەستیپێكرد.
رۆژی 21/4/1990 یەكەم یارییمان لەم خولەدا كردو یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی لاوانی یانەی سلێمانی بوو 2-1 یارییەكەمان بردەوە، رۆژی 25/4/1990 دووەم یارییمان بەرامبەر تیپی پۆلیسی سلێمانی كرد.
یارییەكە لە یاریگا نوێیەكەی كەمال سەلیم بوو، هاندەرانێكی زۆر ئامادەی بینینی یارییەكە بوون، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل و كاك سەعدی غەریب راهێنەرانی تیپی یانەی سلێمانی بوون،  شێخ ئیسماعیل مەحمود سەرپەرشتیاری تیپەكە بوو، لەم یارییەشماندا وەك یاریی یەكەممان، هەردوو راهێنەر بە پلانی 4-4-2 یارییان كرد، توانیشمان 3-1 دووەم یارییشمان ببەینەوە، سێ گۆڵەکەی ئێمە ئاسۆ قەلە دوو گۆڵ، گۆڵەكەی تریشمان سەڵاحی شێخ ئەمین كردی، پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی:رەفیق عەلی.
* بەرگری؛ئامانج سەید برایم، نەوزاد مستەفا، هادی كەریم، گۆران مەحمود حاجی.
*ناوەند؛خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، جەعفەر تۆفیق، ئاسۆ قەلە، فەرەیدون كەمال.
*هێرشبەر:سەڵاحی شێخ ئەمین، بەكری شێخ مستەفا.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم دوو گۆڕانكارییەیان كرد: رێبوار سابونچی بۆ شوێنی جەعفەر، موحسینی هەڵەبجە بۆ شوێنی فەرەیدون.
لەبەر ئەوەی سیستمی یارییەكان چوونەدەرەوە بوو بە دوو دۆڕاندن و ئێمەش دوو یاریمان بردبووەوە، بۆ یاریی كۆتایی سەركەوتین.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان