پڕۆژەی بوژانەوەی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان

10:00 - 2023-11-29
ئابووری
578 جار خوێندراوەتەوە

‎وەسفی خەلیل ئیسماعیل*

‎ژووری بازرگانی ساڵانێکی زۆرە لە سەرتاسەری جیهاندا رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری‌ و زۆربەی شارەکانی جیهانیش بێبەش نین لەم دامەزراوە گرنگە، لە زۆربەی وڵاتانیش رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە دروستکردنی بڕیارە ئابوورییە گرنگەکان‌و زۆربەی حکومەتەکانیش لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووریاندا راوێژ بە ژوورە بازرگانییەکان دەکەن، بەو پێیەی لەو وڵاتانەدا ژوورە بازرگانییەکان دامەزراوەی تۆکمەن‌و لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شایستەوە بەڕێوەدەبرێن.
‎لای خۆشمان ژوورە بازرگانییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی کەرتی تایبەت ‌و گرنگینەدان بەم کەرتە لەلایەن حکومەتەوە، نەیانتوانیوە رۆڵی راستەقینەی خۆیان ببینن ‌و ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن كە لەپێناویاندا دامەزراون. 
‎لەم روانگەیەوە بە پێویستی دەزانین گرنگییەکی زیاتر بە ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازی بدرێت ‌و کارا بکرێت، بە تایبەتی لەم رۆژانەدا کە ژووری بازرگانیی ‌و پیشەسازیی سلێمانی بەرەو هەڵبژاردنی ستافی نوێی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و سەرۆکی نوێی ژوور هەنگاو دەنێت، کە زیاتر لە 16ساڵە ئەم پڕۆسەیە نەکراوە و دەبوو چوار ساڵ جارێک بکرایە. 
کەسانی شایستە
‎بۆ ئەوەی ژووری بازرگانیی ‌و پیشەسازیی سلێمانی روڵی بەرچاوی هەبێت لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەماندا، رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بە پێویست دەزانین:
‎-1 هەوڵ بدرێت ژوورەكانی بازرگانی‌ و پیشەسازیی لە ئەنجومەنەكانی باڵای وەبەرهێنان‌ و لیژنە باڵاكانی دیكەی ئابووری‌ و بازرگانی حكومەتی هەرێم‌ و لە پڕۆسەی بڕیاردانی پەیوەست بە ئابووریدا لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم‌ و ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشدار بن. لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئەو یاسایانەی لە بواری بازرگانی ‌و ئابووری ‌و داراییدا بڕیاریان لەسەر دراوە، بێ‌ پرس ‌و را گۆڕینەوە بووە لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیدا، ئەمەش ئەنجامی پێچەوانەو نەخوازراوی لێكەوتۆتەوە.
‎-2 حکومەت ئاسانکاریی بکات بۆ ئەو کەسانە، کە کارامە و شایستە و خاوەن ئەزموونن لە بوارەکانی ئابووریدا، بۆ ئەوەی رۆڵ ببین لەم دامەزراوەیەدا، تا ژوورە بازرگانییەکان ببنە دامەزراوەیەكی تۆكمە و بەهێز و لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری‌و دروستكردنی بڕیاری ئابووری هەرێمی کوردستاندا چالاكانە بەشدار بن.
‎-3 ژوورە بازرگانییەکان ئەنجومەنی راویژکارییان هەبێت، کە پێکبێت لە کەسانی پسپۆڕ لە هەموو بوارە ئابوورییەکاندا.
رووپێوی بۆ کەرتی تایبەت
‎-4 بەشێکی (ئای تی) سەردەمیانە و چالاکتر دابمەزرێت بە مەبەستی دروستکردنی بانکێکی زانیاری تۆکمە لە هەموو بوارە ئابووری‌ و بازرگانییەکاندا.
‎-5 دامەزراندنی بنکەیەکی راهێنانی پڕۆفیشناڵ بۆ ئامادەکارکردنی کادری ناوەنجی بۆ هەڵسوڕاندنی چالاکییە ئابوورییەکان، دەکرێت‌ سوود لە فەندی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت.
‎-6 ژوورە بازرگانییەکان هەوڵ بدات ساڵانە، یان لە کاتی پێویستدا رووپێوی هەمەلایەنە بکات بۆ کەرتی تایبەت لە رووی چەندایەتی‌و چۆنایەتی بەرهەمهێنان ‌و رۆڵیان لە دابینکردنی هەلی کاردا.
‎-7 هەوڵبدات پڕوژەی ئابووری جێبەجێ بکات، لەو رێگەیەشەوە کار بۆ بوژانەوەی ئابووری بکات ‌و هەلی کاریش بڕەخسێنێت.
‎-8 بۆ بەشداری لە کۆڕو کۆبوونەوە ئابوورییە جیهانییەکاندا، بە پێی پسپۆڕیی کەسانی لێهاتوو بنێرێت.
‎-9 بە سیستمکردنی ژوور لە رووی ئیدارییەوە، بە شێوەیەک ئەنجومەنی کارگێڕیی ژوور بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ کارو چالاکی بکات.
هەڵبژاردن و ئەندامبوون
‎-10 ژووری بازرگانی، بۆ ئەوەی وەک دامەزراوەیەک ‎بە زیندوویی بمێنیتەوە، دەبێ رەچاوی سازدانی هەڵبژاردن بکات لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ژوورە بازرگانییەکان.
‎-11 دەبێت ئەندامبوون تەنها نوێکردنەوەی ساڵانە نەبێت، بەڵکو بتوانرێت ساڵانە زۆرترین ئەندام بەشداریی بکات لە کار و چالاکییەکانی ژووردا.
‎-12 لە دیاریکردنی پلەی ئەندامبووندا دەبێت رەچاوی هەندێک یاسا و رێنمایی بکرێت، وەکو ماوەی ئەندامبوون ‌و پێگەی ئابووری کەسەکە و لێهاتویی لەم بوارەدا.
13- هەوڵ بدرێت ژووری بازرگانی رۆڵی زیاتری هەبێت لە دروستکردن‌و پەرەپیدانی پەیوەندییە ئابووری ‌و بازرگانییەکانی لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی جیهان، لە کاتی مۆرکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتندا بەدواداچوون بۆ خاڵەکانی بکرێت، بە شیوەیەک لە ئەنجامدا ببێتە مایەی کاراکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتاندا.
‎-14 بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمی ناوخۆ، چ بە پارێزگاکانی عیراق، یان وڵاتانی دەرەوە، دەبێت ژووری بازرگانی ئاسانکاری بکات بۆ کەرتی تایبەت‌ و رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە پیشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەک‌ و لەلایەکی دیکەشەوە هانیان بدات بۆ بەشداری لە پیشانگا نێودەوڵەتییەکانی جیهاندا بە مەبەستی ناساندن‌و هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
هاندانی خاوەنکاران
‎-15 ژووری بازرگانی هەوڵبدات هەماهەنگی دروستبکات لە نێوان خاوەنکارانی کوردستان‌ و خاوەنکارانی دەرەوەدا بە مەبەستی هاندانی سەرمایەدارانی بێگانە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
‎-16 مسۆگەرکردنی ژیانی کارمەندانی ژوور کە بەشێکیان 20 تا 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، دوای ئەوەی داهاتی ناوی بازرگانی لە ژوور وەرگیرایەوە، ئێستا توشی دڵەڕاوکێ بوون ‌و چارەنووسیان نادیارە.
‎-17 بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان، هانی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا بدرێت بابەتی تێزەکانیان زیاتر مەیدانی بێت بۆ چارەسەری کێشە هەنوکەییە ئابوورییەکان.
‎-18 ژووری بازرگانی رۆڵی چەترێک ببینێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو رێکخراوانەی روڵیان هەیە لە بوژانەوەی ئابووریی کوردستاندا.
‎-19 ژووری بازرگانی ساڵانە چەند کۆنگرەیەکی زانستی ساز بدات بۆ سێکتەرە جیاجیاکان، وەک ئەندازیاری‌ و بیناسازی، بۆ گۆڕێنی شێوازی دروستکردنی باڵەخانە بە شێوەیەک دۆستی ژینگە بێت ‌و هەروەها سازدانی کۆنگرەی ئابووری جیاجیا و کۆنگرەی کشتوکاڵی‌ و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی.
‎-20 گرنگیدان بە میدیاو راگەیاندنی تایبەت بەخۆی، بۆ ئاشناکردنی هاووڵاتی بە کار و چالاکییەکانی ژوور و ئاگادارکردنەوەیان لە رەوشی ئابووریی کوردستان ‌و جیهان.
‎-21 ژووری بازرگانی هەوڵی بە سیستمکردنی کۆمپانیاکان بدات.
پەیڕەوی ناخۆ
‎-22 نە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان‌ و نە ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆیان نییە، کە بە پێی رێکارە یاساییەکان راستاندنی بۆ کرابێت، بۆیە دەبێت پێشنیازی پەیڕەوێکی ناوخۆ بکرێت‌ و لەلایەن حکومەت‌ و پەرلەمانەوە راستاندنی بۆ بکرێت.
‎-23 دروستکردنی هەماهەنگی بە شێوەی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی (وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی ‌و وەزارەتی دارایی) و وەزارەتەکانی تریش لە کاتی پێویستدا، ئەویش لەسەر ئاستی کەسانی تەکنیکی ‌و پسپۆڕ.
‎-24 ژوورە بازرگانییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە پێكەوە ستراتیجی هاوبەشی ئابووری بۆ هەموو كوردستان دابڕێژن ‌و سەنگ‌ و قورساییان لەسەر دەسەڵات ‌و داڕشتنی سیاسەتی ئابووری‌و بڕیاری دارایی وەك پێویست هەبێت ‌و داكۆكی لە كەرتی تایبەتی راستەقینە ‌و بازاڕی ئازادی راستەقینە بکەن ‌و بەگژ قۆرغكارییدا بچنەوە. 
‎-25 بڵاوکردنەوەی هۆشیاری‌ و کارکردن بۆ جێبەجیکردنی (ئابووری سەوز)، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بێت.
 


‎*راوێژکاری ژووری بازرگانیی ‌و پیشەسازیی سلێمانی

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان