سەرۆک بافڵ قەڵغانی شکۆمەندی، رێز و پێزانینی نیوسەدە پێشمەرگایەتی، خەباتی بێدابڕانی بەخشییە هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش

03:55 - 2023-11-29
کوردستان
773 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەڵغانی شکۆمەندی، رێز و پێزانینی نیوسەدە پێشمەرگایەتی، خەباتی بێدابڕان و بەشداریی کاریگەری لە شۆڕشی نوێ وەک فەرماندە و قارەمانێکی گەلی کورد بەخشییە هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش.
بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەکی بەرچاو لە لێپرسراوانی حکومی، حزبی، ئەمنی، سەربازی، فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە بارەگای فەرماندەیی گشتیی رێوڕەسمی رێزلێنان و ماڵئاوایی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش لە فەرماندەیی هێزەکانی 70 بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە مێژووی پاک و پڕ لە سەروەریی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش کرد لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ و رایگەیاند، یەکێتیی نیشمانیی کوردستان دڵسۆزی و قارەمانێتیی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش و تێکۆشەرەکانی تری لەیادناکات، ئەوان رەمزی ئازایەتی و نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناوی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.
لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، کاک مستەفا چاوڕەش لە هەموو قۆناغەکانی خەبات و لە هەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکدا بووبێت، دڵسۆزانە ئەرکەکانی بەجێگەیاندووە و هەر ئەمەش وایکردووە جێگەی متمانە و خۆشەویستیی هەموولایەک بێت، هەر بۆیە خۆمان بە قەرزاری ئەو مێژووە درەوشاوەیەی دەزانین و مایەی شانازییە کە هەرگیز لە رێگا راستەکەی خەبات لاینەدا.
هەروەها سەرۆک بافڵ سوپاسی تایبەتیشی کرد لە بەرامبەر هەوڵ و بەشداریی چالاکانەی لە رێکخستنەوەی هێزەکانی 70 کە رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم لە وتەیەکدا بە رێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە رۆڵی مستەفا چاوڕەش کرد لە خەباتی چەکداری بۆ سەرفرازیی کوردستان و بەشێکی گرنگبووە لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە.
لیوا روکن عومەر ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی 70لەوتەیەکدا پێزانینی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش دەربڕی لە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رایگەیاند، هێزەکانمان دڵسۆزی و ماندوونەناسیی کاک مستەفا لەبیرناکەن و خۆمان بە قەرزاری ئەو تێکۆشەرە دەزانین.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش پێزانینی بۆ ئەو رێزلێنانە دەربڕی و روونیکردەوە، گەورەترین شانازی لە ژیانیدا پێشمەرگایەتی و بەشداریکردن بووە لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و رایگەیاند، تاوەکو تەمەن و ژیان رێگای بدات بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە رێبازی شەهیدان، خزمەتکردنی خەڵک و بەهەمان گوڕوتینی جارانەوە خزمەتی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال دەکات.
لە کۆتایی رێورەسمەکەشدا چەندین خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە مستەفا چاوڕەش کرا لە بەرامبەر رۆڵ و ماندووبوونی لە خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە و گەلەکەی.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان # فەرماندەیی ھێزەكانی 70

بابەتە پەیوەندیدارەکان