توندوتیژی لە نێوان هەڵەباوەکانی رووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردندا

10:22 - 2023-11-30
ڕاپۆرت
605 جار خوێندراوەتەوە
یەکلایکردنەوەی کێشەکان لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە لەبری ئاشتەوایی

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین


یەکێک لە بەڵاکانی ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی زەبر و ستەم لە نێوان مرۆڤەکاندا و پەنابردن بۆ سەرخستنی هێز بەسەر یاسا و دادپەروەریدا، بە گشتی جیهان لێرە و لەوێ بە جیاوازی ژینگە و رێژەکەی  گیرۆدەی دەستی ئەنجامی خراپی بەکارهێنانی توندوتیژین.
لێرەوە پێناسەی توندوتیژی دەکەین بەوەی دیاردەیەکی جیهانییە تێیدا پەنا دەبرێتە بەر هێز لە پێناو ناچارکردنی بەرامبەر تاک یان گروپ یان کۆمەڵگە بێت بە کردنی کارێک لەسەر خواستی بکەر، بە واتایەکی تر یەکلایکردنەوەی کێشەکانە لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە لەبری ئاشتەوای و زمانی دیالۆگ.
ئەنجامی ئەمانەش بریتییە، لە بریندارکردنی بەرامبەر جا بەشێوەی زارەکی و ئاماژەبێت یان نووسراو یان بڵاوکردنەوەی وێنەی وەستا و یان وێنەی جوڵاو یان جەستەیی یان دەروونی بێت.
جۆرەکانی توندوتیژی دەگۆڕێن بەپێی گۆڕانی کۆمەڵگە و پێشکەوتنەکان و دیارترینیان ئێستا بریتین لە: توندوتیژی جەستەیی، خێزانی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سێکسی.
ئەوەی جێگەی مەترسییە ئامارەکانن زۆرینەی جۆرەکانی توندوتیژی و شێوازەکانیان رووبەڕووی ژنان و منداڵان دەبنەوە بە رێژەش %25 کۆی ژنانی جیهان رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە کە دەتوانین بڵێین جۆرە ترسناک و کاریگەرییەکەیانە، چونکە هەم شوێنەواری ئازاری جەستەیی، هەم تێکشکاندنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سێکسی و ئابووری بەدوای خۆی دەهێنێت و کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەسایەتی قوربانی.
دەروونناسی ئەمریکی بەناوبانگ سكێنەر دەڵێت: توندوتیژی سەرەتاکەی لە بیرەوە سەرچاوە دەگرێت پاشان دەبێت بە رەفتار، خۆ ئەگەر نەبێت بە رەفتاریش رەنگە بە جۆرێكی تر دەرببڕدرێت. 
بەپێی ئاماری راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە توندوتیژی، لە هەر سێ ژن یەكێكیان توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، هەروەها 750 ملیۆن ژن شویان كردووە پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ، زیاتر لە 250 ملیۆن ژن خەتەنە كراون، هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە توندوتیژی لە وڵاتانی دواكەوتوو یان پێشكەوتوو بەبێ جیاوازی هەیە، بەڵام رێژەكانیان جیاوازن.

هۆکارەکانی توندوتیژی کردن

هۆکارەکان جیاوازن بە جیاوازی کۆمەڵگە و ژینگەی خێزانی و هەڵکەوتەی کەسایەتی  کەسەکان، بەڵام بە وردبوونەوە لە هەرێمی کوردستان دیارترین هۆکارەکان بریتین لە:
1-نەبوونی پەروەردەیەکی دروست لەسەر بنەمای یەکتر قبوڵکردن و ئاشتەوایی هەردوو رەگەز بنیات نرابێت.
2-نەبوونی هۆشیاری تاک بەرامبەر بە توندوتیژی و کاریگەرییە نێگەتیڤییەكانی.
3-هەندێکجار ژنان و پیاوان خۆیان هۆکارن بۆ توندوتیژی بەوەی پێیانوایە بە سەنگەرگرتن و دژ بەیەک بوون کێشەکان باشتر و خێراتر چارەسەر دەکرێت.
4-خراپی دۆخی ئابووری یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، چونکە لە رێگەیەوە بکەر دۆخی ناچاری  بەرامبەر دەقۆزێتەوە و توندوتیژی بەرامبەر دەکات.
5- ژینگە شوێنێکی لەبار دەبێت بۆ زیادبوونی توندوتیژی ئەگەر بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و قەرەباڵغی و بێ پلانی تیایدا گەشەی کرد.
6-بوونی بۆشایی یاسایی لەڕووی بوونی یاسای پێویست و هێزی جێبەجێکردنەوە.

دۆخی عیراق و هەرێمی کوردستان
عیراق و هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی تەواو لەبارە بۆ توندوتیژی بە جۆرێک ئامارەکان باس لەوەدەکەن لە عیراقدا%50  ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لە بوونی رێژە و ژمارەی زۆری توندوتیژی.

بەپێی گۆڕانی کۆمەڵگە و پێشکەوتنەکان جۆرەکانی توندوتیژی دەگۆڕێن و دیارترینیان توندوتیژی جەستەیی، خێزانی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سێکسین



رێکخراوەکان و چالاکوانان و رۆڵیان
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆری رێکخراو و چالاکوانی بواری رێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، مێژوویەکیان هەیە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی هەرچەندە ناکرێت رۆڵیان سفر بکەینەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ زۆری ژمارەی رێکخراو و چالاکوانی مەدەنی و چالاکییەکانیان نەیانتوانی ئامانج بپێکن ئەمەش هۆکارگەلێکی لەپشتە.
1-سەنگەر گرتن لە رەگەزی بەرامبەر کە پیاوانن و بچووک کردنەوەی توندوتیژی لە یەک رەگەزدا و ونکردنی دروشمەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە کاتی روبەڕوبوونەوەی  توندوتیژیدا.
2-دروستکردنی جیاوازی فکری و ئاینی و چینایەتی لە کاتی روبەڕوبوونەوەی توندوتیژیدا بە جۆرێک توندوتیژی رەنگ کرا و هەرکەس بەباری خۆیدا دەستکردن بە چنینی، لە کاتێکدا سەرجەم دین و بیرە مرۆڤ دۆستەکان دژن لەگەڵ توندوتیژی.
3- هەندێک لە بەرگریکارەکان شارەزاو زانانین بە توندوتیژی و چۆنیەتی کارکردن لەسەری.
4- بەکارهێنانی دۆخی ژن و دیاردەی توندوتیژی لەپێناو درێژەدان بە فەندکردنیان لە رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان خراپترین هۆکاربوو بۆ گواستنەوەی وێنەی هەڵە بە دنیای دەرەوە و چارەسەر نەکردنی.
5- یەک نەبوونی چالاکوانی ژنان و کارنەکردنی گروپ و پێکەوە نەبوونیان وایکرد نەتوانن فشاری ئەندازە پێویست و گونجاو دروست بکرێت لەپێناو پلانی درێژخایەن و داڕشتنی رەچەتەی دەرمانەکان.
6- وەلانانی کەسی بکەر و کارنەکردن لەسەری هەڵە کوشندەکەیە، چونکە بکەریش بەجۆرێک لە جۆرەکان قوربانین و پێویستە ئاشت بکرێنەوە و بە لێکۆڵینەوەی ورد هۆکار و چارەسەر بدۆزرێتەوە و شیاندنیان بۆ بکرێتەوە.

قانوون و توندوتیژی
هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکە خاوەنی چەندین قانوونی پاراستنی مرۆڤەکانە لە توندوتیژی دیارترینیان دەستووری عیراق تا دەگاتە قانوونە تایبەتەکانی وەک یاسای سزادان. قانوونی باری کەسێتی، بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی، یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.
سەرجەم قانوونەکان ناوەڕۆک و هێزی باشیان هەیە، بەڵام دەکرێت رۆڵ و کاریگەرییان باشتر بکرێت لە رووی گۆڕانکاری و جێبەجێکردنەوە.

چارەسەر
1- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەجۆرێک توندوتیژی دژی مرۆڤەکان سەرجەمی رەتبکرێتەوە بەبێ جیاوازی.
2- هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاشتەوایی رەگەزی کە بەدوای خۆیدا ئارامی خێزان و کۆمەڵگە دێت.
3- هەردوو رەگەز دەکرێت رووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، توندوتیژی رەگەزی نییە هەر لایەکیان بکەربێت رەگەزەکەی تر قوربانییە، دەبێت کاری ورد لەسەر لەناوبردنی بۆچوونی هەڵە و هەنگاوی هەڵە بکرێت لەو نێوەندەدا.
4- دامەزراوەکانی پەیوەست بە توندوتیژی بە حکومی و تایبەت رێکبخرێنەوە و توانا و شارەزا و لێهاتوی نوێ لە جێگەی شایستە دابنرێنەوە.
5- رۆڵی قانوون و جێبەجێکردنی لە پێناو ئاشتەوایی لە پێشینەی هەنگاوەکانی داهاتووبێت.
لەکۆتاییدا، هەموان پێکەوە بە دروشمی پەروەردەی دروست هۆکاری سەرەکی ئاشتەوایی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پاراستنی خێزان و جێبەجێکردنی قانوونە بەرەو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر.

*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی 


#بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان

بابەتە پەیوەندیدارەکان