کۆنفرانسی COP28 چییە؟

10:36 - 2023-11-30
ژینگە
265 جار خوێندراوەتەوە

 ئا: مەعروف مەجید*


دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی بەپەلەی جیهانییە کە سنووری وڵاتان تێدەپەڕێنێت، پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەموانە، بە هەموو تاکەکان و هەموو تەمەن و پسپۆڕی و وڵاتێکەوە. 
ئیمارات دەستنیشانکراوە بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی COP28 کە لەمڕۆوە 30ی تشرینی دووەم تا 12ی کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسی کەشوهەوای لایەنەکان لە کۆنفرانسی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا بە دەزگای سەرەکی بڕیار دادەنرێت، کە 198 لایەن کە رێکەوتنەکەیان ئیمزا کردووە (197 وڵات جگە لە یەکێتی ئەوروپا) و دانوستانکارەکانیان کۆدەکاتەوە، لە ساڵی -1995ەوە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و ئیمارات میوانداریی هەشتەمین دانیشتنی دەکات.
لایەنە بەشدارەکانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، ساڵانە کۆنفرانس دەکەن کە لە ژێر چاودێریی سکرتاریەتی ئەمیندارێتی گشتی رێکەوتنەکان بەڕێوەدەچن و شوێنی کۆبوونەوەی رەسمین بۆ دانوستان و رێکەوتن لەسەر چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان.
ئەرکێکی سەرەکی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتییە لە پشکنینی راپۆرتە نیشتمانییەکان و داتاکانی دەردانی گازی ژەهراوی کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە پێشکەش دەکرێن، کە زانیاریی سەرەتایی لەسەر کارەکانی هەر وڵاتێک و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەستیهێناوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی رێکەوتننامەکە دەدەن.
ئەم لایەنانە ساڵانە کۆدەبنەوە، مەگەر خۆیان بڕیاری پێچەوانە بدەن و پێنج ناوچەی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و کاریبی، ئەوروپای ناوەڕاست و خۆرهەڵات، و ئەوروپای خۆرئاوا) بە یەکەوە بە نۆرە سەرۆکایەتی کۆنفرانسەکە دەکەن. 
ئەم خولانەوەیە دڵنیایی دەدات لەوەی کە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەرفەتیان هەیە بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسەکە و نیشاندانی پابەندبوون بە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی کەشوهەواوە.

کۆنفرانسی COP28 چییە؟
COP28  ئەمڕۆ 30ی تشرینی دووەم تا 12ی کانوونی دووەم لە ئێکسپۆ سیتی دوبەی بەڕێوەدەچێت، بڕگەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت، کە هەوڵەکانی جیهان لە دەوری کاریگەریی کەشوهەوا و دابینکردنی چارەسەرەکان یەکدەخرێن، ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی، حکومەتەکان، پیشەسازییەکان و هەموو کەرتەکانی ئابوورییە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، COP28  یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2023 و خەڵکێکی زۆر لە هەموو جیهانەوە سەیری دەکەن. وەک گەورەترین پڕۆسەی بڕیاردان لە جیهاندا سەبارەت بە پرسەکانی کەشوهەوا لێی دەڕوانرێت کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 70 هەزار کەس بەشداریی تێدا بکەن، کە هەندێک سەرۆک دەوڵەتیشیان تێدایە، بۆ بنیاتنانی کۆدەنگی و پێشکەوتنی بەرجەستە لە پڕۆسەی دانوستاندن لەنێوان لایەنەکان و وەفدەکاندا، هەزاران رێکخراوی ناحکومی، کەرتی تایبەت، لایەنە پەیوەندیدارەکان و...هتد. سکرتاریەتی رێکەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ئەو دامەزراوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئەرکی پشتگیریکردنی وەڵامدانەوەی جیهانە بەرامبەر بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەمیندارێتیەکەی لە ساڵی 1992دا دامەزرا، کاتێک ئەو وڵاتانە رێکەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوایان پەسەند کرد، بارەگای سەرەکی ئەم سکرتاریەتە لە شاری جنێڤ بوو لە سویسرا، دوای ئەوە لە ساڵی 1996دا گواسترایەوە بۆ شاری بۆنی ئەڵمانیا. ئەمیندارێتی سەرەتا سەرنجی لەسەر ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان حکومەتەکان بوو سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام ئەمڕۆ رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی دەزگا جیاوازەکاندا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی رێکەوتننامەکە و پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و رێکەوتنی پاریس، ئەم پاڵپشتییە بریتییە لە دابینکردنی شارەزایی تەکنیکی، شیکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا داتا پێشکەشکراوەکان لەلایەن لایەنەکانەوە و یارمەتیدان بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی پڕۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و پاراستنی تۆماری بەشدارییە دیاریکراوە نیشتمانییەکان کە بەپێی رێکەوتنی پاریس دامەزراوە. 
هەروەها ئەمیندارێتییەکەی ساڵانە چەندین دانیشتن و گفتوگۆ رێکدەخات و پشتگیریی دەکات، لەوانەش کۆنفرانسی لایەنەکان.

پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ و رێکەوتنی پاریس
لە 11ی کانونی یەکەمی ساڵی 1997دا و لە سێیەمین کۆنفرانسی لایەنەکاندا لە شاری کیۆتۆی ژاپۆن، وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵێنیاندا کە دەردانی گازی گەرمەخانەیی سنووردار بکەن و کەمی بکەنەوە، ئەم پەیماننامەیە بە پڕۆتۆکۆلی کیۆتۆ ناسراوە و رێکەوتنێکی یاسایی پابەندکەرە کە  لە ساڵی 2005دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەلایەن 192 لایەنەوە ئیمزا کرا، ئەمەش بڕگەیەکی مێژووییە لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. سەبارەت بە رێکەوتنی پاریس لە ساڵی 2015 دا و لە کۆنفرانسی COP21ی لایەنەکاندا پەسەندکرا، کە یەکێکە لە قۆناغە دیارەکانی چالاکیی فرەلایەنی کەشوهەوا بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەوڵی بەکۆمەڵی لایەنەکان بۆ پاراستنی ئەگەری دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان کە لە 1.5 پلەی سەدی زیاترە لە ئاستی پێش پیشەسازیدا.
رێکەوتنەکە داوا لە وڵاتان دەکات هەر پێنج ساڵ جارێک پێداچوونەوە بە بەڵێنەکانیاندا بکەن، هەروەها بودجەی پێویست پێشکەش بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بکەن بۆئەوەی یارمەتیان بدەن لە کەمکردنەوەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پشتگیریکردن لە توانای خۆیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیدا و بەرزکردنەوەی توانای جێگیریی کەشوهەوا. 
پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا مەترسی  رووداوەکانی کەشوهەوا زیادبکات، ئەگەر هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی نەگرینەبەر.
زانایان لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی  کە لە ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازیدا زیاترە لە 1.5 پلەی سەدی، چونکە گەیشتن بەم ئامانجە زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی زیادبوونی تێکچوونی کەشوهەوا و دوورکەوتنەوە لە کاردانەوە وێرانکەرەکانی. 
بە واتایەکی تر، تێکڕای پلەی گەرمی جیهان نابێت لە 1.5 پلەی سەدی (2.7 پلەی فەهرەنهایت) بەرزتربێتەوە لە ئاستی پێش جیهانی پیشەسازی، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەلامەت و بەردەوام.

*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان