ئەمساڵ بۆنەی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و خەبات بۆ نەهێشتنی جیاوازی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بە تێکۆشانی سیاسی بۆ دیموکراسی و مافی نەتەوەیی و هەڵبژاردن بووە. واتا ئەم بۆنە جیهانییە هاوکاتی بۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە بە تایبەتی لە کەرکوک کە ژنان کچانمان هیمەت بۆ سەرخستنی دیموکراسی و لەقاودانی شۆڤێنیزم دەکەن.
ژنانی تێکۆشەری کایەی سیاسی و ئیداری و پیشەیی بەشێکی کاریگەری (هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) و دیمەنێکی دیاری لیستی ١٤٢ پێکدێنن.
وەک ئەندام و لایەنگیریش لە کەمپین و تیمی هاندانی کاندیدەکان و چاودێری پڕۆسەکە درێغی ناکەن. لەگەڵ پەرەسەندنی کەمپینەکە و گەرموگوڕی زیاتریشدا چاوەڕێ دەکرێ زیاتر لە ئاست شایانی گەشەی کەرکوک و شارستانییەکەیدا بن.
خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و جیاکاری کۆمەڵایەتی گشتگیرە و لە کەرکوک تێکەڵ دەبێ لەگەڵ بەرەنگاریی تەعریب و بەرەنگاریی ستەمی ئیداری و جیاکاری نەتەوەیی و کەلتوری. خەباتێکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە.