جگە لە مرۆڤ بوونەوەری تر لە گەردووندا هەیە؟

10:59 - 2023-12-03
دووتوێ
341 جار خوێندراوەتەوە

هاوار نەسرەدین

لە گەردووندا جگە لە زەوی، هەسارەی تر هەیە بوونەوەری جیاوازی لەسەر بژی؟ یان جگە لە مرۆڤ، بوونەوەری تر هەیە لە گەردووندا کە توانای دروستکردنی شارستانێتیان هەبێت؟ ئەوە ئەو پرسیارانەن زۆربەری مرۆڤەکانی سەرزەوی ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، بیریان لێی کردووەتەوە، هەروەها دەیان زانا و سەدان توێژینەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە تەرخانکراون.

بەرگەی تەنیایی ناگرێت 
بەشێک لە فەیلەسووفەکان، هۆکاری ئەو پرسیارە بۆ هەستەکانی مرۆڤ دەگێڕنەوە، کە توانای بەرگەگرتنی تەنیایی نییە و حەز دەکات جگە لەخۆی، بوونەوەری تر لەناو ئەو گەردوونە پانوپۆڕەدا هەبێت، هەروەها مرۆڤ، بە تایبەت مرۆڤی کۆمەڵگە سادەکان و وڵاتە دواکەوتووەکان، زۆرجار پشت بە فریادڕەس و رزگارکەر دەبەستن، بۆیە زۆر مرۆڤی سەرزەوی خوازیارە بوونەوەری ئاسمانی و بوونەوەری جیاواز لە هەسارەکانی ترەوە بێت و لەم دۆخەی ئێستا رزگاری بکات، یان لە لووتکەی بێهیواییدا، خوازیارن بوونەوەری ئاسمانی بێت و کۆتایی بە زەوی بهێنێت. هەر بۆیە لە هۆڵیوود و بۆڵیوود، دەیان فیلمی سینەمایی دروستکراوە.
لە رابردوودا، بوونەوەرە ئاسمانییەکان وەک دڕندە و خراپەکار و سەرچاوەی بەڵا وێنا دەکران، زۆرجار چیرۆک و داستان و ئەفسانەی سەیری بۆ هۆنراوەتەوە، بەجۆرێک مرۆڤە کۆنەکان دڵنیابوون بوونەوەری ئاسمانی و جیاواز، سەر لە زەوی دەدەن و دەست لە کاروباری مرۆڤ وەردەدەن، هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و لەگەڵ دەست پێکردنی سەدەی زانیاریدا، چیرۆکەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و چیرۆکی دەفری فڕیو و فڕۆکەی ئاوی و بوونەوەری سەیر سەیر هاتنە ئاراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی و تۆکمە بوون و نەبوونی بوونەوەری تر لە گەردووندا ناسەلمێنێت.
لە نوێترین توێژینەوەدا لەو بارەیەوە، وەنجی سۆنگ و هی گائیۆ وتارێکی زانستیان لە گۆڤاری زانستی ئاسترۆفیزیکاڵ (The Astrophysical Journal) بڵاوکردووەتەوە و هەوڵیانداوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەو دوو زانایە نۆ سیناریۆی جیاوازیان خستووەتە بەرباس و وەڵامەکەیان تاوتوێ کردووە.

هەندێ سیناریۆی جیاواز
بەو پێیەی هەسارەی زەوی لەسەر هێڵی کاکێشانی شیرییە و ئەو کاکێشانە یەکێکە لە دەیان کاکێشانەکانی تر، وەڵامەکانی وەنجی سۆنگ و هی گائیۆ لەسەر بنەمای کات و شوێن و مەودای نێوان زەوی و گەلە هەسارەکانی تر داڕێژراوە، لە رەشبینانەترین سیناریۆدا، ئەو زانایانە گریمانە دەکەن، لە گەرووندا 110 شارستانی تری هاوشێوەی شارستانی سەرزەوی هەبێت و بوونەوەری ژیر و زیرەکی تێدا بژی، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو بوونەوەرانە پەیوەندی بە مرۆڤ و بە زەوییەوە بکەن، هەردوولا پێویستیان بە 400 هەزار ساڵە، واتە پێویستە ئەو بوونەوەرانەی پەیوەندی دەکەن بە یەکەوە، بۆ ماوەی 400 هەزار ساڵ توانای مانەوەیان هەبێت و توانایان هەبێت بەرگری لەخۆیان و لە زانیاریی و تەکنەلۆژیاکانیان بکەن، چونکە ئەگەر بوونەوەری تر لە گەردووندا هەبێت، زۆر لەوە دوورترە کە بتوانن لەگەڵ مرۆڤدا پەیوەندی بکەن، بۆ نموونە ئەستێرە و هەسارە لە گەردووندا هەیە، هەزاران ساڵ لەمەوبەر تیشکی رەوانەی زەوی کردووە، بەڵام تازە تیشکەکەی دەگاتە سەرزەوی. ئەوەش بە هۆی دووریی و مەودای زۆرەوەیە، بە پێوانەی پێواندنی ئەو تیشکە دەگوترێت ساڵی تیشکی.
هەروەها لە گەشبینانەترین سیناریۆدا، ئەو دوو زانایە گریمانە دەکەن 43 هەزار شارستانی جیاواز، کە بوونەوەری ژیر و زیرەکی تێدا دەژی، لە گەردووندا هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی پەیوەندی لەنێوان ئەوان و مرۆڤدا دەستەبەر ببێت، زیاتر لە 2 هەزار ساڵی پێویستە، دیسانەوە هۆکاری ئەوەش، دەگەڕێننەوە بۆ دووری نێوان زەوی و بوونەوەرەکانی تر.
ئەو زانایانە لە گریمانەکانیاندا، پێیان وایە کەمی تەمەنی مرۆڤ لەسەر زەوی و درەنگ هۆشیاربوونەوەی لەبەرامبەر خۆی و دەوروبەری و درەنگ داهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای نوێ، هۆکاری شکستی ئەو پەیوەندییەیە و مرۆڤ هیچ کات نەیتوانیوە دەست پێشخەر بێت لەو پەیوەندییەدا، تەنانەت تا ئێستا لە هەبوونی بوونەوەری تر دڵنیا نەبووەتەوە، چ بگات بەوەی پەیوەندییان پێوە بکات.
لە بەشێکی تری توێژینەوەکەیاندا، ئەو دوو زانایە پێیان وایە کاولبوونی سەرگۆی زەوی بە هۆی ئەگەرەکانی شەڕی ئەتۆمی و گۆڕانی ژینگە و ئاووهەوا و ئەگەری بەرکەوتنی نەیزەکەوە، مرۆڤ ئەگەر پەیامی لە بوونەوەری تریشەوە پێ بگات، توانای وەڵامدانەوەی نابێت. ئەگەریش وەڵام بداتەوە، وەڵامەکەی کاتێک دەگاتە بوونەوەرەکانی تر، کە زەوی وێران بووە.

لەڕێی گریمانەکانەوە وەڵامبداتەوە
هەرچەندە ئەو توێژینەوەیە لەسەر میتۆد و رێبازی گریمانەکراو نووسراوە و هەوڵی داوە لە رێی پرسیار و گریمانەکانی مرۆڤەوە، وەڵام بداتەوە، پێی وایە هیچ دوور نییە بوونەوەری نزیک لە زەوی هەبێت بەڵام هیچ خواست و مەیلیان نەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە مرۆڤەوە بکەن، یان زۆر لە مرۆڤ پێگەیشتووترن و پێویستیان بە مرۆڤ نییە یان بەپێچەوانەوە، لە مرۆڤ دواکەوتووترن و توانای پەیوەندیکردنیان نییە.
ئەو توێژینەوە یان ئەو 9 سیناریۆیە، کۆتایی بە بەشێک لە وەهمەکانی مرۆڤ دەهێنێت بەرامبەر بە بوونەوەرە ئاسمانییەکان، چونکە پێش ئەوەی هەبوون و نەبوونی ئەو بوونەوەرانە بسەلمێنێرێت، هۆکاری پەیوندی لەنێوان بوونەوەرەکان زۆر خاوە. بە جۆرێک تەنیا یەک ئاماژە کە لەوانەوە بگاتە ئێمە، سەدان ساڵی پێ دەچێت. 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان