یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت خزمەتی زیاتری كوردانی فەیلی بكات، لەو چوارچێوەیەشدا بە كاندیدێك (شێخ جاسم سورەمێری)ی كوردی فەیلی سەربەخۆ بە ژمارە ٢٠٤ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا كردووە. «داوا لە كوردانی دانیشتووی بەغدا دەكەم دەنگم پێ بدەن».
كوردانی فەیلی لە بەغدا چەندین كێشەیان هەیە
شێخ جاسم سورەمێری كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر كورسیی كۆتای فەیلییەكان لە بەغدا بە ژمارە ٢٠٤، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، رایدەگەیەنێت: كوردانی فەیلی لە بەغدا زۆر كێشە و گرفتیان هەیە «ئەگەر وەك كاندیدی كوردە فەیلییەكان بچمە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بەرنامە و پلانم هەیە كە كێشە و گرفتەكانیان لەڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاكەوە چارەسەربكەم». تەئكیدیشدەكاتەوە كە كوردانی فەیلی مافی خۆیانە نوێنەرێكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا هەبێت بۆئەوەی بەرگریی لە مافەكانیان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەوڵی سەرخستنی تاكە كاندیدی كوردی فەیلیدایە لە بەغدا، ئەمەش ئەو رێبازە دروستەی سەرۆك مام جەلال-ە، كە لە رابردوودا هەمیشە پشتیوانی كوردانی فەیلی بووە.
پشتیوانیی یەكێتی بۆ كوردانی فەیلی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی لە كوردانی فەیلی دەكات و كاردەكات تا نوێنەرێكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا هەبێت و لەوێوە كێشە و گرفتەكانیان چارەسەربكرێت.
هەر لەوبارەیەوە، رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە PUKMEDIAی وتووە: «بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە كاندیدی كورسیی كۆتای فەیلییەكان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا دەكەین و داوا لە كوردەكانی بەغدا دەكەین دەنگ بە شێخ جاسم سورەمێری كاندیدی ژمارە ٢٠٤ بدەن».
لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا، دووپاتیكردۆتەوە كە»كوردانی فەیلی مافی خۆیانە نوێنەرێكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا هەبێت و بەرگریی لە مافەكانیان بكات، بۆ ئەو ئامانجەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی سەرخستنی كاندیدەكەیان دەدات، كە ئەوەش ئامانج و رێبازی سەرۆك مام جەلال-ە تا بە یاسا و دەستوور بەرگریی لە مافی پێكهاتەكان بكرێت».
PUKMEDIA