پڕۆژەی كاندیدەكانی لیستی(اتحاد اهل نینوی) بۆ خزمەتكردنی پارێزگای نەینەوا

10:59 - 2023-12-04
دووتوێ
334 جار خوێندراوەتەوە

ئەسماء ریاز طائی: 
وەك كاندیدێك لە لیستی هاوپەیمانیی  (اتحاد اهل نینوی)، بەرنامەی سەرەكییم ئەوەیە لەسەر رێباز و دونیابینی سەرۆك مام جەلال بڕۆین بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و پاراستنی بەها باڵاكانی هاووڵاتیان

جوان نعیمی:
 یەكێك له بەرنامەكانی لیستی هاوپەیمانییەکەمان بە سەرپەرشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵدانه بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و داڕشتنی پلانێك بۆ دروستكردنی شاری نوێ و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون

 

قائد شنگالی: 
بەرنامەی لیستی هاوپەیمانی  (اتحاد اهل نینوی)، چواردە خاڵی زۆر گرنگە كە هەموویان خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیانی شاری موسڵ بەتایبەتی و دەشتی نەینەوا و دەڤەری شنگال دەكەن بەگشتی، كە پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیانی پارێزگاكە هەیە

كاندیدەكانی هاوپەیمانیی  (اتحاد اهل نینوی) لە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێكهاتوون كە ئامانجی سەرەكییان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی پارێزگای نەینەوایە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چەند بەرنامە و هاوپەیمانییەکی جیاواز لە هەموو نەتەوەكان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا دەکات و كار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و ناوچەكانی سنووری مادەی 140بە گشتی دەكات، لەو رووەشەوە کاندیدانی لیستی اتحاد اهل نینوی بەرنامەی لیستەکەیان بۆ کوردستانی نوێ دەخەنەڕوو.


ئا: ئەیاز هەركی

پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی عیراق
لەو بارەیەوە خانمە یاساناس  ئەسما ریاز طائی كاندیدی ژمارە ١٦ لە لیستی ١٣٤ی هاوپەیمانی (اتحاد اهل نینوی) راگەیاند: من وەك كاندیدێك لە لیستی هاوپەیمانی  اتحاد اهل نینوی، كار و بەرنامەی سەرەكییم ئەوەیە لەسەر رێباز و دونیابینی سەرۆك مام جەلال بڕۆم بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و پاراستنی بەهاو باڵاكانی هاووڵاتیانی پارێزگای موسڵ بە هەموو پێكهاتەكانییەوە لەپێناوی برایەتی گەلانی عیراق. هەروەها شانازییەكی گەورەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان منی لە لیستی هاوپەیمانی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ كاندید كردووە، ئەم حزبە گەورەیەی كە لەلایەن سەرۆكی هەموو عیراقییەكان مام جەلال تاڵەبانی دامەزراو لە دوورییەکی یەکسان لەگەڵ هەموو مەزهەب و پێكهاتەكانی عیراقدا بەگشتی وەستاوە و خاوەنی هەڵوێستێكی نەگۆڕە سەبارەت بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی عیراقدا.
وتیشی: هەموو هاووڵاتیانی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە دركیان بەوە كردووە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارێزەری راستەقینەی هەموو پێكهاتەكانی ئەم شارە خۆشەویست و دێرینەیە و پارێزگاری لە بەرژەوەندیی گشتی هەموو لایەك دەكات و بەدیشیان دەهێنێت. بە سەركەوتنی لیستی اتحاد اهل نینوی لە هەموو روویەكەوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیانی پارێزگای نەینەوا دەكات، هەروەها ئەمە بەڵێننامەی منە لەبەردەم خودا و لەبەردەم هەموو خەڵكی شارە ئازیزەكەمدا کە  متمانەیان بە من هەیە و پشتیوانی لە من دەكەن.

دروستكردنی شاری نوێ
لای خۆشیەوە جوان نعیمی كاندیدی ژمارە ٣٠ لەسەر لیستی ١٣٤ی هاوپەیمانی اتحاد اهل نینوی راگەیاند: یەكێك له بەرنامەكانی هاوپەیمانییەکەمان بە سەرپەرشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵدانه بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و داڕشتنی پلانێك بۆ دروستكردنی شاری نوێ و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای نەینەوا، هەروەها نۆژەنكردنەوەی رێگەوبانەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر بە هاووڵاتیان و گوندەكانی سنووری  پارێزگای نەینەوا بە گشتی. بەتایبەتی گرنگیدان بە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەكان بۆ راكێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
وتیشی: ئومێدێكی زۆرم هەیە بە سەركەوتنی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ هەیە، بەرەوپیرەوەچوونی باشیش دەبینم لەلایەن دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەواوە، بەوەی ئامادەیی باش هەیە بۆ دەنگدان بە لیستەكەمان، هەروەها لەلایەن هاووڵاتیان و خەڵكی شارەزا و پسپۆری شارەكەمانەوە پشتگیریم  لێدەكەن، بە هیوای سەركەوتنمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەمەستی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و ساڕێژكردنەوەی ئەو ئازارانەی كە بەدرێژایی ساڵانی رابڕدوو بینییان.

نەهێشتنی گەندەڵی و رۆتین بەرنامەی هاوپەیمانییەكەمانە
هەر لەو رووەشەوە قائد شنگالی كاندیدی ژمارە ٤٢ لەسەر لیستی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ راگەیاند: بەرنامەی لیستی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤، چواردە خاڵی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت، كە هەموویان خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتیانی شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا و دەڤەری شنگال دەكەن، كە پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیانی پارێزگاكەوە هەیە. هەروەها چەكدارانی داعش دوای داگیركردنی موسڵ هەوڵی دابەشكردنی پێكهاتەكانیان داوە كە جۆرێك لە جیاوازیی دروستكردووە. گەڕانەوەی ئاوارەكان بەرەو موسڵ خاڵێكی سەرەكیی لیستی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤ ەو كاری جددیش لەو بارەیەوە دەكرێت.
وتیشی: نەهێشتنی گەندەڵی و رۆتین بەرنامەی هاوپەیمانییەكەمانە، داڕشتنەوەی هەیكەلی ئیداریی و دابەشكردنی پلە و پۆست لە نەینەوا بە میكانیزمێك كە بەشدارییكردنی هەموو لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی پارێزگاكە بەشێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە لەخۆبگرێت و دووربێت لە قۆرخكاری. هەروەها بەدرێژایی مێژوویی ساڵی 1975 تا 2014 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاروانێكی شەهیدانی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەخشیووە و بە خوێن بەرگریی لەم شارە كردووە. بۆیە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی نەینەوا بەگشتی و موسڵ و خەڵكی شنگال بەتایبەتی لە رۆژی هەڵبژاردندا بەرگریی لێدەكەن. هەروەها من وەك كاندیدێكی شنگالی لە لیستی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤، كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەی شنگال و گەیاندنی دەنگی ئێزدییە ستەملێكراوەکان دەکەم بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و پێشتریش لەم بوارەدا كارم كردووە، هیوادارین هاووڵاتیانی ستەملێكراوی پارێزگای نەینەوا دەنگ بە لیستی لیستی هاوپەیمانیی اتحاد اهل نینوی ١٣٤بدەن، چونكە كاندیدەكان شارەزان وخاوەن ئەزموونی ئیدارین ودەتوانن ببنە داكۆكیكاری راستەقینەی مافەكانیان.

#هەڵبژاردن #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان