ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: بۆ داهاتووی كەركوك و پرسی هەڵبژاردن لە شارەكەدا، خۆمان سەرقاڵی چەلەحانێی حزبی ناكەین و وەك پرسێكی نیشتمانی و دیموكراسی لە هەڵبژاردنی كەركوك دەڕوانین.
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: «سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە دێنە ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە»، وتیشی: «بۆ هەڵبژاردن كە پرسێكی نەتەوەییە، خۆمان سەرقاڵی چەلەحانێی حزبی ناكەین و پێمانوایە سەنگەری كوردایەتی و هاوپەیمانی لە كەركوك سەنگەرێكی پتەوە و ئێمەی كەركوكی وەك ململانێیەكی حزبی لە هەڵبژاردنی داهاتووی كەركوك ناڕوانین، بەڵكو بە پێچەوانەوە وەك ململانێیەكی دیموكراسی و نیشتمانی سەیری دەكەین».
ستران عەبدوڵڵا، تەئكیددەكاتەوە كە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت بۆ داهاتووی کەرکوک پارێزگارێكی كورد شارەكە بەڕێوەبەرێت و وەك یەك سەیری سەرجەم پێكهاتەكان بكات، هەروەها خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەموو كوچە و كۆڵان و گوند و قەزا و ناحیەیەكی پارێزگاکە».
PUKMEDIA